سەرۆکی ئەفریقای باشوور لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە: نزیکە لە جینۆساید

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەفریقای باشوور هاوسۆزیی خۆی بۆ گەلی فەلەستین دەربڕی و ئامادەیی وڵاتەکەی پێشاندا بۆ نێوەندگیری بۆئەوەی کۆتایی بە شەڕی غەززە و ئیسرائیل بهێندرێت.
 
سیریل رامافۆزا، سەرۆکی ئەفریقای باشوور رایگەیاند، داواکردنی ئیسرائیل لە 1.1 ملیۆن دانیشتووی باکووری غەززە بەوەی دەبێت ماڵەکانیان جێبهێڵن، نزیک دەبێت لەوەی ببێتە هۆی "جینۆساید."
 
سەرۆکی ئەو وڵاتە ئەفریقییە ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە فەلەستین ئاشتی دزراوە. پێویستە ئیسرائیل لە فەرمانی خۆی بۆ چۆڵکردنی بەشی باکووری غەززە پاشەکشە بکات، چونکە لە کۆتاییدا نزیک دەبێت لەوەی ببێتە هۆی جینۆساید. لە کاتێکدا ئێمە لێرە قسە دەکەین، ژمارەیەکی زۆری خەڵک دەمرن."
 
رامافۆزا هەروەها باسی لەوە کرد، وڵاتەکەی لە هاوئاهەنگیدایە بۆئەوەی ئەو هاووڵاتییانەی لە ئیسرائیل و فەلەستین گیریان خواردووە، بگەڕێندرێنەوە بۆ ئەفریقای باشوور.
 
لە رۆژی 7ی ئەم مانگەوە چەکدارانی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"یان لە دژی ئیسرائیل راگەیاند و توانییان دیواری نێوان کەرتی غەززە و ئیسرائیل ببڕن، لە بەرامبەردا ئیسرائیل بە ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنین" وەڵامی حەماسی دایەوە و لەوکاتەوە غەززە لەژێر بۆردوومانی چڕی فڕۆکە و تۆپخانەکانی ئیسرائیلدایە.
 
ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشێکی فراوانی زەوینی بۆسەر کەرتی غەززە ئامادە کردووە، داوای لە زیاتر لە یەک ملیۆن دانیشتووی کەرتەکە کردووە، ماڵەکانیان چۆڵ بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا گەمارۆیەکی تووندی خستووەتە سەر دانیشتووانی کەمپەکە، نان و ئاو و سووتەمەنیی لێ بڕیون.