وادەی هێرشی زەوینی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە نزیک دەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وادەی هێرشی زەوینیی چاوەڕوانکراوی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە نزیکدەبێتەوە و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سەردانی سەربازەکانی لە سنووری باشووری ئەو وڵاتە دەکات و تاوەکو دڵنیا ببێتەوە لە ئامادە باشییان.
سوپای ئیسرائیل داوای لە یەک ملیۆن و 100 هەزار دانیشتووی باکووری کەرتی غەززە کردبوو، پێش کاژێر 04:00ـی ئێوارەی رۆژی شەممە، ماڵەکانیان چۆڵبکەن و رووبکەن لە باشووری کەرتەکە بۆ ئەمەش دوو رێگەی دیاری کردبوو، بەڵام خەڵکی سڤیل لەسەر ئەو دوو رێگەیەش سەلامەت نەبوون.
لە کاتی رۆیشتنی کاروانی خەڵکی سڤیلی فەلەستین بەرەو باشووری کەرتی غەززە، بە هەمان ئەو دوو رێگەیەی بۆیان دیاریکرابوو، بەڵام لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردوومان کرا، بە گوتەی وەزارەتی دەرەوەی فەلەستینیش، لەو بۆردوومانەدا 12 کەس کوژراون کە ژن و منداڵ بوون.
لەبارەی رووداوەکەوە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل هاتەدەنگ و راگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.
بەگوێرەی ئامارەکان، زۆرینەی ئەوانەی لە ئەنجامی هێرشەکانی حەماس و ئیسرائیل بۆ سەر یەکدی، کوژراون، خەڵکی سڤیلن. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وەکو هەوڵێکی دیپلۆماسی بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی شەڕەکە، سەردانی شەش وڵاتی رۆژهەڵاتیی نێوەراستی کرد، لە سعوودییەوە داوای کرد نابێت خەڵکی سڤیل بکرێنە ئامانج.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دەڵێت، "لە کاتێکدا ئیسرائیل مافی رەوای بەرگریکردن لە خەڵکەکەی جێبەجێدەکات و هەوڵدەدات کە ئەمە هەرگیز روونەداتەوە، زۆر گرنگە کە هەموومان چاومان لە خەڵکی سڤیل بێت، هەر لەو پێناوەشدا ئێمە پێکەوە کاردەکەین، بە دیاریکراوی بۆ دروستکردنی ناوچەی سەلامەت لە غەززە و کردنەوەی رێڕەوێک بۆ ئەوەی یارمەتیی مرۆیی بگاتە ئەو خەڵکەی کە پێویستی پێیەتی."
تاوەکو ئێستا، تۆپ و مووشەکەکانی حەماسیش بۆ سەر ئیسرائیل نەوەستاون، تەنانەت ئیسماعیل هەنییە، سەرکردەی حەماس، داوای لە خەڵکی غەززە کرد، ماڵەکانیان چۆڵ نەکەن. سوپای ئیسرائیلیش چەکدارانی حەماسی بەوە تۆمەتبار کرد کە رێگری لە چوونەدەرەوەی خەڵکی غەززە دەکەن.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیلیش، دوای ئەوەی کە دانی بەوەدانا هەواڵگریی وڵاتەکەی سەرکەوتوو نەبووە لە هەستپێکردنی هێرشەکەی حەماس، گوتی هیچ دانوستاندنێکیان لەگەڵ حەماسدا نییە و شەڕ بەردەوام دەبێت.
تساحی هانگبی، راوێژکاری ئاساییشی نیشتمانیی ئیسرائیل، گوتی، "ئامانجمان ئەوەیە دۆخێک دروست بکەین کە چیدیکە حەماس توانای جموجوڵی وای نەبێت بتوانێت لە کەرتی غەززەوە هەڕەشەمان لێبکات."