بەریتانیا فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران دەخاتە لیستی سزاکانیەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە بەرامبەر هەڕەشەکردن لە ئیسرائیل، بەریتانیا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند و 7 کەسایەتی، لەنێویاندا فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی خستە لیستی سزاکانیەوە.
حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، بە گوێرەی سزا نوێیەکان، رێکاری توندتر دژی ئێران و بەرپرسەکانی دەگیرێنبەر، ئەوەش لە بەر ئەوەی، لەندەن پێیوایە، تاران هەڕەشەی بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروستکردووە، هەروەها نەخشەی بۆ کوشتنی چەند کەسێک لە بەریتانیا داناوە.
رۆژی پێنجشەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2023، دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هەڵسوکەوتی رژێمی ئێران هەڕەشەیەکی قبووڵنەکراوە بۆسەر بەریتانیا و هاوبەشەکانمان. ئێران بەردەوامە لە هەڕەشەکردن لە خەڵک لە نێو خاکی بەریتانیادا، هەروەها لە رێگەی پشتیوانیکردنی لە گرووپە چەکدارەکان، لە نێویاندا حەماس و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی فەلەستینی، هەژموونی خۆی بەکاردێنێت بۆ تێکدانی ئارامیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران یەکێکە لەو کەسانەی کە گەشتکردن بۆ بەریتانیای لێ قەدەخە دەکرێت و هەر سامانێکیشی لەو وڵاتەدا هەبێت، سڕدەکرێت.
هەروەها محەممەد سەعید ئیزادی، سەرۆکی فەرماندەی لقی فەلەستینی فەیلەقی قودس و سێ ئەندامی ئەو لقە لە نێو سزاکاندان: عەلی مەرشاد شیرازی، مەجید زەری، موستەفا مەجید خانی.
حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، ئەو لقە وەک دامەزراوەیەک، هەمووی لە ژێر سزای سڕکردنی ساماندایە.
لە پاڵ ئەوان، خالد قەدومی و ناسر ئەبو شەریف کە نوێنەری حەماس و جیهادی ئیسلامین لە ئێران، سامانیان سڕ دەکرێت و چوونەنێو بەریتانیایان لێ قەدەخە دەکرێت.
لەندەن ئێران تۆمەتبار دەکات بەوەی کە پشتیوانی لە هێرشی حوسییەکانی یەمەنی کردووە بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور، بەڵام تۆنی راداکین، سوپاسالاری بەریتانیا گوتی، بەریتانیا پێیوایە تاران نایەوێت جەنگی حەماس و ئیسرائیل فراوان بکات، بەڵام "ئاسوودەیە" بەو هەڕەشانەی کە حوسیەکانی یەمەن، حیزبوڵڵای لوبنانی و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی ناوچەکە بۆ سەر ئیسرائیل و ئەمریکا دروستیانکردوون.