لێکۆڵینەوەیەک: تەنیایی تووشی کابووست دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پێشینان گوتوویانە: تەنیایی بۆ خوا باشە. لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریخستووە، لە پاڵ دروستکردنی ژمارەیەک کێشەی تەندروستی و دەروونی، تەنیایی لە کاتی خەویشدا دەبێتە هۆی کابووس بینین.
زانایانی چوار زانکۆی ئەمریکا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، کاتێک مرۆڤ زۆر بە تەنیا دەمێنێتەوە، زیاتر خەونی ناخۆش دەبینێت، هۆکاری ئەوەش دەگەڕێننەوە بۆ ئەو گوشارە دەروونییەی لە نەبوونی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیدا دروستدەبێت.
لێکۆڵینەوەکە زانیاریی هەزار و 600 کەسی کۆکردووەتەوە، کە هەردوو قۆناخی تەنیایی و قۆناخی کۆمەڵایەتیبوونیان تاقیکردووەتەوە.
ئەنجامەکە دەریخستووە کە تەنیایی دەبێتە هۆی زیادبوونی خەونە ناخۆشەکان و ترسناکتربوونیان.
زانایان دەڵێن، وەک چۆن هەستکردن بە برسێتی هۆشدارییەکە بۆ مرۆڤ، کە لاشەی پێویستی بە خۆراکە، خەونە ناخۆشەکانیش هۆشدارین بۆ ئەوانەی لە تەنیاییدان بەوەی کە پێویستیان بە پشتیوانیی کۆمەڵایەتیی زیاترە.
پێشتر لێکۆڵینەوەکان سەلماندوویانە کە تەنیایی دەبێتە هۆی زیان بە جەستە، دەروون و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەگەیێنێت و خەوی مرۆڤ تێکدەدات.
لێکۆڵینەوەکە جەخت لە گرنگیی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەکاتەوە بۆ خەوێکی باشتر و بێ کابووس.
ئەم لێکۆڵینەوەیە لە گۆڤاری ئەمریکیی Journal of Psychology بڵاوکراوەتەوە. https://www.tandfonline.com/doi/full/10.1080/00223980.2024.2378418
زانایانی زانکۆکانی ئەریزۆنا، ئۆریگن، تامپا و وایتوێرز تێیدا بەشداربوون.