بایدن حەماس بە سەربڕینی منداڵان تۆمەتبار دەکات و کۆشکی سپی رەتیدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا حەماسی بە "سەربڕینی منداڵان" تۆمەتبارکرد، کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا روونیکردەوە کە بایدن "بە هەڵە" ئەو قسانەی کردووە و هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەو تۆمەتانە نییە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە، 11ـی تشرینی یەکەم باسی لەوە کرد، لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە جووەکان لە کۆشکی سپی، وێنەی منداڵانی بینیوە کە بە دەستی حەماس سەریان لێکراوەتەوە. بایدن گوتی: "هەرگیز بە بیرمدا نەدەهات وێنەی سەربڕینی منداڵان بە دەستی تیرۆرستان ببینم."
بەڵام گوتەبێژێکی کۆشکی سپی بە رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی گوتووە: "بەرپرسانی ئەمریکی و سەرۆکی ئەمریکا هیچ وێنەیەکیان نەبینیوە و ئەم دەنگۆیانەیان پشتڕاستنەکردووەتەوە."
لە دوای هێرشەکەی رۆژی شەممەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەنگۆی سەربڕینی منداڵان بە دەستی چەکدارانی فەلەستینی لە سەر ئینتەرنێت بڵاوبووەوە.
دەنگۆکە دوای ئەوە بڵاوبووەوە کە نیکۆل زێدەک، پەیامنێری کەناڵی i24ی ئیسرائیلی لە پەخشی راستەوخۆدا گوتی، قسەی لەگەڵ سەربازانی ئیسرائیلیدا کردووە کە بە چاوی خۆیان تەرمی منداڵانی سەربڕدراویان بینیوە.
گوتەبێژەکەی کۆشکی سپی بە واشنتن پۆستی گوتووە، بایدن لەسەر بنەمای ئەو هەواڵانە و بانگەشەکانی حکومەتی ئیسرائیلی قسەی کردووە و واشنتن هیچ بەڵگەیەکی نییە بۆ پشتڕاستکردنەوەیان.
تۆمەتەکانی بایدن دژی حەماس بوونە مانشێتی زۆربەی رۆژنامە و سەرچاوە هەواڵییەکان و هەندێکیان وا بڵاویان کردەوە کە گوایە حەماس لە تۆڵەی سزادانی بەکۆمەڵی کەرتی غەززە ئەو کارەی کردووە.
وێڕای ئەوەی کە تال هێنریک، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش هەمان تۆمەتی ئاراستەی حەماس کرد، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە هیچ بەڵگەیەکیان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو تۆمەتانە نییە.
بەڵام ئەفسەران و سەربازانی سەر بە سوپاکە بە هەندێ لە سەرچاوە میدیاییەکانیان راگەیاندووە کە ژنان و منداڵان "لەسەر شێوازی داعش بە شێوەیەکی دڕندانە کوشتوبڕکراون."
حەماس ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە و بە "درۆ" ناویبردوون.
لە ساتی دەستپێکردنی هێرشەکەی حەماسەوە، لانیکەم هەزار و 300 کەس لە نێو ئیسرائیلدا کوژراون و سەرووی سێ هەزاری دیکەش برینداربوون، ئەمە وەک بەرپرسانی ئیسرائیلی رایانگەیاندووە.
لە هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی ئیسرائیلیش بۆسەر کەرتی غەززە، هەزار و 417 کەس کوژراون کە 447یان منداڵ و 248یان ژنن، هەروەها 6 هەزار و 268ی دیکەش برینداربوون، ئەمە بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە.