لە ئەمریکا کچێک 30 چەقۆ لەو کەسە دەدات کە دەستدرێژی کردووەتە سەری

 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی ئایۆوا لە ئەمریکا کچێکی هەرزەکاری بە پێنج ساڵ کردنە ژێر چاودێری و 150 هەزار دۆلار پێبژاردن سزادا کە بە چەقۆ ئەو پیاوەی کوشتبوو کە چەند جارێک دەستدرێژی سێکسی کردووەتەسەر.
 
رۆژی سێشەممە 14-9-2022، دادگەی ئایۆوا لە ئەمریکا، پایپەر لێوسی 17 ساڵی بە تاوانی کوشتنی زاچاری برووکس سزادا کە دوو ساڵ پێش ئێستا دەستدرێژی سێکسی کردبووە سەر.   
 
دەیڤد پۆرتەر، دادوەری شارۆچکەی پۆلک لە ویلایەتی فلۆریدا سەرپەرشتی دۆسیەکەی کرد و گوتی: ئەگەر لێوس لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەی لە ژێر چاودێریدایە هیچ سەرکێشیەک بکات، ئەوە دادگە 20 ساڵ زیندانی دەکات. ئەمە جگە لەوەی پێویستە خێزانی لێوس 150 هەزار دۆلار بدەنە خانەوادەی زاچاری برووکس.
 
لە 2020 لێوس لەلایەن هاوڕێیەکی دەستدرێژیکارەکەوە بە هەڕەشە براوەتە نێو باڵەخانەیەک لە شاری دێس مۆینۆسی ویلایەتی ئایۆوا و بە زۆر لەلایەن برووکسەوە سێکسی لەگەڵدا کراوە. لێوس دەڵێت، ئەو کەسە چەند جارێک چەقۆی لەسەر ملی داناوە و پێی گوتووە، ئەگەر سێکس لەگەڵ هاوڕێکەی نەکات، دەیکوژێت.
 
بە گوتەی لێوس، دوای ئەوەی دەستدرێژی کراوەتەسەر، چەقۆیەکی لە تەنیشتی جێگەی نووستنەکەوە دۆزیووەتەوە و 30 چەقۆی لە برووکسی دەستدرێژیکار داوە و کوشتوویەتی. پۆلیس و لێکۆڵەران باس لەوە دەکەن، لێوس دەستدرێژی سێکسی لەلایەن برووکسەوە کراوەتە سەر، بەڵام لەو کاتەدا کە هێرشی کردووەتە سەر برووکس، لە خەودا بووە و هیچ زیانێکی گیانی لەو کاتەدا بۆ لۆیس نەبووە.
 
لێوس، لەو کاتەدا کە دەستدرێژی کراوەتە سەر تەمەنی تەنها 15 ساڵ بووە؛ ئەو کچە هەرزەکارە لە دادگە وەکو پاڵپشتیکردن لەو کارەی کردوویەتی، گوتی:" من یەکێکم لەو قوربانییانەی کە رزگارم بووە، ئەو کارە بە تەواوی شەکەتی کردووم، بەڵام هێشتا دەدرەوشێمەوە." 
 
لە ئایۆوا و چەند ویلایەتێکی دیکەی ئەمریکا، دادگە چاوپۆشی لە بەشێکی گەورەی ئەو سزایانە دەکرێت کە بۆ کوشتنی کەسێک دانراون، بەو مەرجەی بکوژ لەو کاتەدا کە تاوانەکەی ئەنجامداوە لە ژێر هەڕەشەی مەترسییەکی گەورەی جەستەیی و دەروونیدا بووبێت.