رووسیا هەشت هێلیکۆپتەر بۆ پاراستنی ئاگربەست رەوانەی قەرەباخ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە باکووی پایتەختی ئازەربایجان ئاهەنگگێران و لە ئەرمینیاش خۆپێشاندان دژی راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەردەوامە و رووسیاش دەستیکردووە بە ناردنی هێزی "ئاشتیپارێز" بۆ هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ.
خەڵکی ئەرمینیا ناڕەزایی دژی ئاگربەستەکە دەردەبڕن و حکومەتی وڵاتەکەیان بە ئەنجامدانی ناپاکی تۆمەتباردەکەن، دەڵێن، نەدەبوو هیچ ناوچەیەکی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ رادەستی ئازەربایجان بکرێت.
حکومەتی ئەرمینیا 10 سەرکردەی دیاری ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەی بە تۆمەتی ئاژاوەگێڕی دەستگیرکردووە کە بەگوێرەی داواکاری گشتیی ئەو وڵاتە، هەریەکەیان تاوەکو 10 ساڵ بەند دەکرێت، وێڕای ئەوەش خۆپێشاندانەکان بەردەوامن.
لە ئازەربایجانیش، ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە نەخۆشخانە سەردانی سەربازە بریندارەکانی کرد بۆئەوەی بەبۆنەی سەرکەوتنیان لە شەڕی ناگۆرنۆ قەرەباخ پیرۆزباییان لێبکات.
رۆژی سێشەممە ئەرمینیا و ئازەربایجان بە نێوەندگیریی رووسیا ئاگربەستیان راگەیاند و ئەرمینیا رازی بوو دەستبەرداری هەندێک ناوچە ببێت.
هەر بەگوێرەی رێککەوتننامەکە، هەزار و 960 سەربازی "ئاشتیپارێزی" رووسی بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ جێگیردەکرێن بۆ چاودێریکردنی ئاگربەستەکە. بۆ ئەو مەبەستەش رووسیا هەشت هێلیکۆپتەری سەربازیی بۆ ناوچەکە گواستەوە و بڕیارە ژمارەیەک خاڵی چاودێری بە درێژایی ئەو رێگەیەی هەرێمەکە بە ئەرمینیاوە دەبەستێتەوە، جێگیربکات.
هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ دەکەوێتە نێو سنووری ئازەربایجان و لە کۆتاییهاتنی شەڕی جووداخوازییەوە لە ساڵی 1994 کە نزیکەی 30 هەزار کەس تێیدا کوژران، لەژێر کۆنترۆڵی هێزە بە رەچەلەک ئەرمەنییەکاندا ماوەتەوە.
لەوکاتەوە پێکدادانی ناوبەناو لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دروستبووە. بەڵام لە 27ی ئەیلوولی ئەمساڵ، جەنگێکی گەورە بە بەکارهێنانی فڕۆکەی سەربازی، هێرشی زەمینی و تۆپباران لەنێوانیاندا دەستیپێکرد.
لەوکاتەوە چەندین جار ئاگربەست راگەیێندرا، بەڵام هەموویان پێشێلکران. دوایین ئاگربەست کە رۆژی سێشەممە 10ی تشرینی دووەم بە نێوەندگیریی رووسیا راگەیێندراوە، چاوەڕێدەکرێت درێژەبکێشێت، چونکە ئازەربایجان بەرەوپێشچوونی بەرچاوی تۆمارکردووە و چەند ناوچەیەکی گرنگی لەژێر دەستی ئەرمینیا دەرهێناوە لەنێویشیاندا، شاری شووشە کە دووەم گەورەترینی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی هەردوو وڵات، لە 27ی ئەیلوولەوە لانیکەم هەزار و 221 سەربازی ئەرمینیا و زیاتر لە 700ی ئازەربایجان کوژراون، ئەمە جگە لە کوژرانی دەیان کەسی سڤیل لە هەر لایەک.
رۆژی سێشەممە، دوای واژۆکردنی رێککەوتننامەی ئاگربەستەکە لە ێوان نیکۆل پاشنیێڤ، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا و ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان بە نێوەندگیریی رووسیا، خۆپێشاندان لە ئەرمینیا دەستیپێکرد و خۆپێشاندەران هەڵیانکوتایە سەر بارەگای دامەزراوە حکومییەکان و سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیانیان بە "ناپاک" ناوبرد و داوایانکرد حکومەت بەتەواوی هەڵبوەشێتەوە.