پێنتاگۆن بۆ رووداو: هێشتا مەترسیی داعش لە عێراق بەردەوامە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، پێشمەرگە بەردەوام بەشێکی جیانەکراوەی هەوڵەکانی تێکشکاندنی داعش بووە. لەبارەی ئەوەی ئایا سیستمی دژەمووشەکی بۆ پێشمەرگە دابین دەکەن، دەڵێت: "بەڵێ.. ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە توانای پێویستیان هەبێت." دەشڵێت، ئێران هەڕەشەیەکی بەردەوامە لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە.
جەنەراڵ پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە لە رۆژی 10ـی مانگی نیسان تۆمارکراوە باسی هاوکاریی پێشمەرگە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای سەربازی و پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق و سەرهەڵدانەوەی داعشی کرد.
لە 15ـی ئەم مانگە محەممەد شیاع سوودانی لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە. رایدەر لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بێگومان دەزانم کە وەزیر ئۆستن بە دڵخۆشییەوە چاوەڕوانی بینینی سەرۆکوەزیران دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا.. عێراق هاوبەشێکی بەنرخە."
لە وەڵامی ئەوەی هەڵسەنگاندنی ئەمریکا بۆ پرۆسەی چاکسازیی پێشمەرگە چییە؟ رایدەر دەڵێت، هەوڵەکان بە رژدی بەردەوامن و "ئێمە زۆر خۆشحاڵین بە درێژەدان بەو هەوڵانە." هەروەها پێشمەرگە بەشێکن لە گفتوگۆی هاریکاریی ئەمنیی هاوبەشی نێوان عێراق و ئەمریکا.
رووداو لە گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکای پرسی، لە کۆنگرێس بڕگەیەکیان بۆ بودجە زیادکرد کە داوای لە وەزارەتی بەرگری کردووە، سیستمی دژە مووشەک بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەن، ئێوە ئەو سیستمە بۆ هەرێمی کوردستان دابین دەکەن؟
پات رایدەر گوتی، "بەڵێ.. ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە توانای پێویستیان هەبێت، هەروەها بەردەوام دەبین لە گفتوگۆکانمان لەوبارەیەوە لەگەڵ لایەنی عێراقی. بێگومان ئێمە بەردەوامیش دەبین لە هاندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە لە نێوخۆدا. بەڵام، دووبارە ئێمە رۆڵی گرنگی پێشمەرگە زۆر گەورە دەنرخێنین. ئەوەش بەشێکی گرنگی ئەو گفتوگۆیانە دەبێت."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: با لەوە دەستپێبکەین، ئێوە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای سەربازیتان لەگەڵ حکومەتی عێراق دەستپێکرد، دەتوانی پێمان بڵێی لەو کۆبوونەوانە گەیشتوونەتە کوێ؟ تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی کۆنکرێتیتان لەو کۆبوونەوانە بەدەستهێناوە؟
پات رایدەر: بەڵێ، بێگومان. سەرەتا وەکو تۆ ئاماژەت پێکرد، کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆنی سەربازیی باڵای نێوان ئەمریکا و عێراق لە مانگی کانوونی یەکەم دەستیان پێکرد، ئەوەش لە ئەنجامی گفتوگۆی هاریکاریکردنی ئەمنیی هاوبەشی نێوان ئەمریکا - عێراق کە لە هاوینی ساڵی 2023 ئەنجامدرا. ئەم هەفتەیە نوێنەرانی باڵای ئەمریکا و عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە. ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرەوپێشچوون لەو نێوەندەدا. بەتایبەتی پێموایە، هەروەکو لە راگەیێندراوەکەشدا ئاماژەی پێکراوە، ئەمە رێگەمان پێدەدا کە بە پرۆسەیەکی سیستماتیکدا بڕۆین بۆ ئەوەی گرووپەکانی کار چەند شتێک هەڵسەنگێنن. یەکەم، ئەمڕۆ مەترسیی داعش چییە؟ هەروەها، ژینگەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئێمە ئێستا چییە؟ جگە لەوە و گرنگتریش، تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق چین؟ لەبەرئەوە، ئەو گرووپانەی کار، دەتوانن سەرکردە باڵاکانی عێراق و ئەمریکا، لە بوارەکانی مەدەنی، سیاسی و سەربازی، ئاگاداربکەنەوە لە گواستنەوەیەکی رێکخراو لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی داعشەوە بۆ رێککەوتنێکی درێژخایەنی دوولایەنەی ئەمنی، نەک تەنیا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەڵکو لەگەڵ هەموو وڵاتانی هاوپەیمانی کە هاوکاربوون لە ئەرکی تێکشکاندنی داعش. بۆیە ئێمە لەو گفتوگۆیانە بەردەوام دەبین و چاومان لە دەرەنجامەکانیانە. پێموایە ئەوە تەنیا نموونەیەکە لەو پەیوەندییە گرنگەی لەنێوان هەردوو وڵات دا هەیە، هەروەها ئەو کارانەی کە دەکرێن بۆ دڵنیابوون لە بەرەوپێشچوونی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
رووداو: هیچ کاتێک بۆ کۆتاییهێنان و بە ئەنجام گەیشتنی ئەو کۆبوونەوانە دیاریکراوە؟
پات رایدەر: بێگومان وەکو دەزانی، ئەوان بەردەوام دەبن تاوەکو گەیشتن بە ئەنجامێک بۆ گواستنەوەیەکی رێکخراو. هیچ کاتێکی دیاریکراوم نییە ئەمڕۆ پێت بڵێم، تەنیا ئەوە نەبێت کە ئێمە هەموومان گرنگیی ئەو کارە دەزانین، بەتایبەتی چونکە ئەوە پەیوەستە بە بەردەوامبوونی عێراق بە پاراستنی سەروەری خۆی و پارێزگاریکردن لە ئاسایشی ئەو وڵاتە. هەروەها لە روانگەی ویلایەتە یەکگرتووەکانیشەوە گرنگە، چونکە ئیدی ئێمە دەتوانین بەردەوامبین لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق و کارکردن بۆ بەرەوپێشبردنی ئاسایشی هەرێمی و سەقامگیری لە تەواوی ناوچەکە دا.
رووداو: شتێک کە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا زیاتر لە سەرکردە عێراقییەکان بیستوومانە، بەتایبەتیش لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەر، پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە عێراق، لە راستی دا لایەنە عێراقییەکان لەسەر ئەو پرسە دابەشبوون، هەندێکیان داوای چوونە دەرەوەی هێزەکان دەکەن، بەشێکیشیان لەگەڵ مانەوەی هێزەکاندان بەهۆی هەڕەشەکانی داعش. ئێوە دەتوانن پێمان بڵێن، سیاسەتی ئەمریکا لەوبارەوە چییە، دەمێننەوە یانیش لە عێراق دەکشێنەوە، پلانتان چییە، هەڵوێستی ئێوە لەسەر ئەمە چییە؟
پات رایدەر: بێگومان، کە باسی گفتوگۆکانی نێوخۆ و سیاسەتی نێوخۆ دەکرێت، ئەوە بەڕاستی پەیوەندیی بە حکومەتی عێراقەوە هەیە کە قسەیان لەسەر بکات. پێگەی ئەمریکا لەو بارەیەوە ئەوەیە کە ئێمە عێراق وەکو هاوبەشێک دەنرخێنین، ئاشکرایە کە هەردوولامان هەمان بەرژەوەندیمان لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەدا هەیە، هەردوولا بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە لە دڵنیابوون لەوەی داعش ئەو مەترسییەی کە دروستیکردبوو، چیدیکە نەتوانێت بیکات. بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێ ئەوە بزانین کە هێشتا مەترسی هەر ماوە، بەڵام لە کۆتاییدا، سووپای ئەمریکا لەوێیە، بێگومان لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق، بۆ راهێنانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ئەرکی تێکشکاندنی داعش دا. بەڵام جارێکی دیکەش، ئەوەی کە کۆمسیۆنی سەربازیی باڵا بۆمان دەکات ئەوەیە کە یارمەتیمان دەدات چۆن بەرەو ئەرکی هاریکاریکردن و پەیوەندیی ئەمنی دوولایەن و درێژخایەن بڕۆین. بۆیە نامەوێ پێش ئەو پرۆسەیە بکەوم. بەڵام لە کۆتاییدا فۆکەسی ئێمە لەسەر کارکردنە لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشەکەمان عێراق، نەک تەنیا بۆ ئەوەی عێراقییەکان هەست بە ئارامی و ئاسایش بکەن. بەڵکو جارێکی دیکە ئێمە پێکەوە کاردەکەین بۆ بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و ئاسایشیی هەرێمی.
رووداو: ژەنەڕاڵ، دوو شت لەسەر ئەوە. یەکەم، ئێوە هیچ داواکارییەکی فەرمیتان لە حکومەتی عێراقەوە پێگەیشتووە بۆ دیارکردنی وادەیەک بۆ کشانەوەی هێزەکانتان؟ دووەمیش، ئایا ئەم پرسی مانەوەیە یانیش کشانەوەی هێزەکانتان بەشێک دەبن لە گفتوگۆکانی بەرپرسانی ئەمریکا، بەتایبەتیش سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق؟
پات رایدەر: ئێستا من نامەوێ بچمە نێو گریمانەکانەوە. دووبارە، ئێمە پرۆسەیەکمان هەیە بۆ قسەکردن لەسەر پەیوەندیی ئەمنیی درێژخایەنی نێوان عێراق و ئەمریکا کە لە رێگەی کۆمسیۆنی باڵای سەربازییەوە دەکرێت. بۆیە نامەوێ پێش ئەوە بکەوم.
رووداو: ئەی سەبارەت بە داوکاری، هیچ داواکارییەکتان لەسەر ئەو پرسە پێگەیشتووە؟
پات رایدەر: جارێکی دیکە، من ئاگاداری هیچ داواکارییەکی تایبەت نیم و تەنیا دەڵێم کە لەوانەیە گوێت لێ بووە سەرۆکوەزیران تیشکی خستووەتە سەر بۆچوونی خۆی، بۆیە باشترە بگەڕێیەوە بۆ ئەو، بەڵام کۆمسیۆنی باڵای سەربازی دەرفەتێکە بۆ ئەنجامدانی ئەو گفتوگۆیانە بە شێوەیەکی سیستماتیک بۆ تێڕوانین لەو سێ بوارەی کە باسم کردن؛ کە بریتین لە هەڕەشەی ئێستای داعش، ژینگەی ئۆپەراسیۆنەکان و، هەروەها تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق. وەکو ئاگاداریت هێزە ئەمنییەکانی عێراق کە پێشمەرگەش دەگرێتەوە رۆڵێکی زۆر گرنگیان هەبوو لە پاشەکشێکردن بە داعش. بێگومان تێکشکێنراوە، بەڵام هێشتا هەر مەترسییە.
رووداو: کاتێک ئێمە قسە لەسەر عێراق دەکەین، دەزانین کە وەزارەتی بەرگریی عێراق، دژە تیرۆری عێراق و هەروەها ژمارەیەک گرووپی چەکدار لە عێراق هەن، بەشێک لەو گرووپانەش لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و هەندێکیان لە دەرەوەی دەسەڵاتی سەرۆکوەزیراندان، پرسیاری یەکەم، هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ئەو گرووپانە چییە؟ دووەمیش، ئێوە هیچ کات لەسەر ئەو گرووپانە قسەتان لەگەڵ ئێران کردووە، چونکە ئەو گرووپانە کێشە بۆ ئێوە، بۆ حکومەتی عێراقیش دروست دەکەن و بوونەتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ناوچەکە؟
پات رایدەر: جارێکی دیکە، بەڕاستی ئەوە شتێکە باشترە لێبگەڕێین حکومەتی عێراقی قسە لەسەر ئەو گرووپە میلیشیایانە بکات کە لەنێو عێراق دان. ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە فۆکەسی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر هاوکاریکردنی حکومەتی عێراق و هێزە ئەمنییەکانی عێراقە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە توانایان هەیە بۆ ئەوەی بەردەوامبن لە رێگریکردن لەوەی جارێکی دیکە داعش ببێتەوە بەو هەڕەشەیەی کە دروستی کردبوو. دەزانی کە ئێستا دەیەمین ساڵیادی هێرشی داعشە بۆ نێو قووڵایی عێراق. ئێمە رێز لە سەروەری عێراق دەگرین. ئاشکرایە کە ئێمە دەمانەوێت هاوبەشێکی بەنرخ بین. بۆیە بەردەوام دەبین لەسەر ئەو فۆکەسە. ئەگەر مەترسی لەسەر هێزەکانمان دروست ببێت، بێگومان ئەوە بەرپرسیارێتی ئێمەیە پارێزگاری و بەرگری لە هێزەکانمان بکەین. من پێیدەزانم و زۆر سوپاسی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەم لە پاراستنی هێزەکانمان. بێگومان ئێمە هەمیشە لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکانمان لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی هێزەکانمان سەلامەتن. هەر ئەوەندە دەڵێم.
رووداو: هیچ کات پەیوەندیتان بە ئێرانەوە کردووە کە ئەو گرووپانە جڵەو گیربکات و هێرش نەکەنە سەر هێزەکانی ئێوە، وەکو لە ساڵی رابردوو بینیمان چەندین جار لە هەرێمی کوردستان و عێراق هێرشیان کردە سەر هێزەکانتان؟
پات رایدەر: بێگومان ئێران هەڕەشەیەکی بەردەوامە لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە بەگشتی. بەداخەوە ئەوان گرووپە پرۆکسییەکانیان بەکاردەهێنن بۆ دروستکردنی نامتمانەیی و گرژی و، راشکاوانەش بۆ تێکدانی تەواوی ناوچەکە. ئەوە کێشەیەکی نوێ نییە. لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بینیومانە پرۆکسییە ئێرانییەکان ئەو جۆرە هێرشانە ئەنجامدەدەن و بەکاردێن وەکو ئامرازێکی کار بۆ ئەوەی کاریگەری بخەنە سەر ئەو دەرەنجامانەی بە دڵی..
رووداو: هیچ پەیامێکتان لەسەر ئەم پرسە داوەتە ئێران، لە رێگەی حکومەتی عێراق، بەشێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ؟
پات رایدەر: جارێکی دیکە پێموایە، پەیامی ئێمە ئەوە دەبێت کە ئێمە فۆکەسمان لەسەر سەقامگیریی ئەمنی ناوچەکەیە، هەروەها کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان لەو ناوچەیە بۆ ئەوەی رێگە بە خەڵک بدەین بە ئاشتی بژین، بۆ ئەوەی رێز لە سەروەری بگیرێت، هەروەها بۆ ئەوەی جۆرە ژینگەیەک دروستبکرێت کە هەموو خەڵک تێیدا بژین، بەڵام ئەگەر هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمریکا بکرێت و هێرشیان بکرێتە سەر، هەر وەکو لە رابردووش دا پێشانمانداوە، دوو دڵ نابین لە جێبەجێکردنی کرداری پێویست.
رووداو: ئەمە پەیامێکی ئاشکرا و گشتییە، هیچ پەیامی نهێنی هەبووە بۆ حکومەتی ئێران؟
پات رایدەر: ناتوانم بچمە نێو باسی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکانەوە.
رووداو: زۆر باشە، پرسێکی دیکە هەیە، کاتێک باسی ئاسایشی عێراق دەکەین، ئێمە دەزانین کە داعش هێشتا چالاکە، لە عێراق و لە سووریاش، هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ هەڕەشەکانی داعش لەم قۆناخەدا چییە؟
پات رایدەر: دەزانی، کە بە دڵنیاییەوە داعش ئێستا لەو پێگەیەی ساڵی 2014 دا نییە. کاتێک کە دەستیان پێکرد، دڕندە بوون، هێرشیان لە سەرانسەری ناوچەکە هەبوو. وەکو باسمکرد ئەوان لەڕووی جوگرافییەوە تێکشکاون، بەڵام هەڕەشەیان لەو ناوچەیە هەر ماوە. لەبەر ئەوە گرنگە ئێمە بەردەوامبین لە گوشار خستنە سەر سەرکردەکان و تواناکانی داعش بۆ ئەوەی رێگری بکەین لە دووبارە سەرهەڵدانەوەیان. پێموایە یەکێک لە بوارە زۆر مەترسیدارەکان، ئەو ژمارە گەورەیەی بەندکراوەکانی داعشە، کە وەکو دەزانی لە کەمپی هۆلن. لەبەر ئەوە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە نزیکەوە لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دیکە لە ناوچەکە کاریان کردووە بۆ ئەوەی ئەگەر ئەو بەندکراوانە گەڕێندرانەوە وڵاتانی خۆیان، کاریگەری ئەو بۆمبە کاتییە کەمبکەنەوە، مەبەستم لە کامپەکەیە. بۆیە ئەوە شتێکە ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان، لەنێویشیان دا هێزە ئەمنیەکانی عێراق و پێشمەرگە.
رووداو: هیچ ئامارێکت لایە، یان دەزانن ئێستا ژمارەی چەکدارانی داعش لە عێراق و لە سووریا چەندە؟
پات رایدەر: هیچ ژمارەیەکم نییە کە پێتبدەم، بەڵام ماوە ماوە راپۆرتی هێرشەکانی داعش دەبینین. جارێکی دیکە دەمەوێ پێزانین بدەم بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی دژە تیرۆر کە کارێکی باشیان کردووە لە سەرکوتکردنی داعش دا، بەڵام پێموایە کە دەزانین، هەروەکو لە شوێنەکانی دیکەی جیهان لە مۆسکۆ و ئەفریقا بینیمان، داعش هەوڵدەدات لە چەند شوێن سەرهەڵبداتەوە. ئەوە بیرێکی پیسە و دەبێت چارەسەر بکرێت. بێگومان کەس نایەوێت ئەوەی لە ساڵی 2014 روویدا جارێکی دیکە بیبینێتەوە، کاتێک داعش دروست 24 کیلۆمەتر لە بەغدا نزیکبوویەوە و لە دەوروبەری هەولێر بوو، هەروەها ئەو دیمەنە قێزەونانەی کە بینیمانن.
رووداو: ئێمە لە عێراق، هەرێمی کوردستانیشمان هەیە، یەکەم شت، دەتوانین باسی ئاست یان شێوەی پەیوەندییە سەربازییەکانتان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بکەن؟ دووەمیش، هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ پرۆسەی چاکسازی پێشمەرگە چییە، کە ئێوە بۆ ماوەیەک دەبێت لەسەر ئەمە کاریان لەگەڵ دەکەن و دەتانەوێت دەستی حیزبی لەو پرۆسەیەدا ببڕن، خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەمە چییە؟
پات رایدەر: بەڵێ بێگومان. پێشمەرگە بەردەوام بەشێکی جیانەکراوەی هەوڵەکانی تێکشکاندنی داعش بووە. بە دڵنیاییەوە، وەکو دەزانن ئازایەتی و توانای هێزەکانی پێشمەرگە بەباشی دیارە، بەتایبەتی لە شەڕی دژی داعش دا. دەزانی نموونەی زۆر هەن کە لێرە باسیان بکەم لەسەر کاریگەریی ئەوان لەم کامپەینەدا. بۆیە ئەوە شتێکی گرنگە. وەک دەزانی لە ساڵی 2022، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و حکومەتی هەرێمی کوردستان یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد، کە سەیری ئەو رێگەیانە دەکات کە پێشمەرگە بتوانێت لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا یەکگرتووبێت. هەروەها بۆ درێژەدان بە هاوکاریکردنی پێشمەرگە بۆ ئەوەی ئەو هێزە بەرەوپێش بچێت و ببێتە هێزێکی شەڕکەری بەتوانا. بۆیە ئەو هەوڵانە بە رژدی بەردەوامن. ئێمە زۆر خۆشحاڵین بە درێژەدان بەو هەوڵانە. لە دواییدا، کاتێک باسی کۆمیسیۆنی سەربازیی باڵا دەکرێت، پێشمەرگەش بەشێک دەبێت لەوە. هەروەها بەشێکن لە گفتوگۆی هاریکاری ئەمنی هاوبەشی نێوان عێراق و ئەمریکا. بۆیە ئێمە رۆڵی پێشمەرگە لە سەقامگیریی ئاسایشی ناوچەکە زۆر گەورە دەنرخێنین. بەتایبەتی وەکو بەشێک لە پرۆسەی تێکشکاندنی داعش دا.
رووداو: لە پڕۆژە بودجەی ساڵی 2025، داوای 138 ملیۆن دۆلار زیاترتان بۆ عێراق و سووریا کردووە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو، لە هەمان کات دا دەبینین ئەو بڕە پارەیەی بۆ مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە داواتانکردووە، بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە، دەتوانی لەسەر ئەمە وردەکاری زیاتر بدەیت، هۆکارەکەی چییە؟
پات رایدەر: بەڕاستی لە پرۆژە بودجەی ساڵی 2025، ئەوەندەی کە بزانم، ئەو پارەیەی کە بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگەمان تەرخانکراوە، بە بڕی 138 ملیۆن دۆلار زیادیکردووە. ئەوەی کە دەیبینیت ئەوەیە کە بڕی 60 ملیۆن دۆلار لەو پارەیە دەڕوات بۆ مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە. هەروەها بڕی 58 ملیۆن دۆلار دەڕوات بۆ راهێنان و پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە. لە راستی دا ئەو پارەیە، ئەگەر کۆنگرێس دابینی بکات، یارمەتی هاوکاریکردنی دوو لیوای نوێ و بورجی چاودێریکردنی زیاتر دەدات، هەروەها یارمەتی ئەو توانا سەرەکییانە دەدات کە دەبنە هۆی بەهێزکردنی پێگەی کورد لە تێکشکاندنی داعش و بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەیی دا.
رووداو: زۆر باشە، کە پرسەکە لەسەر بودجەیە، لە ساڵی رابردوو لە بودجەی وەزارەتی بەرگری، کاتێک برایە کۆنگرێس، لە کۆنگرێس بڕگەیەکیان بۆ زیادکرد کە داوای لە وەزارەتی بەرگری کردووە، سیستمی دژە مووشەک بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەن، ئێوە ئەو سیستمە بۆ هەرێمی کوردستان دابین دەکەن کاتێک سەرۆک پڕۆژە یاساکەی لە مانگی دیسێمبەری رابردوو واژۆکرد و بووە یاسا، یانیش چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بڕگەیەی یاسای بەرگری نیشتمانی دەکەن؟
پات رایدەر: بەڵێ.. ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە توانای پێویستیان هەبێت، هەروەها بەردەوام دەبین لە گفتوگۆکانمان لەوبارەیەوە لەگەڵ لایەنی عێراقی. بێگومان ئێمە بەردەوامیش دەبین لە هاندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە لە نێوخۆدا. بەڵام، دووبارە ئێمە رۆڵی گرنگی پێشمەرگە زۆر گەورە دەنرخێنین. ئەوەش بەشێکی گرنگی ئەو گفتوگۆیانە دەبێت.
رووداو: ئەی بیر لە پێدانی ئەو سیستمە دەکەنەوە تاوەکو بتوانن رووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببنەوە کە لە ئێران یانیش گرووپە چەکدارەکانەوە دێن؟
پات رایدەر: ئەمڕۆ هیچ شتێکی تایبەتم لەوبارەیەوە نییە کە رایبگەیێنم، بەڵام جارێکی دیکە، ئەوە دەزانم کە توانای رووبەڕووبوونەوەی درۆنی خۆکوژ پرسێکی گرنگە کە ئێمە لێی دەڕوانین، ئەوە سەرەڕای ئەو توانایانەی کە پێشتر باسمکردن.
رووداو: پرسیارێک لەسەر سووریا، ئێمە دەزانین بوونی سەربازیی ئێوە لە عێراق هاوکارێکی سەرەکییە بۆ هێزەکانتان لە سووریا، بۆیە دەپرسم، تاوەکو چەند مانەوەی سەربازەکانتان لە عێراق بۆ پشتیوانیکردن لە ئامانجی تێکشکاندنی داعش لە سووریا گرنگە؟
پات رایدەر: گرنگە لە جیاوازی نێوان ئەو کارەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لەگەڵ ئەوەی لە سووریا دەیکەن، تێبگەین. لە عێراق، هێزەکانمان لەوێن بۆ راهێنان و راوێژدان بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و، بێگومان لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق. بۆیە ئەوە هێزە ئەمنییەکانی عێراقن کە لە راستی دا فۆکەسیان لەسەر رووبەڕووبوونەوەی داعشە. لە سووریا، هێزەکانی ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشەکان کاردەکەن بۆ دڵنیابوون لە دووبارە سەرهەڵنەدانەوەی داعش. بۆیە ژینگەیەکی کەمێک جیاوازە. هەروەها بێگومان کە دەزانی بۆ پشتیوانیکردن لە گرووپەکانی وەک هێزەکانی سووریای دیموکرات، بەتایبەتی لە بەندیخانەی هۆل بۆ ئەوەی دڵنیابین لە راگرتنی ئەو شوێنە و گەڕاندنەوەیان. بۆیە لەو رووەوە کەمێک جیاوازە، بەڵام بێگومان هەموویان فۆکەسیان لەسەر ئەرکی ستراتیژی و گرنگی تێکشکاندنی داعشە بەشێوەیەکی هەمیشەیی.
رووداو: هەر لە سووریاین، ئەوەش دەپرسم، پەیوەندییەکانتان لەگەڵ هەسەدە چۆنە، داهاتووی پەیوەندییەکانتان و بەتایبەتی لە ساڵی داهاتوو چۆن دەبێت، چونکە ئێمە زۆر راپۆرتمان بینیوون کە باس لەوە دەکەن ئەمریکا بەنیازە، یانیش گەڵاڵەی پڕۆژەیەک دەکات بۆ کشانەوە لە سووریا، دەتوانی وردەکاری زیاترم لەسەر ئەوە پێبدەیت، داهاتووی پەیوەندییەکانتان لەگەڵ هەسەدە چۆن دەبێت، کاتێک دەبینن ژمارەیەکی زۆر چەکداری زیندانیکراوی داعش لە زیندانەکان دا هەن و گەڕانەوەی داعشیش هێشتا هەڕەشەیە؟
پات رایدەر: بەڵێ، ئێستا ئێمە کە لێرە دانیشتووین، ئەرکێکمان هەیە کە پێماندراوە و لەسەر ئەوەش بەردەوام دەبین. هەسەدە زۆر جێگەی متمانە بوو لە شەڕی دژی داعش دا. ئێمەش بەردەوام دەبین لەو پەیوەندییەمان لەگەڵیان بۆ پێشڤەچوون لە ئەرکی تێکشکاندنی داعش دا.
رووداو: لەکاتێکدا خەریکە کاتەکەمان تەواو دەبێت، دەمەوێت بڵێم، ئێوە چەند جارێک چوونەتە هەرێمی کوردستان، دەتوانی باس لە یەکەمین سەردانت بۆ کوردستان بکەیت، باسی ئەو ئەزموونە بکەیت کە لەو سەردانە بینیت؟
پات رایدەر: بێگومان. یەکەم سەردانم بۆ زاخۆ بوو لە دیسێمبەری ساڵی 1995، ئەگەر لەبیرت بێت، لەو کاتەدا دۆخێکی مرۆیی گەورە هەبوو. لەوکاتەدا "ناوچەی نەفڕین" لە باکووری عێراق و هەرێمی کوردستان هەبوو. دەرفەتی ئەوەم هەبوو بۆ ئەوەی سەردانی ئەوێ بکەم و هەندێک لە هێزەکانمان ببینم کە یارمەتیی پاراستنی هاوکارییەکانیان دەکرد. ئەوکات خەڵک زۆر دۆستانە و گەرموگوڕ بوون. ئەوە ساتێکی زۆر تایبەت بوو. لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دەرفەتم هەبووە چەند جارێک سەردان بکەم، بەتایبەتی بۆ هەولێر. بێگمان لەکاتی ئۆپەراسیۆنی شەڕی دژی داعش. ئێمە هەمیشە لەوێ بە باوەشێکی کراوە بەخێرهاتنمان لێکراوە.
رووداو: دوایین پرسیارم، کاتێک سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەفتەی داهاتوو دێتە واشنتن، مژارەکانی سەر مێزی گفتوگۆ چین، هەروەها چاوەڕوانیتان لەو کۆبوونەوانە چییە و ئەمریکا دەیەوێت لەو کۆبوونەوانە دا چی بەدەستبێنێت؟
پات رایدەر: بێگومان، بەدڵنیاییەوە دەتوانین لەکاتی ئەو کۆبوونەوانەدا زیاتر قسەبکەین. بێگومان دەزانم کە وەزیر ئۆستن بە دڵخۆشییەوە چاوەڕوانی بینینی سەرۆکوەزیران دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا. جارێکی دیکە، عێراق هاوبەشێکی بەنرخە. ئێمە زۆر سوپاسی هاوکارییەکانیان لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا دەکەین، هەروەها چاومان لە درێژەدانە بەو هاوکارییانە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندییە.
رووداو: زۆر سوپاس ژەنەڕاڵ بۆ ئەوەی لەگەڵ رووداو بوویت.
پات رایدەر: بە دڵخۆشییەوە.