ماری لوپێن داوا دەکات ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن لە فەرەنسا بکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی راستڕۆی تووندڕۆی بەرەی نیشتمانی لە پەرلەمانی فەرەنسا، داوا دەکات ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی گشتی بکرێتەوە. داواکارییەکە چەند مانگێکی کەم دوای هەڵبژاردنێکی پێشوەخت دێت، کە لە ئەنجامدا فەرەنسا تووشی بنبەستی سیاسی بووە.
 
ئەمڕۆ شەممە، ماری لوپێن، سەرۆکی فراکسیۆنی راستڕۆی تووندڕۆی بەرەی نیشتمانی لە پەرلەمانی فەرەنسا، بە ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکەی گوت، ئەم دۆخەی فەرەنسا "قبووڵ ناکرێت؛ ئەم وڵاتە مەزنەی فەرەنسا ناتوانێت بەم جۆرە بمێنێتەوە."
 
لوپێن سێ جار خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا بەربژێر کردووە و شکستی هێناوە؛ هەروەها لەسەر ئاستی پارتەکان، پارتەکەی ئەو زۆرترین کورسیی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی فەرەنسادا هەیە.
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ پەرلەمانی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختی راگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی پارتەکەی لوپێن سەرکەوتنی گەورەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپادا تۆمار کرد.
 
ماکرۆن پێیوابوو، بۆ "پاراستنی دیموکراسی"، پێویستە هەڵبژاردنی نیشتمانی بکرێتەوە، چونکە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا پێشانی دا کە پشتیوانیی خەڵکی فەرەنسا بۆ پارتەکان گۆڕاوە و وەکو ساڵی 2019 نەماوەتەوە.
 
بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ بەرەیەک نەیتوانی زۆرینەی رەها بەدەستبهێنێت، وڵاتەکە کەوتووەتە چەقبەستنێکی سیاسییەوە.
 
بەپێی یاسا، تاوەکو تێپەڕبوونی یەک ساڵ بەسەر هەڵبژاردندا، سەرۆککۆمار ناتوانێت داوای هەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەخت بکاتەوە.
 
لوپێن دەڵێت، "10 مانگ ماوە. بڕوام وایە لە کۆتایی ئەو 10 مانگەدا، هەڵبژاردنی نوێی پەرلەمانی دەکرێت."
 
چاوەڕوان دەکرێت لوپێن خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2027 بەربژێر بکاتەوە، کاتێک کە خوولی دووەم و کۆتایی ماکرۆن تەواو دەبێت.
 
لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەدا کە بە دوو گەڕ لە کۆتایی حوزەیران و سەرەتای تەممووزدا کرا، دەنگەکانی پارتەکەی ماکرۆن کەمیان کرد.
 
هاوپەیمانییەکی پارتە چەپەکان زۆرترین کورسییەکانی بردەوە، بەڵام نەیتوانی زۆرینەی رەها مسۆگەر بکات.
 
ئەو هاوپەیمانییە میانڕۆیەی پارتەکەی ماکرۆنی تێدایە، ئێستا دووەمە. پارتی دژە کۆچبەری بەرەی نیشتمانییش وەکو فراکسیۆن سێیەمە، بەڵام وەک پارت، گەورەترینی پەرلەمانە.
 
هەفتەی رابردوو، ماکرۆن میشێل بارنیەی راستڕۆی وەکو سەرۆکوەزیرانی نوێ راسپارد، بەو هیوایەی لوپێن پێی رازیبێت. دەستنیشانکردنی ئەو کەسایەتییە نەریتخوازە بووە هۆی تووڕەبوونی چەپەکان.
 
بارنیە تەمەنی 73 ساڵە و وەزیری پێشووتری فەرەنسا بووە، رایگەیاندووە کە تاوەکو هەفتەیەکی دیکە حکومەتە نوێیەکەی رادەگەیێنێت.