لێکۆڵینەوەیەک: جەنگی ئەتۆمی رووبدات، سەروو 5 ملیار کەس گیانلەدەستدەدەن


رووداو دیجیتاڵ

هەواڵگریی ئەمریکا لەو بڕوایەدایە، دەکرێت رووسیا چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی جەنگی ئۆکراینا لە بەرژەوەندیی خۆی کۆتایی پێ بهێنێت. راپۆرتی ساڵانەی هەڵسەنگاندنی هەڕەشەکان کە لە لایەن هەواڵگریی ئەمریکییەوە ئامادەکراوە، باس لەوە دەکات، رەنگە سەرۆکی رووسیا، ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی دیکەی ئۆکراینا رابکێشێتە نێو جەنگەکە بۆ ئەوەی سۆزی رای گشتی بۆ خۆی رابکێشێت. لێکۆڵینەوەیەکیش دەریدەخات، ئەگەر جەنگێکی ئەتۆمی لەو جۆرە رووبدات، سەرووی 5 ملیار کەس گیانیان لەدەستدەدەن. 
 
بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکەی زانکۆی روتجەرزی ویلایەتی نیوجێرزیی ئەمریکا، جەنگی ئەتۆمی لە نێوان رووسیا و ئەمریکا رووبدات، 75٪ـی دانیشتووانی زەوی بەهۆی برسێتییەوە دەمرن، بەڵام چۆن؟
 
لێکۆڵێنەوەکە لێکیدەداتەوە کە تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆمی دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی ئاگری گەورە و بڵاوکردنەوەی دووکەڵ و خۆڵەمێش بۆ نێو بەرگەهەوا، لە ئەنجامدا تیشکی خۆر ناگاتە سەر رووی زەوی، کە ئەوەش دەبێتە هۆی گەشەنەکردنی دانەوێڵە و خۆراک، سەرەنجام زیاتر لە 5 ملیار مرۆڤ لە برسا گیانلەدەستدەدەن. 
 
لێکۆڵینەوەکە لە دۆزینەوەکانی پێشووی زانایان وردبووەتەوە بۆ ئەوەی دەریبخات، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆمی و دروستبوونی ئاگری گەورە، چەند دووکەڵ و خۆڵەمێش بە بەرگەهەوادا پەرش دەبێت. 
 
لێکۆڵینەوەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە تەپوتۆزەکە بە رادەیەک گەورە دەبێت، کە وا دەکات رووناکیێک کەم بگاتە سەر زەوی، لە ئەنجامدا پلەی گەرمی لە سەرانسەری گۆی زەوی دادەبەزێت. ئەمە و بەربەستەکانی دیکەی کە بەهۆی جەنگەکەوە بۆ بازرگانی دروست دەبن، "دەبنە کارەساتێکی سەرتاسەری بۆ ئاساییشی خۆراک."
 
رووسیا و ئەمریکا کە دوو هەناردەکاری گەورەی جیهانن، زۆرترین کاریگەریی جەنگەکەیان بەردەکەوێت و خۆراکەکەیان ناگاتە بازاڕەکانی جیهان، ئەوەش دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی خۆراک لە بازاڕەکانی جیهان بە شێوەیەکی "کارەساتبار". 
 
لە ئەگەری دروستبوونی گەورەترین جەنگی ئەتۆمیدا لە نێوان دوو زلهێزی خاوەن زۆرترین کڵاوەی ئەتۆمیدا، 75٪ـی دانیشتووانی هەسارەکە (لە توخمی مرۆڤ) لە ماوەی دوو ساڵدا لە برسێتیدا سەردەنێنەوە، ئەمە وەک لێکۆڵینەوە تاسێنەرەکە هۆشداری لەبارەیەوە دەدات. 
 
هەروەها لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆمی، لێکۆڵینەوەکە دەڵێت، چینی ئۆزۆن کە زەوی لە تیشکی زیانبەخشی سەروو وەنەوشەیی دەپارێزێت، لەنێودەچێت. 
 
داتاکانی نێو لێکۆڵینەوەکە پیشانیدەدەن کە پێویستە رێگریکردن لە دروستبوونی جەنگی ئەتۆمی کاری لەپێشینە بێت، کە تاکە چارەسەری درێژخایەن و دڵنیاکەرەوەی بریتییە لە قەدەخەکردنی چەکە قڕکەرەکە. 
 
سیناریۆی دروستبوونی جەنگی ئەتۆمی بە لێکدانەوەی هەواڵگریی ئەمریکا
 
راپۆرتە هەواڵگرییەکەی ئەمریکا باس لەوە دەکات، بەهۆی ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت ئەمریکا ئۆکراینا وەکو ئامرازێک بۆ لاوازکردنی رووسیا بەکاردەهێنێت و "سەرکەوتنی سوپای ئۆکراینا" لە ئەنجامی دەستوەردانی ئەمریکا و ناتۆیەوەیە، ئەو شەڕەی کە ئێستا هەیە، دەکرێت ئاگرەکەی بەرفراوانتر بێت. 
 
هەر لەو راپۆرتەدا هاتووە، شەڕی ئۆکراینا هەلومەرجە جیۆسیاسییەکان دەگۆڕێت و هاوکێشەکانی چین و رووسیاش لەگەڵ رۆژئاوا، بە گۆڕانکارییدا دەڕۆن. 
 
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، چۆنیەتیی پەرەسەندنی ململانێکە و دەرهاوێشتە جیۆسیاسییەکانی تا راددەیەکی زۆر روونن، بە جۆرێک کە ململانێی سەربازی لە نێوان رووسیا و رۆژئاوا مەترسییەک دروستدەکات کە چەندین دەیەیە جیهان بەخۆیەوە نەبینیوە، کە مەبەست لێی جەنگی جیهانییە.