هۆشدارییەک لە ئەمریکاوە؛ کشانەوەمان دەرفەت دەداتە دروستکردنەوەی خەلافەتی داعش
رووداو دیجیتاڵ
مشتومڕی کشانەوە و نەکشانەوەی ئەمریکا لەنێوان دوو بازنەی ناولێنانی جیاوازیی عێراق و هاوپەیمانان و، کۆبوونەوە دوو قۆڵییە سەربازییەکاندایە، ئەو پرسە لە دوای دوو جار وەڵامی ئەمریکا بۆ گرووپە چەکدارەکان و کوشتنی بەرپرس و چەکدارانی گرووپەکان، لای شیعە گەرمتر بووە.
ئەو پرسە روو و شێوازی دیکەی هەیە لە ئەمریکا، چەقەکەی ناوچەکانی ژێردەستی هەسەدە و گرتووخانەکانی چەکدارانی داعشە، هەر کشانەوەیەک پێشمەرجەکەی سووریایە کە ئەمریکا لەوبارەوە لەبارەی "زەحمەتی لە کۆنترۆڵکردنی 10 هەزار چەکداری دەستگیرکراو" هۆشداری دەدات.
باسی تاوەر 22 لە فەرماندەیەکی باڵاوە؛ ناوچەیەکی وشک و تاریک
خاڵێکی گرنگی هەڵکشانی دۆخی ئەو ناوچەیە لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا، بە دروستی لەدوای یەکەم هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکەکانی هاوپەیمانان و کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی بوو لە تاوەر 22 لە 28ـی کانوونی دووەمی 2024.
ئەو رووداوە لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا دووجار وەڵامی ئەمریکا و کپبوونی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی بەدواداهات؛ بەپێی زانیارییەکانی پێنتاگۆن لە 4ـی شوباتەوە هێرش نەکراوەتە سەر بنکەکان.
کێنێت مەکێنزی، فەرماندەی پێشووی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (2019-2022) لە گوتارێکدا لە نیویۆرک تایمزی ئەمریکی باسی ئەو بنکەیە دەکات و دەڵێت، "بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە تاوەر 22 لە ئوردن لە نێوەڕاستی بیابانێکی بێ کۆتاییە، بەدرێژایی رێگەی خێرای نێوان دیمەشق و بەغدا لە نزیک سنووری سووریا، ناوچەیەکی ساردە لە زستاندا، باراناوی و تاریکە".
دەشڵێت، "ئەو هێرشەی لەوێ کرا، وەڵامی ئەمریکای بە بۆردوومانکردنی 80 ئامانج بەدواداهات، وەڵامێکی روونی زیاتر لە 150 هێرشی گرووپەکان بوو، راستییەکی سادە هەیە لەو پرسەدا کە ئەوەیە؛ وەڵاممان بۆ ئەو هێرشانە هەندێک دواکەوت بۆ تاوتوێی چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ ئەو هێرشانەدا چونکە هێزەکانمان توانای ئەوەیان هەیە بەرگری لە خۆیان بکەن، بە واتایەکی دیکە، هێزەکانمان ئاگادارکرانەوە کە ئەو مەترسییەی لەسەریانە بچووکی بکەنەوە، رێگەش لەوە بگرین بڕیاری قورس بدەین".
پرسی هەزاران چەکدار و بەرژەوەندیی ئەمریکا
هەرچەندە عێراق و ئەمریکا لە دوو گەڕی دانوستاندنی نێوانیان بەشێوازی جیاواز ناو لە پرسی کشانەوە یان هەڵسەنگاندنی پەیوەندیی داهاتوو دەنێن، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە "ئایا ئەمریکا دەکشێتەوە لە عێراق و سووریا یان نا؟" کێنێت مەکێنزی لەوبارەوە دەڵێ "ئەو هێرشەی تاوەر 22 کۆتایی بە رۆڵی ناوەندیی هێنا لەبارەی سەلامەتی هێزەکانمان، ئەو گفتوگۆیانەی لەمانگی رابردووەوە لەگەڵ عێراقدا دەکرێن، رەنگە ببنە هۆی کشانەوە".
باس لەوەش دەکات، "تەنانەت بۆچوونێک لەنێو هەندێک بەرپرسی ئیدارەی ئەمریکا هەیە، کە لە سووریاش بکشێینەوە، بەڵام ئەو گفتوگۆیانە و ئەو بۆچوونەشی لەبارەی کشانەوە هەیە، زیانی گەورە بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەگەیێنێت، هیوا دەداتە ئێران بۆ سەرکەوتن لە ئامانج و خەونی لەمێژینەی بە دەرکردنی ئەمریکا لە ناوچەکە لەرێگەی گرووپە چەکدارەکانییەوە، لەکاتێکدا ئەوە هیچ سوودی نییە، مەترسییەکی زیاتریشە لەسەر سەرباز و، ئەوانەی پشتیوانیان دەکەین لەکاتێکدا خۆیان لەنێو ئەو مەترسییەدان".
مەکێنزی لە گوتارەکەیدا کۆمەڵێک پرسیار دەوروژێنێت لەوانە "ئایا لە عێراق و سووریا بمێنینەوە یان بەجێیبهێڵین؟ ئەگەر بمێنینەوە سەرکردایەتیی ئەمریکا چۆن رێگری لە بەردەوامیی هێرشی گرووپەکان دەکات، ئەوەی ئێستا پێویستە بڕیارێکی سەرکردایەتی ئیدارەی ئەمریکایە، کە لەمێژە دواکەوتووە، سووربوون و پابەندییەکی راستەقینە پێویستە بۆ مانەوەی هێزەکانمان لە سووریا، هەروەها پابەندییەکی ورد و کارکردنی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ دۆزینەوەی شێوازێکی قبوڵکراوی هاوبەش بۆ داهاتووی ئاستی پەیوەندییەکان".
هۆشداری لە هەڵاتنی چەکدارانی دەستگیرکراوی داعش
یەکێک لە داوا سەرەکییەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەو چەند ساڵەی دواییدا، وەرگرتنەوەی چەکداری خاوەن وڵاتینامە جیاوازی دەستگیرکراوە لە گرتووخانەکانی ژێردەستی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن، پرسێک ئەمریکا هاوپەیمانەکانی پێ لۆمە دەکات کە بەرپرسیاریێتییان تێیدا هەڵنەگرتووە.
مەکێنزی کە ساڵانی کارکردنی لە پۆستەکەی، چەند جارێک باسی ئەو پرسەی کردووە، ئێستاش دەیرووژێنێتەوە و دەڵێت، "هەندێك گفتوگۆی باو هەیە، کە ئەو 900 سەربازەی لە سووریا هەمانن، سیاسەتی دەرەوەیان تێپەڕاندووە، بەڵام راستییەکە لەوە ئاڵۆزترە؛ ئەمریکا لە 2014ـدا چووە سووریا بە پشتیوانیی هاوپەیمانیێتییەکی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لەگەڵ هاوبەشانمان، کە هێزەکانی سووریای دیموکراتن، لە نێوەڕاستی 2019ـوە گەیشتینە ئەو ئامانجەی خەلافەتی داعش لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتییەکی جوگرافیدا تێکبشکێنین، بەڵام پاشماوەکانی ماون".
مەکێنزی ئاماژە بەوە دەکات، لەوکاتەوە هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات کار دەکەن لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بە راهێنان بە هێزە نێوخۆییەکان، هاوکاری هەسەدەیان کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی 10 هەزار چەکداری دەستگیرکراوی داعش، لەگەڵ نزیکەی 50 هەزار ئاوارە لە ناوچە جیاوازەکان.
بە بڕوای مەکێنزی "کشانەوە مەترسیی گەورە دروست دەکات، چونکە بێ پشتیوانیی ئەمریکا، هێزەکانی سووریای دیموکرات تووشی زەحمەتی دەبن لە بەردەوامیی کۆنترۆڵکردنی ئەو گرتووخانانەی چەکداری داعشی تێدان، هەروەها ئەو کەمپەشی ئاوارەی زۆری سووری تێدا کۆبووەتەوە (کەمپی هۆل)، ئەگەر ژمارەیەکی زۆری چەکداری داعش هەڵبێن و ئەو گرووپە خۆی نوێ بکاتەوە، دەبێتە هەڕەشەیەکی نوێ بۆ عێراق و زۆر وڵاتی دیکەش، هێزەکانی بەشار ئەسەد و تەنانەت ئەگەر لەلایەن ئێران و رووسیاش پشتیوانی بکرێت، زەحمەتە بتوانن داعش سەرکووت بکەنەوە."
یەکێک لە ئامانجەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی داعش وەکو مەکێنزی دەڵێ "گەیشتنە بە خاڵێک کە هێزە ئاسایشییەکانی ناوچەکان خۆیان بەرپرسیاریێتی رێگری لە هێرشەکان هەڵبگرن و ناوچەکان بپارێزن، هەندێک پێشکەوتن لە سووریا هەبووە، بەڵام هێشتا زۆر شت ماوە بکرێن، بۆیە کاتی کشانەوە نییە.''
بۆ عێراق چی؟ ژمارەی سەربازانی ئەمریکا سێ هێندەی سووریایە (900–2500)
بۆ عێراق بەو 2500 سەربازەی ئەمریکا ئەوانەشی رانەگەیێنراون (بەپێی گوتەی جۆی بوچینۆ، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا بۆ رووداو)، دۆخەکە لە سووریا ئاڵۆزترە، چونکە بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ناوچەکانی ژێردەستی سێ نەتەوەی جیاوازن، هەروەها بۆچوونی هەر سێ نەتەوەش جیاوازە لەسەر ئەو پرسە.
بە قسەی فرانکلین مەکێنزی لە عێراق "هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو ئامانجەی لە سووریا لەبارەی راهێنان بە هێزەکان پێی گەیشتوون، هێشتا لە عێراق پێویستیی هەیە بە هێزەکانمان، جێی خۆیەتی دان بەوەدا بنێین، بوونی هێزەکانمان لە عێراق کەمتر دەبێتەوە، لەکاتێکدا گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوامن، پەیوەندییەکەش بۆ پەیوەندییەکی ئاسایشی و هاوئاهەنگی دەگۆڕدرێت کە ئەوەش ژمارەیەکی کەمتری سەربازی پێویستە، بەڵام هەڵەیە بە خێرایی بکشێینەوە وەکو ئەوەی لە 2011 کردمان".
دەشڵێت، "دەبێ ئەوەشمان لەبیربێت بنەمایەکی سەربازی هەیە لەوەدا ئەویش ئەوەیە کە بوونمان لە عێراق پێشمەرجی مانەوەمان و بوونی هێزەکانمانە لە سووریا، بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هێرشانەی گرووپەکان دەیکەن، گفتوگۆ لەسەر بەردەوامیی هێزەکانمان لە وڵاتەکە دۆخێکی دیکەی ئاڵۆزە".
بەگوتەی مەکێنزی "سەرکردەکانی عێراق ئارام نین، دەزانن پێویستیان بە هاوبەشێک و هاوپەیمانێکە بۆ راهێنانی هێزەکانیان، هاوکات لەگەڵ ئەوەش رووبەڕووی گوشاری تووندی گرووپە چەکدارەکان دەبنەوە، کە ئێران پشتیوانییان دەکات، ئەمریکاش ئەو گوشارە بە بۆردوومانکردنی ئەو گرووپانە و بنکەی سوپای پاسداران لە عێراق بەرزدەکاتەوە، وەکو ئەوەی مانگی رابردوو کردی".
"داعش مەترسی لەسەر نێوخۆی ئەمریکاش دروست دەکات"
وەکو مەکێنزی لە کۆتایی گوتارەکەیدا باسی دەکات "سەربازانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا بۆ رێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش و رێگری لەوەی داعش لە رێگەی تۆڕەکانیەوە هێرش بکاتە نێو ئەمریکا، بە جێهێشتنی هەردوو وڵات رەنگە ببێتە هۆی دروستکردنی بۆشاییەک کە دەرفەتێک بداتە داعش بۆ دروستکردنەوەی خەلافەتەکەی و، مەترسی لەسەر ئاسایشی نێوخۆش دروست دەکات".
مەکێنزی رایدەگەیێنێت، "رەنگە ناچارکردنمان بە جێهێشتنی عێراق و سووریا باجی قورسی هەبێت، لێکەوتەی نەرێنیشی لەسەر ناوچەکە دەبێ، جگە لەوەش کشانەوە وەکو خاڵێکی لاوازیی ئەمریکا لەلایەن نەیارانی ئەمریکا لێکدەدرێتەوە، کە هەرگیز دوودڵ نابن لە قۆستنەوەی، بۆیە جێهێشتن بژاردەیەک نییە بە ئاسانی هەڵبژێردرێت".
لەبارەی مانەوەشەوە دەڵێت، "مانەوە بژاردەیەکی باش نییە، تاوەکو ئەوکاتەی دەگەینە قۆناخێک کۆتایی بە هێرشی گرووپەکان بێت، کە روون نییە ئەوە روودەدات یان نا، بەڵام زیاتربوونی قوربانیی سەربازانی ئەمریکا، مانەوەمان زۆر زەحمەت دەکات، ئەگەر بمانەوێ بمێنینەوە، دەبێت کاریگەرانە بەرپەرچی هێرشەکان بدەینەوە و شکستیش بەو گرووپانە بهێنین کە هێرش دەکەن".
مەکێنزی ئەو دۆخە بە "خاڵێکی وەرچەرخان" دادەنێت، وەڵامەکان بۆ گرووپی چەکدار وەکو ئەو دەڵێ "نابێت لەسەر بنەمای سۆز و ئارەزووی تۆڵەسەندنەوە بێت، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای ئەوە بێت؛ چ باشترینە بۆ ئەمریکا؟" بۆیە وەکو ئەو دەڵێ "باشترین بژاردە، مانەوەمانە بۆ بەرگریی لە وڵات لە دوورەوە نەک لە نێوخۆدا".