بایدن باری نائاسایی نیشتمانیی تایبەت بە عێراق درێژ دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیەکدا کۆنگرێسی وڵاتەکەی ئاگادار دەکاتەوە کە بڕیاریداوە باری نائاسایی نیشتمانیی پەیوەست بە عێراق درێژبکاتەوە، چونکە پێی وایە دۆخی نێوخۆی عێراق هێشتا سەقامگیر نەبووە، بەڵکو "هەڕەشەیەکی نائاسایی و گەورەیە بۆ سەر ئاساییشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا." 
 
لە نامەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی ئایاری 2023،  لەلایەن کۆشکی سپی بڵاوکراوەتەوە، جۆ بایدن دەڵێت، "هێشتا ژمارەیەک بەربەست لە بەردەم ئاوەدانکردنەوەی عێراق بەشێوەیەکی رێکخراو، گەڕاندنەوە و پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە وڵاتەکە، گەشەی دامەزراوە سیاسی، کارگێڕی و ئابوورییەکانی عێراق" هەن و ئەو بەربەستانە "هەڕەشەیەکی نائاسایی و گەورەن بۆ سەر ئاساییشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا؛ بۆیە بڕیارم داوە ئەو بارە نائاساییەی بە فەرمانی جێبەجێکاریی 13303 پەیوەست بە سەقامگیرکردنی عێراق راگەیێندرابوو، درێژ بکەمەوە."
 
بەردەوامبوونی ئەو بارە نائاساییە سەرۆکی ئەمریکا دەستکراوەتر دەکات و رێگەی پێ دەدات هەنگاوی زیاتر لە عێراق بنێت، لەوانەش، بەکارهێنانی ژمارەیەک هێزی تایبەت بە باری لەناکاو، جێگیرکردنی هێزی سەربازیی زیاتر، سەپاندنی سزای ئابووری، هەڵپەساردنی ژمارەیەک یاسا و رێکاری دیاریکراو، یان هەر هەنگاوێکی دیکە "بۆ پاراستنی ئاساییشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا" لە عێراق. 
بیست ساڵ لەمەوبەر، دوای هێرشکردنە سەر عێراق و روخاندنی دەسەڵاتی بەعس، ئەم بارە نائاساییە لە 22ی ئایاری 2003 بە فەرمانێکی جێبەجێکاری جۆرج بووشی کوڕ راگەیێندرا. 
 
وەکو بایدن لە نامەکەیدا بۆ کۆنگرێس دەڵێت، بۆ ئەوەی بارە نائاساییەکە بەردەوام بێت، پێویستە ساڵانە لە 90 رۆژی پێش ساڵڕۆژی واژۆکردنی فەرمانەکەدا، سەرۆکی ئەمریکا تۆماری فیدراڵی و کۆنگرێس لە درێژکردنەوەکەی ئاگاداربکاتەوە. 
20 ساڵ دوای هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، وڵاتەکە لە دۆخێکدا نییە کە هیوای پێ بخوازرێت. 
 
ئەمریکا و بەریتانیا، بە گوتەی خۆیان دەیانویست عێراقێکی ئازاد و دیموکراسی دروستبکەن، بەڵام دوایین راپۆرتی رێکخراوی فریدم هاوسی ئەمریکی کە تێیدا هەڵسەنگاندنی بۆ رەوشی عێراق لە ساڵی 2022 کردووە، دەڵێت، عێراق نە وڵاتێکی ئازادە و نە دیموکراسی، بەو پێیەی لە رووی مافە سیاسییەکان نمرەکەی 16 لەسەر 40 و لە رووی مافە مەدەنییەکانیش 13 لەسەر 60ـە. 
 
لە پێنوێنی بەختەوەریی رێکخراوی گاڵۆپی ئەمریکیشدا، لە سەر ئاستی 137 وڵات، عێراق لە پلەی 98ـەمیندا دێت، ئەمەش جێگەی سەرسوڕمان نییە، بەو پێیەی ئامارەکانی ساڵی 2022ی بانکی جیهانی دەریدەخەن 16.2٪ـی خەڵکی عێراق بێکارن. هەر بە گوێرەی بانکی جیهانی، 38٪ـی خەڵکی عێراق لە دوای رووخانی بەعس لە دایکبوون.  
 
لیستی شەفافیەتی نێودەوڵەتیش بۆ ئەمساڵ، ئاشکرای دەکات، عێراق 23ـەمین گەندەڵترین وڵاتی جیهانە. وەزارەتی پلاندانانی وڵاتەکەش نایشارێتەوە، 25٪ـی دانیشتووانی لە ژێر هێڵی هەژاریدان.