چین داوا لە ئەمریکا دەکات "رۆڵێکی بەرپرسیارانە" لە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بگێڕێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی چین لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئەنتۆنی بلینکنی هاوتا ئەمریکییەکەی راگەیاند، پێویستە واشنتن "رۆلێکی بونیادنەر و بەرپرسیارانە" لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس دا بگێڕێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی چین، وانگ یی، بە ئەنتۆنی بلینکنی گوتووە: "پێویستە ئەمریکا رۆڵێکی بونیادنەر و بەرپرسیارانە بگێڕێت بۆ ئەوەی بە زووترین کات پرسەکە بگاتە چارەسەرێکی سیاسی."
وانگ هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، "لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە گەرمە نێودەوڵەتییەکاندا، پێویستە وڵاتە زلهێزەکان پابەند بن بە بێلایەنی، دەستپاکی، پاراستنی ئارامی، دانبەخۆداگرتن و دەستپێشخەر بن لە پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتی."
وەزیری دەرەوەی چین هەروەها باسی لەوە کردووە کە پەکین داوای "بەستنی کۆنگرەی ئاشتیی نێودەوڵەتی دەکات بە زووترین کات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بەرفراوان."
وانگ هەروەها بە بلینکنی گوتووە، "چارەسەری سەرەکیی پرسی فەڵەستین لە جێبەجێکردنی چارەسەری دوو وڵاتدایە."
رۆژی شەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2023، نووسینگەی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "پێنج هەزار و 540 یەکەی نیشتەجێبوون لەو باڵەخانانە وێرانبوون و نزیکەی سێ هەزار و 750 خانووش بەشێوەیەک زیانیان بەرکەوتووە کە بە کەڵکی ژیان نەماون.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیلەوە زیاتر لە 420 هەزار کەس ناچاربوون ماڵەکانی خۆیان لە غەززە جێبهێڵن.
نزیکەی 270 هەزار کەس لەوانەی کە ئاوارەبوون پەنایان بۆ ئەو قوتابخانانە بردووە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە دروستی کردوون و 27 هەزاری دیکەشیان لە قوتابخانەکانی فەلەستینییەکانن و دەیان هەزار کەسی دیکەش چوونەتە شوێنە گشتییەکانی دیکەی غەززە.
هەشت رۆژ بەسەر گرژی و هێرشەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل تێدەپەڕێت و تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ هەزار و 300 کەس لە هەردوولا کوژراون.