لە ئەڵمانیا گەنجێکی کوردی 20 ساڵ بووە پاڵەوانی یاریی کیک بۆکسینگ

 
رووداو - ئەڵمانیا

ئەحمد یوسف کە بە "کوڕە زێڕینەکە" ناسێنراوە، دووبارە بووە پاڵەوانی ئەڵمانیا لە یاریی کیک بۆکسینگ، ئەو خەڵکی عامودایە لە رۆژئاوای کوردستان. لە ساڵی 2014 لەگەڵ خێزانەکەی چووەتە ئەڵمانیا. شەش ساڵە وەرزشی کیک بۆکسینگ دەکات و چەندین خەڵاتی زێڕینی بردووەتەوە.
 
ئەحمەد لەکاتێکدا هەموو جام و خەڵاتەکانی لەسەر مێزەکەی ریزکردبوو، بە شانازییەوە باسی سەرکەتنەکانی بۆ رووداو کرد و گوتی، بەدەستهێنانی هەر شتێک کارکردنی دەوێت، "زۆر دڵخۆش دەبم کاتێک بەرەوپێشچوون بەخۆوە دەبینم، شتێک هەیە کە هەرگیز لەبیری ناکەم، ئەویش ئاڵای کوردستانە لە پشتمەوە و میلـلەتی کوردیش پاڵپشتم دەکات. ئەو خەڵاتانەی بەدەستم هێناون، زۆر دڵخۆشم دەکەن. دوایین سەرکەوتنم لەم مانگەدا بوو کە پلەی یەکەمم لەسەر ئاستی ئەڵمانیا بەدەستهێنا".
 
ئەحمەد تەمەنی 20 ساڵە، شەش ساڵە تێدەکۆشێت و لە هەفتەدا شەش جار لە بەیانیان و ئێواران مەشق و راهێنان دەکات. کیک بۆکسینگ وەرزشێکی زەحمەتە و قورسە، بۆیە ئەحمەد دەڵێت، دەبێت زۆر بەهێزبیت، چونکە ئەم وەرزشە ژیانت بەتەواوی دەگۆڕێت.
 
ئەو پاڵەوانەی کیک بۆکسینگ باسی لە گرنگیی خواردن و راهێنان کرد، ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەوەش زەحمەتی دەوێت، دەشڵێت "دەبێت ئاو زۆر زۆر بخۆیتەوە، بەشێوەیەکی سیستەماتیکی نان بخۆیت".
 
لێهاتوویی و کۆڵنەدانی ئەحمەد هەر زوو لای راهێنەر و هاوکارانی راهێنەرەکانی جێگەی سەرنج بوو، ئەوان پشتیوانیی دەکەن و سەرسامن بە تواناکانی.
 
ئەحمد قۆناخ بە قۆناخ بە ئاواتەکانی گەیشتووە، ئەوەی ئێستا خۆی بۆ ئامادەدەکات پاڵەوانێتیی جیهانە، دەیەوێت هاوشێوەی پاڵەوانێتییەکانی دیکەی، جامی پاڵەوانێتیی جیهانیش بەرزبکاتەوە.
 
ئەحمەد بەردەوام دەبێت لە راهێنانە قورسەکانی و کۆڵنادات، دەیەوێت لە پاڵەوانێتیی کیک بۆکسینگی جیهانیشدا جامەکە و ئاڵای کوردستان پێکەوە بەرزبکاتەوە.