'جەنگ دۆڕانە'؛ نێچیرڤان بارزانی و سەدان سەرکردەی جیهانی تاوتوێی بەرقەرارکردنی ئاشتی دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میونشنی پایتەختی هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیایە بۆ ئەوەی بەشداری لە گەورەترین کۆڕبەندی ئاساییشی نێودەوڵەتیدا بکات و لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی جیهان کۆدەبێتەوە.
60ـەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ئەمڕۆ هەینی دەستپێدەکات و تاوەکو یەکشەممە بەردەوام دەبێت. سەرنجێکی تایبەتی لەسەر دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت.
لە سێ رۆژی کۆنفرانسەکەدا، بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسی وڵاتانی جیهان دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بەیانیی ئەمڕۆ، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ محەممەد بن عەبدولرەحمان بن جاسم ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی "برهودان به پهيوهندييهكان، بهرهنگاربوونهوهى تيرۆر، هاريكاريى هاوبهش له بوارى ئهمنيدا، گرنگيى كارى پێكهوهيى و ههوڵدان بۆ پاراستنى ئارامى و سهقامگيریی له عێراق و رۆژههڵاتى نێوهڕاست و دوورخستنهوهيان له ئاڵۆزى و پشێويى زياتر، لهگهڵ سهركرده و بهرپرسی وڵاتان، تاوتوێ دهكات."
درووشمی سەرەکیی کۆنفرانسەکە ئەوەیە کە جەنگ دۆڕانە بۆ هەمووان و سەرکردەکان ئەو پرسە تاوتوێ دەکەن کە چۆن پێکەوە ئەو دۆخی دۆڕانە تێبپەڕێنن و ئاشتی لە رێگەی دیالۆگەوە دەستەبەر بکەن.
بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسە ئەمنییەکە لە کاتێکی گرنگدا دێت کە هەردووکیان پریشکی ئاگری جەنگی غەززەیان بەرکەوتووە، بە جۆرێک کە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، هێرشی درۆنی و مووشەکی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران و هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئەمریکایان بەخۆیەوە بینیوە.
نێچیرڤان بارزانی، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، بە کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میونشن دەستی بە دیدارەکانی کرد.
"دۆڕان بۆ هەمووان؟"
درووشمی کۆنفرانسی ئەم ساڵ خۆی لە پرسیارێکدا دەبینێتەوە کە ئەویش "دۆڕان بۆ هەمووان؟" یاخود ئایا جیهان بەرەو ئەوە دەڕوات هەموو لایەنەکان لە رووی ئاساییشیە بدۆڕێن؟ لە کاتێکدا تاوەکو دێت، حکومەتەکان هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن، دەستکەوت و ئامانجی زیاتر لە رکابەرەکانیان بەدەستبێنن، لە بری ئەوەی لەپێناو ئاسایشی بەکۆمەڵی جیهان، پێکەوە کاربکەن.
گرنگیی کۆنفرانسی ئەم ساڵ چییە؟
- ئەمە 60ـەمین ساڵیادی کۆنفرانسەکەیە، واتە 60ـەمین خولی کۆنفرانسەکەیە. یەکەمین کۆنفرانس لە ساڵی 1963 کرا.
- بۆنەیەکی گەورەیە بۆ کۆبوونەوەی بەرپرسی باڵای وڵاتان و شارەزایان بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە گەرمانەی کاریگەری لە ئاسایشی جیهان دەکەن.
- هەروەها کۆنفرانسەکە سەکۆ و دەرفەتێکە بۆ دانوستاندن و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ زۆر کێشەی سیاسی و ئەمنی.
ئەو بابەتە سەرەکییانەی لە کۆنفرانسەکەدا تاوتوێ دەکرێن، بریتین لە:
- گرژییە جیۆسیاسییەکان و زیادبوونی ناڕوونیی ئابووری
- شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا و مەترسییە پەیوەندیدارەکانی
- هەڕەشەکانی دیکەی سەر ئاسایش: گۆڕانی کەشوهەوا و هێرشە سایبەرییەکان
- داهاتووی سیستمی نێودەوڵەتی و هاوئاهەنگیی جیهانی
- ئەنجامەکانی راپۆرتی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن
دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ساڵانە راپۆرتی خۆی لە بارەی ئاسایشی جیهان و ئاڵنگارییەکانی بەردەمی، بڵاودەکاتەوە. لە بارەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، راپۆرتی ئەم ساڵی کۆنفرانسەکە دەڵێت:
- پێش جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل، لێکنزیکبوونەوەیەکی بەرچاو لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبییەکاندا دروستببوو، بەجۆرێک کە هەلومەرجە جیۆسیاسییەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕی بوو.
- پێکەوەکارکردن و هاوئاهەنگی لەنێوان وڵاتان، قازانجی ئابووریی هاوبەش و سەقامگیریی سیاسیی زیاتری لێکەوتەوە.
- وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک پردێک لە نێوان هێزەکانی جیهاندا رۆڵیان گێڕا و رەتیانکردەوە بچنە بەرەی هیچ رکابەرێکەوە، بەڵام گرژییەکان بەردەوام بوون.
- زیادبوونی خەرجییە سەربازییەکانیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە هێشتا بێمتمانەیی لە ناوچەکەدا بەردەوامە.
- هەوڵی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و گرووپە چەکدارە بەوەکالەتەکانی، بۆ ئیسرائیل و سعودیەش ئاڵنگارین.
- سعودیە هەوڵیداوە هەڕەشەی ئێران لەخۆی دووربخاتەوە، لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیمارات خراپ بوون.
- شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل ئەو لێکنزیکبوونەوەیەی لە ناوچەکەدا دروستبوو، خستە بەردەم داهاتووێکی ناڕوونەوە، هەروەها شەڕەکە مەترسیی تووندوتیژیی بەرفراوانتری هەرێمیی لێ دەکرێت.