دوایین راپرسی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا: ترەمپ لەپێش بایدنەوەیە

 
رووداو - واشنتن

هەرچەندە هێشتا پارتی کۆماری و دیموکراتەکانی ئەمریکا بە فەرمی بەربژێرەکانیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەیان پەسند نەکردووە، بەڵام ئەوە یەکلابووەتەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوو لە کۆمارییەکان و جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستا لە دیموکراتەکان بەربژێری سەرەکیی ئەم هەڵبژاردنە دەبن، کە بڕیارە لە 5ی تشرینی دووەمی 2024 بەڕێوەبچێت.
 
بەربژێرەکان هەمان ئەو دوو بەربژێرەن کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2020 رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و بۆ خەڵکیش تەواو ناسراون.
 
ئێرن یێڵسن، بەڵێندەر دەڵێت، "پێموایە و لەڕاستیشدا هەڵبژاردنەکە هاوشێوەی پێشووە، هەمان کەسەکان خۆیان بەربژێر کردووەتەوە، ئەمەش خراپە، بەڵام پێموایە ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا زۆر جێی مشتومڕ هەڵگرە، ئەوەیە کە خەڵک باوەڕێکی بەهێزتری بۆ بەربژێرەکان هەیە بەراورد بە جاری پێشووتر."
 
تەمەنی دۆناڵد ترەمپ 77 ساڵە و جۆ بایدنیش 81 ساڵە، هەر ئەمەش وایکردووە یەکێک لەو مژارانەی لەنێو خەڵک زۆر باسی لێوەبکرێت، بەتەمەنیی ئەو دوو بەربژێرەیە، کە بەشێک لە ئەمریکییەکان بۆچوونیان وایە هەردووکیان، بەتایبەتیش جۆ بایدن، تەمەنیان زۆرە و پێویست بوو ئەم دەرفەتە بدەنە کەسانی گەنجتر و خۆیان بەربژێر نەکەنەوە، چونکە هەڵکشانی تەمەنیان کاریگەریی لەسەر کارەکانیان لە کۆشکی سپی دەبێت.
 
لیندزی ریسینگ، فەرمانبەری حکومەت دەڵێت، "بەڵێ، هیچ یەکێک لە بەربژێرەکانم بەدڵ نییە و بۆ دەنگدەران بێهیواکەرن، هەر شتێک بایدن دەیکات بە تەواوەتی نایکات، هەروەها بێگومان ترەمپیش خراپترینی ئەمریکایە، بێهیواکەرە و بژاردەی باش نییە، دەمەوێت بڵێم: پێویستمان بە بەربژێری باشترە."
 
لە بەشێکی زۆری ئەو راپرسییانەی لەم دواییەدا کراون، دۆناڵد ترەمپ لەپێش جۆ بایدنە، بە جۆرێک کە بەپێی دوایین راپرسیی زانکۆی سەفۆڵک و دامەزراوەی یو ئێس تودەی، ئاستی دەنگدەرانی دۆناڵد ترەمپ 40% و جۆ بایدنیش 38%ن؛ بەڵام لەنێو شەقام ئەو خەڵکانە کەم نین کە ترسیان لە گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپە، بەتایبەتیش بەهۆی کەیسەکانی لە دادگە، کارەکانی لە ماوەی سەرۆکایەتی و ئەو گوتارانەش لەم دواییەدا لە کەمپەینی هەڵبژاردن پێشکێشیان دەکات.
 
جۆن ئاڵن، خانەنشین ئاماژە بەوە دەکات، "هەموو ئەوەی پێویستە بیکەیت ئەوەیە گوێ لەوە بگریت کە ترەمپ ساڵی رابردوو چی گوتووە، هاوکات پێشینەی کارەکانی و ئەوەی دەیەوێت بیکات شتێکی مەترسیدار دەبێت ئەگەر رێگەی بدەین بگەڕێتەوە سەرۆکایەتی، خراپتر دەبێت لە خوولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی."
 
ئەنجامی راپرسییەکان لەبارەی هەڵبژاردنی ئەم ساڵ بەردەوام لە گۆڕانکاریدان و هیچ بەربژێرێک تەواو دڵنیا نییە لە بوونەوەی بە سەرۆک. هەروەها، هەرچەندە دەنگدەرانیش ئاشنان بە سیاسەت و بیرکردنەوەی هەردوو بەربژێرەکە، بەڵام هێشتا ئەو دەنگدەرانەش زۆرن کە چاوەڕێی دیبەیتی نێوانیان و ئەو گوتارانەش دەکەن کە لە داهاتوودا لە کەمپەینەکانی هەڵبژاردن پێشکێشیان دەکەن.
 
کێبڕکێی نێوان سەرۆکی ئێستا و سەرۆکی پێشوو بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا، یەکەمین جارە لەدوای ساڵی 1892ەوە لە مێژووی ئەمریکادا دووبارە ببێتەوە، واتە ژینگەی هەڵبژاردنەکە هەمان ژینگەی هەڵبژاردنی 2020ـە، ئەوەی گۆڕاوە تەنیا هەبوونی دوو بەربژێرە کە کۆشکی سپییان تاقیکردووەتەوە و خەڵک باشتر دەیانناسن و دەزانن بۆچی دەنگ بە کام لەو دوو بەربژێرە دەدەن.