قوبرس لەبارەی سووریاوە داوایەک لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی قوبرس دەڵێت، ئەگەر یەکێتیی ئەوروپا هەندێ شوێنی سووریا بە سەلامەت بۆ گەڕانەوەی کۆچبەر و پەناخوازان دانەنێت، ئەوا ناتوانێت خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات.
 
نیکۆس کریستۆدۆلیدێس، سەرۆکی قوربس گوتی، قوبرس لەگەڵ وڵاتە هاوبیرەکانی لە یەکێتیی ئەوروپا کاردەکات بۆ ئەوەی گوشاری کۆچبەران و پەناخوازان لەسەر ئەو وڵاتانە کەمبکەنەوە کە دەکەونە سەر دەریای نێوەڕاست.
 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ فرانک واڵتەر شتانمایەری سەرۆکی ئەڵمانیا، کریستۆدۆلیدێس رایگەیاند، "تاوتوێنەکردنی دۆخی نێوخۆی سووریا بە بژاردەیەکی باش نابینم بۆ یەکێتیی ئەوروپا".
 
سەرۆکی قوبرس گوتیشی، "کۆماری قوبرس بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەندام کە هاوهەڵوێستن، کار دەکات بۆ دەستپێکردنی دانوستاندنێک لەنێو یەکێتیی ئەوروپا سەبارەت بە دۆخی سووریا".
 
کریستۆدۆلیدێس باسی لەوە کرد کە دەزانێت هەندێ وڵاتی یەکێتیی ئەوروپا "هەستیارییان" هەیە، بەڵام پێویستە یەکێتییەکە "هەڵوەستە لەسەر ئەوە بکات" کە ئایا هەندێ شوێنی نێو سووریا سەلامەتن یان نا، تاوەکو کۆچبەر و پەنابەرەکان بگەڕێنەوە.
 
سەرۆکی قوبرس گوتی، "هەندێ شوێن لە سووریا هەن کە دەبێت لێیان بکۆڵینەوە بۆ ئەوەی بزانین ئایا سەلامەتن و ئەگەر روون بووەوە کە سەلامەتن، ئەو کاتە رێگە بە گەڕانەوەی کۆچبەران بۆ ئەو ناوچانە بدەین".
 
بە گشتی، پار بەراورد بە 2022، گەیشتنی کۆچبەران بە قوبرس 37٪ کەمبووەوە، بەڵام ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن کە رۆیشتنی کۆچبەران لە سووریا و لوبنانەوە بە دیاریکراوی، لە رێگەی بەلەمەوە، 335٪ زیادیکردووە، بە جۆرێک ژمارەیان لە ساڵی 2023، چوار هەزار و 295 کەس بووە، بەراورد بە 937 کەس لە ساڵی 2022.
 
شتانمایەر کە وەک یەکەمین سەرۆک لە مێژووی ئەڵمانیادا سەردانی قوبرسی کرد، لە لایەن کریستۆدۆلیدێس سوپاسی کرا لە بەرامبەر ئەوەی کە بەرلین رازی بووە هەزار پەناخواز لە قوبرسەوە بباتە ئەڵمانیا. 
 
شتانمایەر گوتی، ئەڵمانیا دەزانێت کە قوبرس بەهۆی کۆچبەرەکانەوە لە ژێر چ گوشارێکدایە. 
 
کۆنستانتینۆس یوانۆ، وەزیری نێوخۆی قوبرس پێشتر هەر لەم مانگەدا رایگەیاندبوو کە زۆرینەی هەرە زۆری ئەوانەی لە رێگەی دەریاوە خۆیان دەگەیێننە قوبرس، سووریایین کە کەوتوونەتە تەڵەی قاچاخچییەکانی سووریا و لوبنان. 
 
یوانۆ گوتی، داواکاریی پەناخوازی لە قوبرس لە ساڵی 2023دا 46٪ دابەزیوە، لە کاتێکدا گەڕانەوەی خۆویستانە 66٪ زیادبووە. 
 
ساڵی رابردوو، 10 هەزار و 991 کۆچبەر چووبوونە قوبرس.