لایەنگرانی ئۆپۆزیسیۆن هەڵبژاردنەکانی رووسیا بە 'شانۆ' ناودەبەن
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجوومەنی دووما لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا لە 17 تاوەکو 19ـی ئەم مانگە، لە هەڵبژاردنێکی پێشوەختەدا، 14 پارتی سیاسیی رووسیا کێبڕکێ لەسەر بردنەوەی 450 کورسیی ئەو ئەنجوومەنە دەکەن.
بەشێک لە لایەنگرانی ئۆپۆزیسیۆن، هەڵبژاردنەکە بە "شانۆ" ناودەبەن بەهۆی ئەوەی کە زۆربەی سەرکردە و کەسایەتییە دیارەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە، لە لایەن حکومەتەوە دەستگیرکراون یان رێگەیان پێنەدراوە لە هەڵبژاردنەکەدا بەشداربن، لە نێویشیاندا، ئەلێکسی ناڤالنی، سەرکردەی پارتی "رووسیا بۆ ئاییندە" و ئەندامانی دیکەی پارتەکەی.
ئەنتۆن کۆزیتسین، دانیشتووی مۆسکۆیە و دەڵێت، "ئەوە روونە کە ئەم هەڵبژاردنانە ساختەن، من بە لامەوە سەیرە کە حکومەت بەو شێوەیە بە تووندی و بێ سازشکردن مامەڵە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن دەکات. نەبوونی بژارەی دروست لەم هەڵبژاردنەدا، زۆر دڵگرانکەرە."
رۆژنامەی مۆسکۆ تایمز کە رۆژنامەیەکی سەربەخۆیە، باس لەوە دەکات کە بەهۆی نەبوونی بەربژێری ئۆپۆزیسیۆن، ژمارەیەکی زۆری خەڵک نایانەوێت بەشداری لە دەنگداندا بکەن، بەڵام لە لایەن خاوەن کارەکانیانەوە هەڕەشەیان لێکراوە کە ئەگەر دەنگ نەدەن، کارەکانیان لەدەستدەدەن.
گریگۆری ماتڤیڤ، دانیشتوویەکی دیکەی مۆسکۆیە، ئەویش دەڵێت، "بەداخەوە ئێمە هیچ بژارەیەکمان نییە. هەموومان ئەو شتە دەزانین و دەیبینین. چی بڵێم. زەحمەتە بە گەشبینی لەم هەڵبژاردنانە بڕوانی."
لە کۆی 450 کورسی، ئێستا پارتەکەی پووتین کە ناوی رووسیای یەکگرتووە، 336 کورسی بەدەستەوەیە. راپرسییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم جارەش ئەو پارتە زۆرترین دەنگ بەدەست دەهێنێت.
بەشێک لە خەڵکی رووسیا پێیانوایە، مانەوەی پارتەکەی پووتین لە دەسەڵاتدا پێگەی رووسیا بە بەهێزی دەهێڵێتەوە. دانیشتوویەکی مۆسکۆ ئاماژە بەوە دەکات، "من دەنگ بە رووسیای یەکگرتوو و پووتین دەدەم، چونکە ئەو نیمچە دوورگەی کرێمیای بۆ رووسیا گەڕاندەوە."
هاوکات مۆسکۆ ئەمریکا بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانیدا تۆمەتبار دەکات.
رۆژی هەینی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، باڵیۆزی ئەمریکای لە مۆسکۆ بانگهێشتکرد بۆ ئەوەی نیگەرانیی وڵاتەکەی بە ئەمریکا بگەیێنێت لە بەرامبەر لەکارنەخستنی ئەپلیکەیشنێک کە لایەنگرانی ناڤالنی بەکاریدەهێنن بۆ ئەوەی خەڵک هانبدەن تاوەکو لە دژی پارتەکەی پووتین دەنگ بدەن.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت، ئەوان بەڵگەی روونیان هەیە کە ئەپلیکەیشنەکە پەیوەندیی بە پنتاگۆنەوە هەیە، بەڵام ئەمریکا هیچ هەڵوێستێکی لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەدا نەبوو.