لە رۆژی نێودەوڵەتیی دیموکراسیدا داوا دەکرێت ژیریی دەستکرد وەک ئامرازێک بۆ 'حکومڕانیی باش' بەکاربهێنرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ 15ی ئەیلوول رۆژی نێودەوڵەتیی دیموکراسییە. ساڵانە بە بۆنەی ئەم رۆژەوە، سەرکردەکانی جیهان جەخت لە پاراستنی دیموکراسی و هەڵگرتنی بەربەستەکانی بەردەمی دەکەن.
ئەم ساڵ، سەرنجی رۆژی نێودەوڵەتیی دیموکراسی لەسەر بەکارهێنانی ژیریی دەستکردە وەک ئامرازێک بۆ حکومڕانیی باش، لە کاتێکدا تەکنەلۆجیاکە لە گەشەکردنێکی خێرادایە و ژمارەیەک دەرفەت و مەترسیی بۆ دیموکراسی هەڵدەگرێت.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکدا بەو بۆنەیەوە دەڵێت: "رۆژی نێودەوڵەتیی دیموکراسی دەرفەتێکە بۆ جەختکردنەوە لە گرنگیی پاراستنی ئازادیی رادەربڕین، ئازادییە مەدەنییەکان و سەروەریی یاسا بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لە هەبوونی دامەزراوەی خاوەن بەرپرسیارێتی و پاراستن و پەرەپێدانی مافەکانی مرۆڤ."
لە بارەی ژیریی دەستکردەوە، گوتێرێز دەڵێت: "ئەگەر ژیریی دەستکرد رێکنەخرێت، دەکرێت مەترسییەکانی لێکەوتەی گەورەیان هەبێت بۆ دیموکراسی، ئاشتی و سەقامگیری."
ژیریی دەستکرد لە دوای وەشانی چاتبۆتی ChatGPT لە لایەن کۆمپانیای OpenAIی ئەمریکی لە کۆتایی ساڵی 2022، بازدانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی، بە جۆرێک کە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دیکەی تەکنەلۆجیای جیهان کەوتنە رکابەری لەسەر دروستکردنی چاتبۆتی هاوشێوە، کە لە توانایاندایە پرسیاری ئاڵۆز وەڵامبدەنەوە، وەک مرۆڤ یان باشتر لەسەر هەموو بابەتێک بنووسن، هەروەها هەندێکیان دەتوانن و دەنگ، وێنە و ڤیدیۆی نزیک لە راستەقینە بەرهەمبێنن.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێی وایە، مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد "دەکرێت لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە و هەڵخەلەتێنەر، بڵاوکردنەوەی رق و کینە و بەکارهێنانی دیپفەیکەوە دەستپێبکات."
مەبەست لە دیپفەیک ساختەکردنی دەنگ، وێنە و ڤیدیۆیە کە ناسینەوەیان پێویستی بە شارەزایی هەیە.
هۆشدارییەکەی گوتێرێز لە کاتێکدایە کە ئەم ساڵ لە زیاتر لە 50 وڵات کە نیوەی دانیشتووانی جیهان پێکدێنن، هەڵبژاردن دەکرێت و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و دەستەمۆکردنی رای گشتی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، یەکێکە لە نیگەرانییەکان.
بەڵام سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، کە دەکرێت تەکنەلۆجیاکە بۆ پەرەدان بە "یەکسانی، ئاسایش و گەشەی مرۆیی" بەکاربهێنرێت، دەشڵێت: "دەتوانێت پەروەردە و پڕۆسەی دیموکراتی بەهێزبکات."
بۆ سوودبینین لە دەرفەتەکانی ژیریی دەستکرد، گوتێرێز دەڵێت: "گرنگە دڵنیابینەوە بەرێوەبردنی ژیریی دەستکرد لە هەموو ئاستێکدا باش بەڕێوەببردرێت،" دەشڵێت: "پێویستە ژیریی دەستکرد بە شێوەیەکی یەکسان و سەلامەت خزمەت بە مرۆڤایەتی بکات."