ئەرمینیا: دوو سەربازمان لەلایەن ئازەربایجانەوە کوژران

رووداو دیجیتاڵ 

ئەرمینیا دەڵێت، دوو سەربازیان لە سەر سنوور لەلایەن هێزەکانی ئازەربایجانەوە کوژراون. 
 
وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا رایگەیاند، کاژێر 5:30ی بەیانیی ئەمڕۆ بە کاتی نێوخۆ (4:30ی بەیانی بە کاتی هەولێر) لەسەر سنووری گوندی نەرکین هاند-ی پارێزگەی سیونیک-ی باشووری ئەرمینیا، سەربازانی ئازەربایجان بە چەکی سووک تەقەیان لە خاڵێکی سەربازیی ئەرمینیا کردووە و دوو سەربازیان کوشتووە و ژمارەیەکیشیان بریندار بوون. 
 
رووداوەکە رۆژێک دوای ئەوە دێت، کە ئازەربایجان برینداربوونی سەربازێکی خۆی لە هەمان ناوچەی سنووری بە دەستی هێزەکانی ئەرمینیا راگەیاندبوو.
 
هاوکات، وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا راگەیێندراوێکی رۆژی سێشەممەی هاوتا ئازەربایجانییەکەی رەتکردەوە کە گوتبووی، هێزەکانی ئەرمینیا شەوی دووشەممە، تەقەیان لە هێزەکانی ئازەربایجان کردووە. 
 
وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا دەڵێت: "ئەو راگەیێندراوەی لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجانەوە دەرکراوە، کە بانگەشەی ئەوە دەکات لە نێوان کاژێر 20:50 و 23:40ی 12ی شوبات، یەکینەکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئەرمینیا تەقەیان لە خاڵە سەربازییەکانی ئازەربایجان لەسەر سنووری باکووری رۆژهەڵات کردووە، راست نییە."
 
ئەرمینیا و ئازەربایجان دوو جەنگی خوێناوییان لە ساڵی 2020 و نەوەدەکانی سەدەی رابردوو لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ کردووە. 
 
ئازاەربایجان ساڵی رابردوو لە هێرشێکی خێرا و کتوپڕدا، هەرێمەکەی کۆنتڕۆلکردەوە، کە لە بنەڕەتدا بەشێک بوو لە خاکی خۆی، بەڵام زۆرینەی دانیشتووانی ئەرمەن بوون. 
 
نزیکەی هەموو دانیشتووانە ئەرمەنەکان، کە ژمارەیان زیاتر لە 100 هەزار کەس بوو، لە دوای ئەوەوە، قەرەباخیان جێهێشت و روویان لە ئەرمینیا کرد.