ئۆکراینا و رووسیا هەردووکیان بانگەشەی پێشڕەوی لە هەرێمی کورسک دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئۆکراینا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، پێشڕەوی زیاتری لە نێو هەرێمی کورسکی رووسیا دا کردووە. رووسیاش رایگەیاند، گوندێکی هەرێمەکەی لە دەستی هێزەکانی ئۆکراینا دەرهێناوە. 
 
بە گوتەی بەرپرسانی ئۆکراینی، تاوەکو ئێستا هێزەکانی ئەو وڵاتە زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر دووجای رووبەری خاکی رووسیایان لەو هەرێمەدا کۆنترۆڵکردووە، کە ئەوە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە بە گەورەترین هێرشی سوپایەکی بیانی بۆ سەر خاکی رووسیا دادەنرێت. 
 
رووسیا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، هێزی زیاتر دەنێرێتە هەرێمی بێلگۆرۆدی هاوسنووری هەرێمی کورسک.  
 
ئۆکراینا دەڵێ، دەیان گوند و شارۆچکەی سودژەی هەرێمی کورسکی کۆنترۆڵکردووە. ئۆلێکساندەر سیرسکی، فەرماندەی سوپای ئۆکراینا گوتی: "هەزار و 150 کیلۆمەتر دووجا و 82 گوندمان کۆنترۆڵکردووە."
 
هێزەکانی ئۆکراینا لە 6ی ئاب دەستیان بە هێرشە سنووربڕەکەیان کرد و کۆتاییان بە زنجیرەیەک لە پاشەکشە و نسکۆی سوپای وڵاتەکەیان هێنا کە لە ماوەی دوو ساڵ و نیوە دژی لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر خاکەکەیان، بەرگری دەکەن. 
 
جەناراڵە سەربازییەکە بە ڤۆلۆدیمیر زیلیسنکی، سەرۆکی ئۆکراینای رایگەیاندووە کە سوپاکەیان ئیدارەیەکیان بۆ "پاراستنی یاسا و دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵکی ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان" پێکهێناوە. 
 
زیلینسکی "تەواوبوونی ئازادکردنی شارۆچکەی سودژە لە سوپای رووسیا" راگەیاند.