پەیمانگەی ئاشتیی نێودەوڵەتی: لە 2022دا ئاڵوگۆڕی چەک لە جیهان 93٪ زیادیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
ئاراستەی سیاسی، خواست و بەرژەوەندیی جیاوازی وڵاتان دەکرێت سەر بکێشێت بۆ ئاشتی، دروستکردنی هاوپەیمانی یان بە پێچەوانەوە جەنگ. لە بەرامبەریشدا، رێی تێدەچێت هەڵگیرسانی جەنگێک کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاراستەی سیاسیی ژمارەیەک وڵات یان هەموو جیهان دابنێت.
پەیمانگەی توێژینەوەی ئاشتیی نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵم لە نوێترین توێژینەوەیدا لەبارەی بازاڕی بازرگانیی چەکی جیهان و خواستی وڵاتان بۆ کڕینی چەک باس لەوە دەکات، بازاڕی نێودەوڵەتیی چەک لە 2022دا بەراورد بە ساڵێک پێش خۆی 93٪ زیادیکردووە.
ئەوروپا 30٪ـی تەواوی ئاڵوگۆڕی چەکی جیهان پێکدەهێنێت. پیتەر ڤەیزمەن، توێژەر لە پەیمانگەی توێژینەوەی ئاشتیی نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵم دەڵێت، "لە هەندێک وڵات یان ناوچەدا بەرزبوونەوەیەکی لەرادەبەدەر دەبینین، بە تایبەت لە ئەوروپا بەراورد بە پێنج ساڵی رابردوو، بەرزبوونەوەیەکی بەرچاومان لە هاوردەکردنی چەکدا بینیوە."
ئۆکراینا کە خانەخوێی جەنگە، وەک هۆکاری ئەو زیادبوونە دادەنرێت کە لە شووباتی 2022دا لەگەڵ رووسیادا کەوتە جەنگەوە.
بە گوێرەی توێژینەوەکەی پەیمانگەی توێژینەوەی ئاشتیی نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵم، هاوردەکردنی چەک لەلایەن ئەوروپاوە بەراورد بە 2021، 47٪ زیادیکردووە، ئەمە لەکاتێکدایە کڕینی چەک لەلایەن ئەفریقاوە -40٪، لە ئەمریکای باشوور -20٪، لە ئاسیا -7٪ و لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست -9٪ کەمیکردووە.
پیتەر ڤەیزمەن لەبارەی هۆکارەکەی دەڵێت: "بە دڵنیاییەوە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، دوای داگیرکردنی کریمیا لەلایەن رووسیاوە لە 2014، وڵاتانی ئەوروپا بڕیاری زیادکردنی توانا سەربازییەکانیان دا. دوای داگیرکردنی کریمیا وڵاتە ئەوروپییەکان بڕیاری کڕینی چەکی جۆراوجۆریاندا، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە 2022، زیادبوون و خێرابوونێکی دیکە دەبینین لە پرۆسەی کڕینی چەکدا."
هەرچەندە گەرمبوونی بازاڕی بازرگانیی چەک بۆ زۆر لە وڵاتان کاریگەریی نەرێنی ئابووری و دیپلۆماسی هەیە، بەڵام سوودی باشیشی بۆ هێزدان بە ئابووری و پێگەی بەشێک لە وڵاتان هەبووە.
لە راپۆرتەکەی پەیمانگەی توێژینەوەی ئاشتیی نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵم دا هاتووە، پێش 2022 گوژمەی ساڵانەی بازاڕی چەکی جیهان 100 ملیار دۆلار بوو، بەڵام لە 2022دا گوژمەی بازاڕەکە 2 تریلیۆن دۆلار بووە.
ئەمریکا وەک دابینکاری 40٪ـی چەکی ئەو بازاڕە دادەنرێت و لە دوای ئەویش رووسیا 16٪، فەرەنسا 11٪، چین 5٪ و ئەڵمانیا %4ـی هەناردەی بازاڕەکەیان بەڕێوەبردووە.
2022 لای زۆربەی وڵاتان ساڵی رێکخستن و بەهێزکردنی توانای بەرگری بوو، دیارترین ئەوانەش بەهۆی گۆڕانکاریی لە ئاراستەی گرژییەکاندا بودجەی بەرگریی وڵاتیان زیادکردووە، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا، چین و تایوان بوون.