داعش لە ئەفغانستان 14 کەسی کوشت
رووداو دیجیتاڵ
لە هێرشێکی چەکداریدا لە نێوەڕاستی ئەفغانستان، 14 کەس کوژران و شەشی دیکە بریندار بوون. رێکخراوی داعش هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.
رۆژی هەینی 13-09-2024 حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان رایگەیاند، چەند چەکدارێکی نەناسراو لە پارێزگای دەیکوندی لە نێوەڕاستی ئەفغانستان بە هەڕەمەکی تەقەیان کرد و 14 کەسیان کوشت؛ شەش کەسی دیکەش بریندار بوون.
رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لەئەستۆ گرت، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی بڵاونەکردەوە. دانیشتووانی پارێزگای دەیکوندی زۆرینە شیعە مەزهەبن و بە یەکێک لە سەلامەتترین پارێزگاکانی ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێت.
زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی تاڵیبان لە ئێکس رایگەیاند، "پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خێزانی قوربانییەکان دەکەین، هەوڵی جیدی دەدەین بۆئەوەی تاوانبارەکان بدۆزینەوە و رووبەڕووی دادگەیان بکەینەوە."
موجاهید هێرشەکەی بە "وەحشیگەرایی لە دژی خەڵکی سڤیلی ئەفغانستان" وەسف کرد.
رێکخراوی داعش-خوراسان کە لەو ناوچەیە جموجۆڵی زۆرە، لە دژی تاڵیبان چەندین هێرش و کردەی کردووە و تاڵیبان بە یەکێک لە دووژمنەکانی خۆی دەزانێت.
رێکخراوەکە لە راگەیێندراوێک بڵاویکردەوە، "سەربازانی خەلافەت تەقەیان لە گرووپێکی لە ئایین هەڵگەڕاوە کرد و 15 کەسیان کوشت."
هێرشەکە لەسەر سنووری نێوان هەردوو پارێزگەی دەیکوندی و غوور کراوە، ئەوانەی بەر هێرشەکە کەوتوون بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی شاری کەربەلای عێراق چووبوونە شوێنەکە. زیارەتکاران سێ هەفتە لەمەوبەر بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن چووبوونە عێراق.
ریچارد بێنێت، راپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان بڵاویکردەوە، "بەو رووداوە حەپەساوم و پێویستە پارێزگاری لە ئەفغانستان بکرێت."
سەرەتای مانگی رابردوو، داعش-خوراسان تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە کابولی پایتەختی وڵاتەکە لە ئەستۆ گرت کە بووە هۆی کوژرانی شەش کەس. لە مانگی ئایاریشدا گرووپەکە هێرشێکی چەکداریی لە ئەستۆ گرت کە لە پاریزگەی بامیان روویدا و سێ گەشتیاری ئیسپانی بەهۆیەوە کوژران.