ئیلۆن مەسک هەوڵی سەرخستنی دۆناڵد ترەمپ دەدات

رووداو دیجیتاڵ 

ئیلۆن مەسک پشتیوانیی دارایی گرووپێکی سیاسی دەکات کە مەبەستیان سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکانە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
 
ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین کەسی جیهان و خاوەنی کۆمپانیاکانی تێسلا بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی و سپەیس ئێکس بۆ بۆشایی ئاسمان، دەیەوێت لەو رێگەیەوە جێدەستی خۆی لە گۆڕەپانی سیاسیی ئەمریکا جێ بهێڵێت.
 
بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ میدیای ئەمریکی، مەسک هاوکاریی دارایی گرووپێکی بچووک دەکات بە ناوی (ئەمێریکا پاک). 
 
هەرچەندە بڕی ئەو پارەیە دیار نییە کە مەسک پێشکێشی گرووپەکەی کردووە، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن، زۆرە.
 
بڕیارە 15ـی ئەم مانگەش گرووپە سیاسییەکە لیستی ناوی ئەو کەسانە بڵاوبکاتەوە کە هاوکاریی دارایی پێشکێش کردوون.
 
ئەم هەنگاوە ئاماژەیە بەوەی مەسک لە کەسێکی دوور لە سیاسەتەوە بەرەو کەسێکی سیاسی هەنگاودەنێت کە ناوە ناوە پلاتفۆرمی ئێکس بۆ پشتگیریکردنی بۆچوونە راستڕۆکان و هێرشکردنەسەر دیموکراتەکان بەکاردەهێنێت.
 
ئەو کارەی مەسک لەکاتێکدایە، لە رووی کۆکردنەوەی هاوکاریی داراییەوە بۆ هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن و بە سوودبینین لە وەبەرهێنەرە گەورەکانی وۆڵ ستریت و دراوە دیجیتاڵییەکان، ترەمپ پێش جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان و سەرۆکی ئێستا کەوتووە.
 
ئەمە بەتایبەتی دوای دیبەیتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا زەقبووەوە کە تێیدا بایدن بە لاوازی دەرکەوت.
 
دەوڵەمەندترین کەسی جیهان هێشتا بە فەرمی پشتیوانیی خۆی بۆ هیچکام لە بەربژێرەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەرنەبڕیوە. مەسک پێشتریش رایگەیاندبوو کە هاوکاریی بانگەشەی هەڵبژاردنی هیچ کام لە بەربژێرەکان ناکات.
 
جەیمس سینگەر، گوتەبێژی بانگەشەی هەڵبژاردنی بایدن دەڵێت، "ملیاردێرە لوتبەرزەکان تەنیا بەرژەوەندیی خۆیان دەوێت، نەوەک ئەوەی ئەمریکا دەیەوێت و پێویستیەتی".
 
سینگەر لە راگەیێندراوێكدا دەڵێت: "ئیلۆن دەزانێت کە ترەمپ کەسێکی شکستخواردووە و ناپاکی لە ئەمریکا دەکات، هەروەها دەزانێت کە ترەمپ باجی سەر مەسک کەم دەکاتەوە و باجی سەر چینی مامناوەندیش 2 هەزار و 500 دۆلار زیاد دەکات".
 
گرووپی (ئەمێریکا پاک) زیاتر لە پشت پەردەوە هەوڵی سەرخستنی ترەمپ دەدات و کارەکانی لەو ویلایەتانە چڕبوونەتەوە کە زۆرترین رکابەرییان تێدایە و کاریگەرییان لەسەر ئەنجام دەبێت.
 
گرووپەکە یەکێکە لەوانەی زۆرترین پارەی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ترەمپدا خەرجکردووە کە تائێستا 15 ملیۆن و 800 هەزار دۆلارە.