بەڕێوەبەری تۆڕی هەواڵی ئەوروپی بۆ رووداو: ئێوە باڵیۆزی هەرێمەکەتان و وڵاتەکەتانن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گەورەترین تۆڕی ئاڵۆگۆڕی هەواڵی ئەوروپی دەڵێت، بردنەوەی خەڵاتی زێڕینی ستیڤی لە لایەن رووداوەوە "سەلمێنەری پیشەگەری و ئاستبەرزیی" رووداوە؛ گوتیشی "ئێوە باڵیۆزی هەرێم و وڵاتەکەتانن."
ئەدریان وێڵز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆڕی هەواڵی ئەوروپی - ئینێكس، رۆژی هەینی، 13-10-2023 لە رێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە لە بووڵتەنی کاژێر 8:00ی ئێوارەی رووداو کە رێبوار عەلی پێشكێشیکرد، بەشداربوو.
لە بارەی بردنەوەی خەڵاتی زێڕینی ستیڤی لەلایەن رووداوەوە، وێڵز گوتی، "ئەوە سەلمێنەری پیشەگەری و ئاستبەرزیی رووداوە لە هەموو شێوازەکانی گەیاندنی بەرهەمەکەیدا".
وێڵز لە بارەی رۆڵی میدیایی رووداوەوە گوتی، "ئێوە رۆڵێکی زۆر گرنگتان هەیە، چونکە بۆ زۆر خەڵک، کاتێک کە بیر لە عێراق دەکەنەوە، بە تایبەتی وەرگری نێودەوڵەتی، رەنگە نەزانن بە وردی لە هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردستان چی روودەدات. بۆیە تۆڕی میدیایی رووداو رۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە گواستنەوەی هەواڵی ناوچەکەتان و پێدانی زانیاری لەبارەی ئابووری، کولتوور و خەڵکەکەتان"؛ هەروەها گوتیشی، "رۆڵی ئێوە ئێستا ئەوەیە کە باڵیۆزی هەرێمەکەتان و وڵاتەکەتانن. پێم وایە ئێوە زۆر بە باشی ئەو کارە دەکەن".
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و ئەدریان وێڵز
رووداو: تۆڕی میدیایی رووداو خەڵاتی زێڕینی ستیڤی بردەوە. تا چەندە گرنگە هاوبەشێکتان لە تۆڕی ئینێکس ئەو خەڵاتە دەباتەوە؟
ئەدریان وێڵز: پێم وایە ئەوە سەلمێنەری پیشەگەری و ئاستبەرزیی رووداوە لە هەموو شێوازەکانی گەیاندنی بەرهەمەکەیدا. ئاستەنگێکی بەردەم میدیای هەواڵی لەم رۆژانەدا ئەوەیە کە چۆن بتوانن نەک تەنیا لەسەر تەلەڤزیۆن کاربکەن، بەڵکو لە دیجیتاڵ میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش. پێم وایە یەکێک لە شتە گرنگەکانی رووداو ئەوەیە کە توانیویەتی بە باشی لەسەر هەموو ئەو سەکۆیانە کاربکات بۆ ئەوەی خزمەت بە وەرگرەکانی بکات، چ بیانەوێت لەسەر ماڵپەڕەکەتان بخوێننەوە یان بیانەوێت بابەتەکانتان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ببینن یانیش بە شێوەی نەریتی تەماشای تەلەڤزیۆنەکەتان بکەن. پێم وایە شتێکی زۆر باشە بۆ رووداو کە توانیویەتی زۆر بە باشی لەسەر هەموو ئەو سەکۆیانە کاربکات. ئەم خەڵاتەش پێزانینێکی دادپەروەرانەیە بۆ ئەو کارە مەزنەی کە ئێوە دەیکەن.
رووداو: ئەم خەڵاتە چ بەرپرسیاریەتییەکی زیاتر دەخاتە ئەستۆی رووداو؟
ئەدریان وێڵز: پێم وایە بەرپرسیارێتیی خەڵاتەکە شتێکە کە دەبێت بیری لێ بکەینەوە، چونکە کاتێک لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خەڵات دەکرێیت، ئاستی کەناڵەکەتان، بەرهەمەکەتان و ئەو رۆژنامەڤانە پیشەگەرانەشی لەگەڵتان کاردەکەن بەرزتر پیشان دەدرێت. ئەگەر خەڵک لە بارەی رووداوەوە نەیزانی بێت، ئەوە جێگەی سەرسووڕمانە، بەڵام ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئیدی لەبارەیەوە بزانن، لەبەر بردنەوەی ئەم خەڵاتە. لەبەر ئەوەش دێن سەیری خزمەتگوزارییەکانتان دەکەن، رەنگە بە زمانی ئینگلیزی؛ رەنگە بە عەرەبی یان کوردی، بەرهەمەکەتان دەخوێننەوە و بۆ یەکەمین جار دەیبینین و بۆیان دەردەکەوێت کە لیژنەی دادوەرانی خەڵاتەکە کارێکی راستیان کردووە کە ئەم خەڵاتەیان بە ئێوە داوە.
رووداو: رووداو هاوبەشێکی ئێوەیە لە ئینێکس. رووماڵ و کارەکانی رووداو چەندە بوونەتە یارمەتیدەری هاوبەشەکانی دیکەتان لە ئینێکس؟
ئەدریان وێڵز: ئێمە دامەزراوەیەکی هەواڵیی جیهانین و لەسەر بنەمای هاوئاهەنگی کاردەکەین، واتە ئێمە هیچ نووسینگەیەکمان نییە پڕ بێت لە رۆژنامەڤان و وێنەگری ئینێکس یانیش لە سەرانسەری جیهان هیچ نووسینگەیەکمان نییە، پێچەوانەی شێوازی کارکردنی هەندێ ئاژانسی هەواڵی. ئەوەی کە ئێمە دەیکەین، پێکهێنانی هاوپەیمانییە لەگەڵ ئەوانەی کە پێمان وایە باشترین و رێزلێگیراوترین دامەزراوەی میدیایین لە ناوچەکانی خۆیاندا و دواتر پەیوەندیی ئاڵۆگۆڕکردنی بابەت، نووسین و ڤیدیۆیان لەگەڵ دەبەستین. ئێمە پشت بە ئێوە دەبەستین بۆ ئەوەی هەواڵی ناوچەکەتان بگوازنەوە لە هەر کوێیەک بن و پیشانبدەن کە چی لە ناوچەکەتان روودەدات. ئێمە پشت بە ئێوە و بابەتەکانتان دەبەستین نەک تەنیا بۆ ئینێکس، بەڵکو لەوە گرنگتر، بۆ ئەوەی بەسەر هەموو هاوبەشەکانماندا لەسەرانسەری جیهان بڵاویان بکەینەوە کە ئەوان زۆر پەرۆشن بزانن چی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، عێراق و هەرێمی کوردستان روودەدات.
رووداو: رۆڵی رووداو لە میدیای کوردستان و ناوچەکە چۆن دەبینن؟
ئەدریان وێڵز: پێم وایە ئێوە رۆڵێکی زۆر گرنگتان هەیە، چونکە بۆ زۆر خەڵک، کاتێک کە بیر لە عێراق دەکەنەوە، بە تایبەتی وەرگری نێودەوڵەتی، رەنگە نەزانن بە وردی لە هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردستان چی روودەدات و چ جیاوازییەکی لەگەڵ دراوسێکانی هەیە. بۆیە بە بە بڕوای من، تۆڕی میدیایی رووداو رۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە گواستنەوەی هەواڵی ناوچەکەتان و پێدانی زانیاری لەبارەی ئابووری، کولتوور و خەڵکەکەتان. هەروەها ئێوە تۆڕێکی فراوانی پەیامنێرانتان هەیە، چ لە ئیستەنبووڵ بێت یان واشنتن یان بەغدا یان هەموو شوێنەکانی دیکە کە کاری لێ دەکەن. ئێوە هەمیشە ئەو رۆژنامەڤانانە دەنێرن کە بە ستانداردی بەرزەوە کاردەکەن و هەوڵدەدەن بە هاوسەنگی و راستگۆیی هەواڵ بگوازنەوە. بە بڕوای من، ئێستا رۆڵی ئێوە ئەوەیە کە باڵیۆزی هەرێمەکەتان و وڵاتەکەتانن. پێم وایە ئێوە زۆر بە باشی ئەو کارە دەکەن.
رووداو: پلانی ئێوە وەک ئینێکس بۆ زیاترکردنی هاوئاهەنگی هاوبەشەکانتان چییە؟
ئەدریان وێڵز: ئێمە زۆر پلانمان هەیە. یەکێک لەو شتانەی کە لەم کاتەدا زۆر سەرنجمان لەسەریەتی، ئەوەیە لە ماوەیەکی نزیکدا سەکۆیەکی نوێی بڵاوکردنەوە و دابەشکردن بکەینەوە کە سوود لە تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد وەردەگرێت. دەمانەوێت سوود لە بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیای وەرگێڕانی زمانەکان وەربگرین بۆ ئەوەی هەر بابەتێک بە هەر زمانێک بێت، چ گوتراو بێت لە نێو هەڤپەیڤینێکدا یان دەنگی رۆژنامەڤانێک بێت، تەکنەلۆژیاکە دەینووسێتەوە و دواتر وەریدەگێڕێتە سەر هەر زمانێک بە وردەکارییەکی زۆرەوە، واتە لە داهاتوودا بۆ هەواڵی نێودەوڵەتی، چیدیکە پێویستت بەو کەسانە نابێت کە بە ئینگلیزی، فەرەنسی یان هەر زمانێکی دیکەی باو قسە دەکەن، بەڵکو ئامێرەکان دەتوانن ئاڵۆگۆڕکردنی ڤیدیۆ لە نێوانماندا ئاسان بکەن. بە بڕوای من، ئەوە یەکێکە لە شتە هەرە باشەکان کە ئێمە کاری لەسەر دەکەین بۆ ئەوەی هەموو بەربەستێکی زمانەوانی لە بواری ئاڵۆگۆڕکردنی هەواڵدا نەهێڵین. پێم وایە ئەوە یارمەتیدەردەبێت لە زیادکردنی قەبارەی بابەتە ئاڵۆگۆڕکراوەکانی نێو گرووپەکەمان و هەروەها یارمەتیی ئێوەش دەدات لە چۆنیەتیی سوودبینین لە بابەتی هاوبەشەکانی دیکەمان لە هەر شوێنێک بن.