بایدن و ترەمپ لەسەر یاساکانی یەکەمین دیبەیت رێکدەکەون
رووداو دیجیتاڵ
جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ لەسەر یاساکانی یەکەمین دیبەیتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رێککەوتوون.
5ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەکرێت. بایدن بەربژێری دیموکراتەکان و ترەمپیش بەربژێری کۆمارییەکانە.
وەک نەریتێک، بەربژێرانی سەرەکیی دەبێت سێ دیبەیت بکەن بۆ ئەوەی تێڕوانینی خۆیان لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵات لە نێوخۆ و دەرەوە بخەنەڕوو. ترەمپ و بایدن لەسەر دووانیان رێککەوتوون.
کاژێر 9:00ی شەوی 27ی حوزەیران بەکاتی واشنتن، کە دەکاتە کاژێر 4:00ی بەیانیی 28ی مانگ بەکاتی هەولێر، یەکەمین دیبەیتی ترەمپ و بایدن دەکرێت.
دوو پێشكێشکاری کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی دیبەیتەکە بەڕێوەدەبەن.
تیمەکانی بایدن و ترەمپ رێککەوتوون کە لە دیبەیتە 90 خوولەکییەکەدا، هەر کاتێک پێشكێشکارەکان ویستیان، مایکەکانیان لێ بکوژێننەوە، هەروەها هیچ جەماوەرێکیش لە نێو ستۆدیۆدا ئامادە نابێت.
کەناڵی سی ئێن ئێن رۆژی شەممە رایگەیاند: "هەردوو بەربژێر رازیبوون لەسەر سەکۆ دەرکەون، شوێنەکانیشیان لەسەر سەکۆیەکە، بە هەڵدانی دراوێکی کانزایی دیاریدەکرێت."
کەناڵەکە هەروەها باس لەوە دەکات، مایکرۆفۆنەکانیشیان "بە درێژایی دیبەیتەکە دەکوژێنرێنەوە، تەنیا ئەو کاتە نەبێت کە نۆرەی قسەکردنی بەربژێرێک دێت."
بەربژێرەکان ناتوانن هیچ شتێک لەگەڵ خۆیان ببەنە سەر سەکۆیەکە و تەنیا پێنووس و کاخەزێک و دەبە ئاوێکیان دەدەنێ.
دیبەیتەکە لە شاری ئەتلانتای ویلایەتی جۆرجیا دەبێت، 90 خولەک بەردەوامدەبێت و دوو ریکلامی تێدا دەبێت. لە کاتی ریکلامەکانیشدا بەربژێرەکان ناتوانن قسە لەگەڵ تیمەکانیان بکەن.
جەیک تاپەر و دەینا باش، پێشكێشکارانی سی ئێن ئێن "هەموو ئامرازێکی بەردەستیان بەکاردێنن بۆ ئەوەی پارێزگاری لە کات و گفتوگۆی ئاشتیانە بکەن."
دیبەیتی دووەمی نێوانیان لە 10ی ئەیلوول دەبێت و لە لایەن کەناڵی ئەی بی سییەوە پێشكێش دەکرێت.
دوایین دیبەیتی نێوانیان لە ساڵی 2020 بوو کە پڕبوو لە قسەی تووند و گرژی، بە جۆرێک کە بایدن جارێک بە ترەمپی گوت: "دەمت داخە کورە!" دوای ئەوەی کە ترەمپ چەندین جار قسەی پێ بڕی.