ماکرۆن و لوپێن ناکۆکییان لەسەر قەدەخەکردنی سەرپۆش هەیە

رووداو - هەولێر
 
ماری لوپێن، بەربژێری راستڕەو، بۆ دەنگکۆکردنەوە، چووەتە شاری پێرتوی لە باشووری رۆژهەڵاتی فەرەنسا. بەڵام بەهۆی بەرنامەکەی کە دژی کۆچبەران و موسڵمانانە، گرووپێک ناڕەزایەتی دژی دەردەبڕن. 
 
لوپێن بەڵێنی داوە سەرپۆش و پەچە لە ژنانی موسڵمان قەدەخە بکات، بەڵام لوپێن لەنێو قەرەباڵخییەکدا لە لایەن ژنێکی موسڵمانی باڵاپۆشەوە رووبەڕووی پرسیار دەبێتەوە.
 
لوپێن بە ژنەکە دەڵێت، لە ژمارەیەک ناوچە ژنان پەراوێزدەخرێن؛ ئەویش دەڵێت "ئەوە راست نییە" و دەشڵێت باوکی 15 ساڵ لە سوپای فەرەنسادا خزمەتیکردووە. بەربژێرەکە هیچی دیکە ناڵێت و شوێنەکە جێدەهێڵێت. 
 
ئەم ژنەش دەڵێت لوپێن "رەگەزپەرست و فاشیستە". بەڵام لوپێن بەرگری لە خۆی دەکات. 
 
ماری لوپێن، بەربژێری پۆستی سەرۆکایەتیی فەرەنسا گوتی "پڕۆژەکەم بە هیچ شێوەیەک تووندڕەوانە نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی تاوەکو بڵێی لە جێگەی خۆیدایەتی. پڕۆژەیەکە دیموکراسیی زیاتر بە وڵاتەکەمان دەبەخشێت."
 
ماکرۆن کە هەوڵدەدات پشتیوانی پێنج ملیۆن موسڵمانی فەرەنسا بۆ دەنگدانەکەی 24ی ئەم مانگە بەدەستبهێنێت، دژی قەدەخەکردنی سەرپۆشە. 
پێیوایە ئەگەر سەرپۆش قەدەخەبکرێت، ئەوا پێویستە خاچ و سیمبوولی ئایینەکانی دیکەش قەدەخەبکرێن. 
 
ژۆن کاستێکس، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا لە دوورگەی ریونیون بانگەشە بۆ ماکرۆن دەکات؛ هۆشداری بە خەڵکەکە دەدات لە ئەگەری سەرکەوتنی لوپێن لە هەڵبژاردنەکەدا. 
 
ژۆن کاستێکس، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا دەڵێت "ئێمە رووبەڕووی پاشەکشە و مەترسی دەبینەوە، رەنگە تەنانەت تووشی ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتیش ببینەوە."
 
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردندا، 69٪ی دەنگدەرە موسڵمانەکان دەنگیان بە ژان میلانشۆن دا کە لە دوای ماکرۆن و لوپێن، لە پلەی سێیەم هات. 
میلانشۆن داوای لە دەنگدەرەکانی کردووە دەنگ بە لوپێن نەدەن. 
 
هاوکات مزگەوتی گەورەی پاریس و گردبوونەوەی موسڵمانانی فەرەنساش، داوایان لە موسڵمانان کردووە، دەنگ بە ماکرۆن بدەن.