کۆمپانیای KLMـی هۆڵەندی بڕیاریدا ئاسمانی ئێران و بەشی زۆری ئیسرائیل بەکارنەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی KLMی هۆڵەندی رایگەیاند، لەبەر هۆکاری ئەمنی، چیدیکە فڕۆکەکانی بەسەر ئێران و بەشی زۆری ئیسرائیلدا نافڕن.
کۆمپانیاکە رۆژی شەممە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، خۆیان لە ئاسمانی ئێران و ئیسرائیل بەدووردەگرن، بەڵام گەشتەکان بۆ نێو و دەرەوەی تەلئەڤیڤ بەردەوام دەبن، کە تاوەکو ئێستا ئەو شارە بە مەترسیدار دانانرێت.
کۆمپانیای KLM دەڵێت، "کاری هەرە لەپێش، سەلامەتییە."
ناوچەکە بەهۆی هەڕەشەکانی ئێران و ئیسرائیل دژی یەکدی، بە بارگرژی و ناڕوونیدا تێدەپەڕێت.
ئێران هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئیسرئیل دەکات لە تۆڵەی هێرشەکەی یەکی نیسان بۆ سەر کۆنسوڵخانەکەی لە دیمەشق کە بووە هۆی کوژرانی حەوت پاسدار کە دووانیان فەرماندە بوون.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی رایگەیاند، پێشبینی دەکەن ئێران "زوو" هێرشەکەی بکات.
رۆژی شەممە، کەشتییەکی بازرگانی کە خاوەنەکەی هاووڵاتییەکی ئیسرائیلییە لە نزیک گەرووی هورمز لە لایەن هێزی کۆماندۆی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیرا.
بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە، چاوەڕوان دەکرێت هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئەمجارەی ئێران پێگەکانی نێو ئیسرائیل بکاتە ئامانج.
رۆژی هەینی، کۆمپانیای لوفتهانزای ئەڵمانیش وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکانی بەسەر ئاسمانی ئێراندا تاوەکو رۆژی پێنجشەممە درێژکردەوە.
هەروەها رۆژی شەممە، 13-04-2024، کۆمپانیای کانتاسی فڕۆکەوانیی ئوسترالی رایگەیاند چیدیکە لە گەشتی نێوان شارەکانی پێرس و لەندەن بە ئاسمانی ئێراندا نافڕن.
زیادبوونی ئەم گرژیانە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگی غەززە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس کە زیاتر لە شەش مانگە بەردەوامە و بووەتە هۆی وێرانبوونی کەرتی غەززە و گیانلەدەستدانی زیاتر لە 33 هەزار و 600 فەلەستینی و برینداربوونی 76 هەزار و 200ی دیکە.
جەنگەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، کە لەو رۆژەدا، بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، نزیکەی هەزار و 200 کەس کوژران و 250ی دیکە بە بارمتە گیران.