هونەرمەندێک کە دژی چەکە لە ئەمریکا: خەڵکی ئێمە چەکی زیاتریان لە دەستە وەک لە یەمەن
رووداو دیجیتاڵ
سوزان هونەرمەند و چالاکڤانێکی دژ بە تووندوتیژییەکانی چەکە لە ئەمریکا، چەند رۆژێکە خەریکی دروستکردنی کارێکی هونەرییە لە دووری چەند مەترێک لە کۆشکی سپی و کۆنگرێسی وڵاتەکەی.
ئامانجی ئەو هونەرمەندە لە کارەکەی، ئاگادارکردنەوەی حکومەت و کۆنگرێسە کە هەنگاوی جیدی بنێن بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک، چونکە تاوەکو دێت ژمارەی قوربانییانی تووندوتیژیی چەک لە ئەمریکا، زیاتر دەبن.
سوزان بە رووداوی گوت، "ئەو کارە هونەرییەم لێرە لە فریدەم پلازا داناوە، لێرە رێک لە شەقامی پەنسلڤانیا لە پایتەختی وڵاتەکەماندا، ئەمە داواکارییەکە بۆ هەبوونی یاسای زیاتری دژ بە چەک لە ئەمریکا، چونکە رۆژانە بە دەیان کەس بەهۆی تووندوتیژیی چەکەوە گیان لەدەستدەدەن، جا بە هەر جۆرێکی چەک بێت."
لە ئەمریکا چەکێکی زۆر هەن، ئەو هونەرمەندە چەند ئامارێکی خستەڕوو و گوتی، "یەکەمین وڵاتین زۆرترین کەس خاوەنی چەکی خۆی بێت، لە ئەمریکا دوو هێندەی یەمەن چەک لە دەستی خەڵکە، کە یەمەن بە دووەمین وڵات دێت لە بەربڵاویی چەک لەدەستی خەڵکدا."
دوای تەواوبوونی کارە هونەرییەکانی سوزان، رۆژێک دواتر، لە کەشێکی باراناویدا بە ئامادەبوونی کەسوکاری قوربانییانی چەک و چالاکڤانانی دژ بە تووندوتیژییەکانی چەک و ژمارەیەک ئەندامی کۆنگرێس، لەنێویاندا نانسی پیلۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، رێوڕەسمێکی تایبەت بەڕێوەچوو.
ئامادەبووان و ئەندامانی کۆنگرێس کە لەو رێوڕەسمە بەشداربوون، سەر بە پارتی دیموکراتی ئەمریکان و بۆچوونیان وایە، سەرباری ئەوەی دەستووری ئەمریکا مافی هەڵگرتنی چەکی بە خەڵکی ئەو وڵاتە داوە، بەڵام دەبێت یاساکانی دژی هەڵگرتنی چەک لە ئەمریکا تووند بکرێن و خەڵکیش دەنگ بدەن بەو لایەنەی کە پشتیوانی لە یاساکانی دژ بە چەک دەکەن.
جەیمی راسکین، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێت، "90%ی ئەمریکییەکان دەیانەوێت پشکنینی باکگراوند بکرێت بۆ چەک فرۆشتن، زۆربەی ئەمریکییەکان دەیانەوێت یاسای تووند بەرامبەر چەک بەکاربهێندرێت، واتە ئەفسەر و ئەندامانی خێزانەکان بتوانن راپۆرت لەو کەسانە بدەن کە مەترسیدارن و چەکیان پێیە، تاوەکو چەک بکرێن، لە کۆمەڵگە هاوڕاییەک هەیە، بەڵام کۆمەڵەی نیشتمانیی چەک رێگری لە هەوڵەکانی ئێمە دەکەن، بۆیەش ئێستا هەڵبژاردن هەیە و هەموو شتێک پەیوەستە بەم هەڵبژاردنەوە و بڕیاری لێ دەدرێت، لەنێویاندا سەلامەتیی گشتیمان، دیموکراسی و ئازادیی ئێمەش لەم دەنگدانەوە بڕیاری لێدەدرێت."
بەپێی ئامارەکانی دامەزراوە فەرمییەکانی ئەمریکا لە نێویاندا، فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوە و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان، ساڵانە دەیان هەزار کەس بەهۆی تووندوتیژییەکانی چەک لە وڵاتەکە گیان لەدەستدەدەن، دوایین ئاماریش کە زۆترین رێژی کوشتن بەهۆی چەکەوە تۆمارکرابێت لە ساڵی 2021 بوو کە تەنیا لەو ساڵەدا، 48 هەزار و 830 کەس بەهۆی تووندوتیژیی چەک و خۆکوشتن بە چەک لە ئەمریکا گیانیان لەدەستداوە.