کۆریای باکوور دوای پێنج ساڵ جارێکی دیکە دەرگای لە بەردەم گەشتیاران دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی کۆمپانیاکانی بواری گەشتیاری، کۆریای باکوور بڕیاریداوە لە کانوونی یەکەمەوە دەرگای یەکێک لە شارەکانی بە رووی گەشتیارانی بیانیدا بکاتەوە، کە ماوەی نزیکەی پێنج ساڵە بەهۆی پەتای کۆرۆنا سنوورەکانی داخستبوون.
دوو کۆمپانیای چینی کە لە بواری گەشتیاریدا کاردەکەن رایگەیاند، گەشتیاران لە ماوەیەکی نزیکدا رێگەیان پێدەدرێت سەردانی شاری سامجیۆنی باکووری کۆریای باکوور بکەن.
وڵاتەکە لە سەرەتای پەتای کۆرۆناوە لە ساڵی 2020 سنوورەکانی داخست و نێوەڕاستی پار دەستی بە هەڵگرتنی بەشێک لە رێکارەکان کرد.
داخستنی سنوورەکە هەروەها بووە هۆی وەستانی پێداویستییە سەرەتاییەکان کە ئەوەش سەرینا بۆ کەمبوونەوەی خۆراک.
یەکێک لە کۆمپانیا گەشتیارییە چینییەکان پێشبینی دەکات لە ماوەیەکی نزیکدا رێگە بە گەشتیاران بدرێت سەردانی پیۆنگیانگیش بکەن. یەکێکی دیکەش باس لەوە دەکات کە رەنگە گەشتیاران بتوانن سەردانی شارەکانی دیکەش بکەن.
کۆریای باکوور لە ماوەی ئەم ساڵانەدا گەشەیەکی بەرچاوی بە شاری سامجیۆن داوە. کیم جونگ ئون، رێبەری ئەو وڵاتە تەممووزی ئەم ساڵ ژمارەیەک پلانی رایگەیاند، لە نێویاندا نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی شارەکە، گۆڕینی بنکەیەکی سەربازی بۆ شوێنێکی گەشتیاری، راکێشانی هێڵی شەمەندەفەر و دروستکردنی هۆتێلی نوێ بۆ گەشتیارانی بیانی.
کیم ئەو کات گوتی، ئامانج لە "بووژاندنەوەی گەشتیاریی نێودەوڵەتی" خزمەتکردنە بەوانەی لە وڵاتانی "دۆست"ـەوە سەردان دەکەن.
سامجیۆن دەکەوێتە دامێنی بەرزترین چیای کۆریای باکوور بە ناوی پایکتو کە دەکەوێتە سەر سنووری ئەو وڵاتە لەگەڵ چین و لە زستاندا زۆرترین کەس سەردانی دەکەن.
بە گوێرەی پیۆنگیانگ، چیاکە ئەو شوێنەیە کە کیم ئیل سەنگ، دامەزرێنەری کۆریای باکوور تێیدا رووبەڕووی هێزەکانی ژاپۆن بوونەوە و لەوێ شۆڕشی هەڵگیرساند. سونگ باپیری کیم جۆنگ ئونە. هەروەها پیۆنگیانگ دەڵێت، ئەو چیایە شوێنی لەدایکبوونی کیم جۆنگ ئیل، باوکی سەرۆکی ئێستایە.
میدیای کۆریای باکوور مانگی تەممووز رایگەیاند، سامجیۆن دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاریی چواروەرزە.
ئەو گەشتیارانەی توانیویانە لە سەرەتای ئەمساڵەوە سەردانی کۆریای باکوور بکەن، تەنیا ئەوانە بوون کە خەڵکی رووسیا بوون، وەک رەنگدانەوەیەکی پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و پیۆنگیانگ.
کۆریای باکوور رێگەی بە گەڕانەوەی هاووڵاتییەکانی خۆیشی نەدابوو کە دوای کۆرۆنا لە دەرەوە گیریانخواردبوو، تا ئابی پار.