راپۆرتێک: ئەمریکا و قەتەر شەش ملیار دۆلارەکەی ئێران بلۆک دەکەنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی ئەمریکا و قەتەر رێککەوتوون رێگە بە ئێران نەدەن دەستی بگاتە ئەو شەش ملیار دۆلارەی کە پێشتر ئازادکرابوو بۆ ئەوەی تاران بۆ یارمەتیی مرۆیی بەکاریبێنێت، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشی حەماسی هاوپەیمانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل. 
 
پارەکە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی ئاڵۆگۆڕکردنی بەندکراوەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ئازادکرابوو. لەو رێککەوتنەدا، پێنج بەندکراوی ئەمریکی لەلایەن تارانەوە ئازادکران لە بەرامبەر ئەوەشدا، ئەو شەش ملیار دۆلارەی داهاتی نەوتی ئێران کە لە بانکەکانی کۆریای باشووردا سڕکرابوو، گوێزرابووەوە بۆ سەر هەژمارە بانکییەکانی قەتەر بۆ ئەوەی ئێران لەوێوە بۆ کڕینی خۆراک و دەرمان بەکاریبێنێت. 
 
بەڵام رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی، رۆژی پێنجشەممە بڵاویکردەوە کە "بڕیاردراوە رێگە بە ئێران نەدرێت ئەو پارەیە بەکاربێنێت"، لە کاتێکدا جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رووبەڕووی گوشارێکی گەورە دەبێتەوە و تۆمەتباردەکرێت بەوەی ئەو پارەیەی بە ئێرانی داوە، کەوتووەتە دەستی حەماس بۆ ئەوەی بۆ هێرشەکەی دژی ئیسرائیل بەکاریبێنێت. 
 
حەماس رۆژی شەممە هێرشێکی لە ناکاوی کردە سەر ئیسرائیل، سەرووی هەزار و 300 کەسی کوشت و نزیکەی 150ی دیکەی بە دیل گرت. ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانی و تۆپباران وەڵامی هێرشەکەی دایەوە و تائێستا لانیکەم هەزار و 400 کەسی لە کەرتی غەززە کوشتووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە تەلئەڤیڤ بە رۆژنامەڤانانی گوت: "چاودێرییەکی چڕمان بەسەر پارەکەوە هەیە و مافی سڕکردنیمان هەیە."
 
بەرپرسانی ئەمریکی پێشتر رایانگەیاند، هیچ زانیارییەکی هەواڵگرییان نییە پێشانیبدات ئێران دەستی لە ئامادەکردنی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل هەبووبێت. 
 
بەڵام بە گوێرەی واشنتن پۆست، وۆڵی ئەدیێمو، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بە دیموکراتەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی گوتوووە، پارەکەی ئێران "لەم کاتەدا بۆ هیچ شوێنێک ناڕوات."
 
بەشێک لە سیناتۆرەکانی ئەمریکا داوایان کردووە ئەو شەش ملیار دۆلارە دووبارە بلۆک بکرێتەوە. ئیدارەی بایدن دەڵێت، "پارەکە تەنیا بۆ مەبەستی مرۆیی بەکاردەهێنرێت و هێشتا پارەکە نەگەیشتووەتە دەستی ئێران".