"ژن، ژیان، ئازادی" لەسەر تاوەری ئیفل پێشاندەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە، چالاکڤانان لە بەردەم پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بۆ پشتیوانیکردن لە خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گردبوونەوە، لە کاتێکدا کە ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی بۆ ماوەی دوو رۆژ بۆ رێزگرتن لە گیانی ژینا ئەمینی و پشتیوانیکردنی خۆپێشاندانەکان، ژمارەیەک درووشم لەسەر تاوەری ئیفل لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا پێشاندران.
گردبوونەوەی بەردەم پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا دوای ئەوە دێت کە زیاتر لە 100 ئەندام پەرلەمان نامەیەکیان واژۆکرد و تێیدا داوایان لە یەکێتیی ئەوروپا کرد هەڵوێستێکی تووندتر دژی ئێران بگرێتەبەر.
بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپادا، باس لە کاردانەوەی یەکێتییەکە بەرامبەر خۆپێشاندانەکان و لە سێدارەدانەکانی ئێران بکرێت. هەروەها رۆژی پێنجشەممە لەو بارەیەوە بڕیارێکی نا ئیلزامی لە پەرلەمانە ئەوروپییەکەوە دەردەکرێت.
هاوکات شارەوانیی پاریس لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و هاشتاگی "#لەسێدارەدانەکانی_ئێران_بوەستێنن" رۆژانی دووشەممە و سێشەممە لەسەر تاوەری ئیفل پێشاندەدرێن، ئەوەش بە بۆنەی تێپەڕینی چوار مانگ بەسەر گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە 16 ئەیلوولی ساڵی رابردوو، 3 رۆژ دوای دەستگیرکردنی لە لایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە بە تۆمەتی نەبەستنی سەرپۆشەکەی بە "گونجاوی"، لە کاتی دەستبەسەربووندا گیانی لەدەستدا کە بە گوتەی باوکی، بەهۆی لێدانیەوە بووە لە لایەن پۆلیسەوە.
بڕیارە ئان هیدالگۆ، سەرۆکشارەوانیی پاریس و جێگر و یاریدەدەرەکانی، بۆ نیشاندانی پشتیوانی بچنە تاوەری ئیڤل. تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، پاریس ژینا ئەمینیی بە هاووڵاتیی شانازیی (فەخری) خۆی راگەیاند.
لە نامەی ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپیدا بۆ جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپادا، داواکراوە کە یەکێتیی ئەوروپا سوپای پاسدارانی ئێران "وەکو رێکخراوێکی تیرۆریستی دابنێت."
سوپای پاسداران لە ساڵی 2019 لە ماوەی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا لە ئەمریکا بە رێکخراوێکی تیرۆریستی دانرا.