پێنتاگۆن بۆ رووداو: ناردنی 1500 سەرباز بۆ عێراق و سووریا بۆ جێگۆڕکێیە لەگەڵ ئەو هێزانەی لەوێن

رووداو دیجیتاڵ 
 
ئەمریکا 1500 سەرباز لە گاردی نیشتمانیی نیوجێرسی رەوانەی عێراق و سووریا دەکات، بەگوتەی بەرپرسێکی پێنتاگۆنیش بۆ رووداو، ئەو هێزانە جێگۆڕکێی لەگەڵ یەکەیەکی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە سووریا و عێراق دەکەن و هێزی زیاتر نین.
 
رۆژی یەکشەممە، لە رێورەسمێکدا 1500 سەربازی گاردی نیشتمانیی ویلایەتی نیوجێرسی لە ئەمریکا ماڵئاواییان لە کەسوکار و خێزانەکانیان کرد و چوونە نێو مەشقی ئامادەکاری بۆ بەڕێکەوتن بۆ عێراق و سووریا تاوەکو لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە ئەرکدابن.
 
سەبارەت بە ناردنی ئەو هێزە بۆ عێراق و سووریا، بەرپرسێکی پێنتاگۆن رۆژی دووشەممە بە رووداوی راگەیاند، ''گاردی نیشتمانیی نیوجێرسی ئامادەکاری دەکەن بۆ (چوونە عێراق و سووریا تاوەکو) شوێنی یەکەی چیایی 10 بگرنەوە کە ئێستا بۆ پشتیوانیکردن لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە ناوچەکەن.
 
ئەو بەرپرسەی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەشدا، تاوەکو ئێستا ''هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لەسەر بانگهشتنامەی حکومەتی عێراق بۆ ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق لە ئەرکدان.''
 
ئەمریکا 2500 سەربازی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و 900ی دیکەشی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە. پێنتاگۆن هیچ لێدوانێکی فەرمیی نەبووە لەسەر ئەوەی، ئایا ئەو 1500 سەربازە نوێیە بۆ شوێنگۆڕین یان زیادکردنی هێز دەنێردرێن.
 
پێشتر، میدیای ئەمریکی رایگەیاند، واشنتن بەنیازە 1500 سەرباز بنێرێتە عێراق و سووریا بۆئەوەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش جێگیر بکرێن. 
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقیش رەتیکردەوە هیچ هێزێکی بیانیی نوێ لە عێراق جێگیر بکرێن. 
 
لیوا تەحسین خەفاجی، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی گوتووە، ئەو هەواڵانەی باس لە ناردنی هێزی زیاتر بۆ عێراق دەکەن، راست نین. جەختیشی کردەوە، عێراق پێویستی بە هیچ هێزێکی بیانی نییە و مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش تەنیا بۆ راوێژدان، مەشقپێکردن و زانیاریی ئەمنییە.