زریان هەڕەشە لە دوورگەی بەرمۆدا دەكات
رووداو - هەولێر
ماوەی چەند رۆژێكە زریانێکی بەهێز، کە بە زریانی "نیکۆڵێ" ناسراوە و خێراییەکەی دەگاتە نزیکەی 185 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دوورگەی بەرمۆدای گرتووەتەوە و زیانێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
دوورگەی بەرمۆدا، کە لەلای زۆرێک لە خەڵك بەهۆی "سێگۆشەی بەرمۆدا" بە دوورگەی مەرگ ناسراوە، بە دووری 1070 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی باکووری ئەمریکا، لە دەریای باکووری ئەتلانتیک.
دوورگەکە ئەگەرچی، خاوەنی پەرلەمان و حکومەتی خۆیەتی، بەڵام هاوشێوەی جەبەل تاریق، ناوچەیەکی دەریایی سەر بە شانشینی بەریتانیایە.
بەهۆی زریانەكە هۆشداری بە خەڵکی دوورگەکە دراوە لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە. بەگوتەی بەرپرسانی ناوچەکەش، زریانەکە، بێجگە لەوەی چەند خانوو و ماڵێکی وێران کردووە، هاوکات کارەبای بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی دوورگەکەشی بریوە.
سێگۆشەی بەرمۆدا، کە نزیکی ئەو دوورگەیەیە و دەکەوێتە رۆژهەڵاتی دەریای باکووری ئەتلانتیک، بە سێگۆشەی مەرگ ناسراوە.
سێگۆشەکە لە ساڵی 1954 دۆزراوەتەوە، ئەوەش کاتێک چەند فڕۆکەیەک بەسەر ئەو ناوچەیەدا فڕیون، لەو كاتەدا بزربوونە و دیارنەماون.
دوورگەی بەرمۆدا، کەشوهەوایەکی شێداری نیمچە خولگەیی هەیە، بەبەردەوام مەترسی زریان، بەتایبەتیش زریانی گۆنزالۆ، و فابیانی لێدەکەرێت کە ئەو دوو زریانە بە دووەم کۆمەڵەی زریانە بەهێزەکان ناویان دەبردرێت و زیانێکی زۆر بەدوای خۆیاندا دەهێنن.
دوورگەی بەرمۆدا:
- ناوچەیەکی دەریایی سەر بە بەریتانیایە
- دەکەوێتە سەر دەریای باکووری ئەتلانتیک
- رووبەری دوورگەکە تەنیا 53.2 کیلۆمەترە
- ژمارەی دانیشتوان نزیکەی 64240 کەسە.
- %54 خەڵکی رەشپێستە کە لە بەهماس و ئەمریکا و کەنەدا هاتوون.
- %31 سپی پێستە لە بەریتانیا، ئەمریکا، کەنەدا هاتوون.
- %15 لە خەڵکی ئاسیا و ناوچەکانی دیکە پێکهاتووە.
- پایتەخت: هامڵتن و دراوی سەرەکەی دۆلاری بەرمۆدەییە