چین خاوەنی زۆرترین پاسکیلی بێخاوەنە
رووداو دیجیتاڵ
چین خاوەنی زۆرترین ژمارەی پاسکیلی هاوبەشە، ئەو پاسکیلەی هیچ کەس بۆ هەتاهەتایە خاوەنی نییە، لە هەموو کووچە و کۆڵانێکی چین ئەو پاسکیلانە دەبینرێن و لەو وڵاتە رێسا و یاسای تایبەتی هەیە.
لە پاڵ گواستنەوە گشتییەکانی دیکەدا پاسکیل بۆ هاتووچۆ بەکاردەهێنرێت، لەگەڵ ئەوەی دۆستی ژینگەیە، هۆکارێکی باشیشە بۆ کەمکردنەوەی گوشاری ئامرازەکانی دیکەی گواستنەوە.
جۆنگ توێن سیا، کارمەندی میوانخانەیە و رۆژانە بۆ هاتووچۆ کردن بۆ سەر کارەکەی، زیاتر لە 40 خولەک پاسکیل بەکاردەهێنێت و دەڵێت، "من هەمیشە پاسکیلی هاوبەش بەکاردێنم و لە هەموو شوێنێک دەستم دەکەوێت و بە راستی بەکارهێنانی ئاسان و خۆشە و کەمتر کاتم دەڕوات بەرانبەر بەکارهێنانی ئامرازی دیکەی گەیاندن."
بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی پاسکیلی چین، زیاتر لە 18 ملیۆن پاسکیلی هاوبەش هەن، 130 ملیۆن کەس وەک بەکارهێنەری پاسکیل خۆیان تۆمارکردووە. و رۆژانە 44 ملیۆن بەکارهێنەر هەن، پاسکیلی هاوبەش لە 400 شاری چین بەردەستن.
سن تیان، کاشێرە لە یەکێک لە فرۆشگاکان و رۆژانە هاتووچۆ بەو پاسکیلانە دەکات و دەڵێت، "بەڕاستی ئەم جۆرە پاسکیلانە خۆشن، بەڵام لەهەموو شوێنێکی شار دەستمان ناکەوێت زیاتر لە ناوچە بازرگانییەکان هەیە، چونکە خەڵک زیاتر بەکاری دەهێنن بۆیە بەخێرایی لەسەر شۆستەکان نامێنن."
مەیکەپ ئارتێستە لەبارەی پاسکیلی هاوبەشەوە گوا هانیوێ دەڵێت، "لە بەیژینگ پاسکیلی هاوبەش زۆرن و ئاسانن بۆ بەکارهێنان بەڵام هەندێجار نازانی لە کوێ رایگریت و پێمناخۆشە لەشوێنێک رایگرم کە گونجاو نەبێت و سیمای شارەکە تێکبدەم."
مێژووی پاسکیلی هاوبەش لە چین دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2015 لە زانکۆی پەکین، کە پرۆژەی کۆمەڵێک قوتابی بوو بە ناوی ئۆفۆ OFO کە تەنیا بۆ نێو کەمپی زانکۆ بەکاریان دەهێنا، دواتر بیرۆکەکە گەشەی کرد و ئێستا زیاتر لە 500 کۆمپانیای پاسکیلی هاوبەش لە چین هەن. کە باوترینیان ئۆفۆ و مۆبایکن.
رێن تیان ئەو پاسکیلانە لەسەر شەقامەکان رێکدەخاتەوە و لەوبارەیەوە گوتی، کاری من رێکخستن و گواستنەوەی پاسکیلەکانە و ڕۆژانە زیاتر لە 400 بۆ 500 پاسکیل دەگوازمەوە لە خاڵێک بۆ خاڵێکی دیکە یان لە کۆگا بۆ شەقامەکان.
لە رێگەی GPS و جیپسی CHIPS تایبەتەوە کۆمپانیاکان ئاگاداری شوێن و دۆخی پاسکیلەکانیانن، لە ژێر سەبەتەی پاسکیلەکەش پارچەیەکی وەرگری تیشکی خۆر Solar Panel هەیە و پێویستی بە بارگاویکردنەوە نییە.
پاسکیلی هاوبەش لە چین جیاوازترن لە پاسکیلەکانی دیکەی جیهان، چونکە بۆ پارککردنی پێویستی بە شوێنی تایبەت نییە و لە هەر شوێنێک دەتوانی رایبگرن.
نەبوونی پارکی تایبەت بە پاسکیلەکان گرفتیشی دروست کردووە لەگەڵ ئەوەی ئاسانکارییە بۆ هاووڵاتییان کە دەتوانن تاوەکو شوێنی مەبەست بیبەن، بەڵام لە کاتی پارک کردن سیمای شارەکە ناشرین دەکات.
چین گەورەترین بەرهەمهێنی پاسکیلە و 60٪ پاسکیلی جیهان بەرهەم دەهێنێت. پێشبینی دەکرێت بازاڕی پاسکیل لە چین لە ساڵی 2023 بگاتە 31 ملیار دۆلار.