دۆناڵد ترەمپ: هیچ کێشەیەکم لەگەڵ د. ئانتۆنی فۆچی نییە
رووداو - هەولێر
سەرۆکی ئەمریکا لەدوای ریتوویتکردنەوەی توویتێک کە باسی لە دەرکردنی د. ئانتۆنی فۆچی لە تیمی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆشکی سپی دەکرد، رایگەیاند، هیچ کێشەیەکم لەگەڵی نییە و پێموایە هەبوونی بیروبۆچوونی جیاواز شتێکی باشە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی ناکۆکییەکانی لەگەڵ د. ئانتۆنی فۆچییەوە رایگەیاند، من هیچ کێشەیەکم لەگەڵ د. فۆچی نییە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان لە سەرەتاوە لەسەر رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەمان بۆچوونیان هەبووە، ئێستاش ئەگەر بۆچوونێکی ناکۆکیان هەبێت، ئەوە شتێکی باشە و خراپ نییە.
گوتەکانی دۆناڵد ترەمپ لە بارەی ئانتۆنی فۆچی لە کاتێکدان کە د. فۆچی لە چاوپێککەوتنێکیدا رایگەیاندبوو، ئەگەر لە ئەمریکا زووتر رێکار دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بگیرایەتە بەر، دەتوانرا رێگری لە مردنی خەڵکی زیاتر بکرێت.
ئەو گوتەیەی د. فۆچی رەخنەیەکی راستەوخۆ بوو لە خودی دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی دیکەی کۆشکی سپی کە لەسەرەتاوە گاڵتەیان بە ڤایرۆسەکە دەکرد و ئامادەنەبوون هیچ هەنگاوێکی جیددی لە دژی بنێن.
لەدوای ئەو قسانەی، چەند توویتێک لەسەر فۆچی بە هاشتاگی فۆچی دەربکە بڵاوکراوەنەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا یەکێک لەو توویتانەی لە هەژمارەکەی خۆی ریتوویتکردووە و ئەوەش وایکرد ناکۆکییەکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ و د. ئانتۆنی فۆچی بتەقنەوە و ببنە جێگەی باس و خواسی خەڵک و راگەیاندنەکانی ئەمریکا.