بایدن لە گوتاری ماڵئاواییدا: خەریکە کەمینەیەک حوکمی ئەمریکا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
جۆ بایدن وەکو 46ـەمین سەرۆکی ئەمریکا گوتاری ماڵئاوایی پێشکێش کرد و تێیدا هۆشداریدا لەوەی کە "خەریکە حوکمی کەمینە لە ئەمریکا سەرهەڵدەدات". هەروەها باسی لە پرسی گۆڕانی کەشوهەوا و پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد کرد.
رۆژی پێنجشەممە، 16ـی کانوونی دووەمی 2025، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی دوای گوتاری خۆی وەکو سەرۆکی ئەمریکا پێشکێش کرد لە 18 خولەکدا تیشکی خستە سەر بەشێک لە کارەکانی ئیدارەکەی.
بایدن لە گوتارەکەیدا هۆشداریدا لەوەی کە خەریکە "حوکمی کەمینە" لە وڵاتەکەی دەستپێدەکات و گوتی، "ئەمڕۆ، حوکمی کەمینەی دەوڵەمەند، هێز و کاریگەریی خەریکە سەرهەڵدەدات، کە بەڕاستی هەڕەشە لە تەواوی دیموکراسی، مافە سەرەتاییەکان و ئازادیمان دەکات."
هەروەها بایدن هۆشداریشیدا لەوەی کە "چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دەستی چەند کەسێکی زۆر دەوڵەمەند دەرئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت."
"ئاگربەست لەلایەن ئیدارەکەمەوە راگەیێندرا"
بایدن ئاگربەستی غەززەی وەکو دەستکەوت بۆ ئیدارەکەی باس کرد و هەر لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لە راگەیاندنی ئاگربەستەکە کرد.
سەرۆکە 82 ساڵییەکەی ئەمریکا لەبارەی ئاگربەستی غەززە گوتی، "دوای هەشت مانگ گفتوگۆی بەردەوام، لەلایەن ئیدارەکەمەوە ئاگربەستێک، رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لەنێوان ئیسرائیل و حەماس راگەیێندرا. ئەو پلانە لەلایەن تیمەکەوە پەرەی پێدرا و گفتوگۆی لەسەر کرا، هەروەها بەشێوەیەکی فراوانتر لەلایەن ئیدارەی داهاتووەوە جێبەجێ دەکرێت."
شەوی چوارشەممە 15-01-2025 محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر رایگەیاند، ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەستی غەززە رێککەوتن و رۆژی یەکشەممە 19-010-2025 ئاگربەست دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
سەرۆکوەزیرانی قەتەر گوتی: "هەردوو لایەنی شەڕکەر لە کەرتی غەززە لەسەر ئاڵوگۆڕی دیل و بارمتەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن، نێوەندگیرەکان ئاگربەست رادەگەیێنن و هیوادارن هەردوولا بگەنە ئاگربەستێکی هەمیشەیی."
هەر دوای راگەیاندنی ئاگربەستەکە بایدن لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "من پێشنیازی ئەم ئاگربەستەم کرد و وڵاتانی جیهانیش پشتیوانییان کرد."
"ئەمریکا دەبێت لە ژیریی دەستکرد پێشەنگ بێت"
هەر لە گوتارەکەیدا بایدن باسی لە مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد کرد باسی لەوەکرد کە "ئەمریکا دەبێت لە پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد پێشەنگی جیهان بێت."
جۆ بایدن لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەی جەختیکردەوە، کە دەبێت ژیریی دەستکرد بەشێوەیەکی "ئیتیکی" بەرەوپێشەوە ببرێت و بەکاربهێندرێت و گوتی، "ئێمە دەبێت هاوسەنگی لە نێوان داهێنان و بەرپرسیارێتی بپارێزین. هەروەها دەبێت ژیریی دەستکرد بە رێسا و یاسای روون ئاراستە بکرێت کە ببێتە هۆی پاراستنی هاووڵاتییانمان، کارەکانمان و بەهاکانمان."
بایدن کە تاوەکو 20ـی ئەم مانگە لە دەسەڵات دەمێنێتەوە داوای لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی کرد یاسایەکی تایبەت بە ژیریی دەستکرد دەربکات.
"داهاتووی ژیریی دەستکرد لەنێو دەستەکانماندایە و دەبێت بە ژیرانە بۆ سوودگەیاندن بە هەموو ئەمریکییەکان بەکاریبهێنین." بایدن وای گوت.