ئاگر لە خانەیەکی بەساڵاچووان لە ئیسپانیا کەوتەوە و 10 کەس گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی ئیسپانیا رایانگەیاند لە شارۆچکەیەکی باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە ئاگر لە خانەیەکی بەساڵاچووان کەوتەوە و لانیکەم 10 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
رۆژی هەینی 15ی تشرینی دووەمی 2024 حکومەتی هەرێمی ئەرەگۆنی ئیسپانیا رایگەیاند، ئاگرەکە لە خانەیەکی بەساڵاچووانی شارۆچکەی ڤیلافرانکای سەر بە شاری زەرەگۆزای باکووری رۆژهەڵاتی ئیسپانیا کەوتووەتەوە.
 
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئیسپانیا، ژمارەی ئەو کەسانەیان رانەگەیاندووە کە لە رووداوەکە بریندار بوون، بەڵام میدیا نێوخۆییەکانی ئیسپانیا ئاماژە بە برینداربوونی دوو کەس دەکەن؛ هەروەها ژمارەیەکیشیان تووشی هەناسەتەنگی بوون.
 
بە گوتەی بەرپرسانی ئەرەگۆن، ئاگرەکە کاژێر 05:00 بە کاتی ئیسپانیا [کاژێر 03:00 بە کاتی هەولێر] کەوتووەتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە دوو کاژێر کۆنترۆڵیان کردووە.
 
بە ستافی بەڕێوەبەرانی خانەکە و ئەو بەساڵاچووانەشی لە خانەکە ماونەتەوە 82 کەسی لێبووە.