ئێف بی ئای ناسنامەی ئەو کەسە ئاشکرا دەکات کە تەقەی لە ترەمپ کرد
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی فیدراڵیی لێکۆڵینەوەی ئەمریکا (FBI) ناسنامەی ئەو کەسەی ئاشکرا کرد، کە تەقەی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە کرد.
بە گوێرەی FBI، کەسەکە ناوی تۆماس ماتیو کرووکس ـە و، تەمەنی 20 ساڵە، خەڵکی پەنسیلڤانیایە.
FBI لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "بۆمان دەرکەوت؛ تۆماس ماتیو کرووکس، تەمەن 20 ساڵ، خەڵکی بێتل پارکی ویلایەتی پەنسیلڤانیا ئەو کەسەیە لە 13ـی تەممووز هەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی دا لە ناوچەی بەتلەری پەنسیلڤانیا."
تەقەکەرەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە.
بەگوێرەی FBI، ماڵی تەقەکەرەکە 55 کیلۆمەتر لە شوێنی کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی ترەمپ دوورە.
میدیای ئەمریکی باس لەوە دەکات، کرووکس لە ساڵی 2022 قوتابخانەی دواناوەندیی بێتل پارکی تەواوکردووە.
بە گوێرەی تۆمارێکی دەنگدەرانی ویلایەتی پەنسیلڤانیا، کرووکس بە یەکێک لە دەنگدەرانی پارتی کۆماری تۆمارکراوە، کە پارتەکەی ترەمپە.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمساڵ، دەبووە یەکەمین جار تەمەنی کرووکس بۆ دەنگدان بشێت.
تۆمارەکانی کۆمیسیۆنی فیدراڵیی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا نیشانیدەدەن ساڵی 2021، کرووکس 15 دۆلاری بە لیژنەیەکی سەر بە دیموکراتەکان بەخشیوە.
باوکی کرووکس قسەی بۆ میدیای ئەمریکی کردووە و گوتوویەتی هەوڵدەدات بزانێت چی روویداوە، تاوەکو وردەکاریی رووداوەکەش لە دەزگە ئەمنییەکانەوە نەبیستێت، قسە لەسەر کوڕەکەی ناکات.