عێراق دەرگە بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکاتەوە وەبەرهێنان لە کەرتی وزە دا بکەن
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، بە سەرۆکایەتی حەییان عەبدولغەنی و بە بەشداریی دوو نوێنەری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری هیوستنیان لە ویلایەتی تەکساسی ئەمریکا کردووە.
ئامانجی هاتنی ئەو شاندە، بانگهێشتکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکانە تاوەکو وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و غازی عێراق دا بکەن و گەڕی شەشەمی گرێبەستەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق بەتەنیا بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بێت، ئەمەش لەدوای نیگەرانییەکانی ئەمریکا هات کە گەڕی پێنجەمی گرێبەستەکانی نەوت و غازی عێراق هەمووی بۆ کۆمپانیا چینییەکان چوون و هیچ کۆمپانیایەکی ئەمریکی بەشدار نەبوو.
کۆبوونەوەکان داخراوبوون و رێگە بە میدیا نەدەدرا رووماڵی بکات، بەڵام ئێمە رۆژانە لێرەبووین و لەدوای کۆبوونەوەکان لەگەڵ ئەندامانی شاندەکە و هەروەها کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش گفتوگۆمان دەکرد لەسەر ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانە زانیاریمان وەردەگرت.
بەپێی قسەی ئەندامانی شاندەکە و بەشداربوو لە کۆبوونەوەکان، تاوەکو ئێستا بێجگە لە واژۆکردنی گرێبەستێک لەگەڵ پەیمانگەی بەیکەر لە شاری هیوستن بۆ خوێندنی خوێندکارانی عێراق لەو پەیمانگایە هیچ گرێبەستێک لەگەڵ ئەمریکییەکان واژۆ نەکراوەو سەردانەکە تەنیا بۆ بەبازاڕکردن و بانگهێشتکردنی کۆمپانیاکان بووە تاوەکو بچن لە عێراق وەبەرهێنان بکەن.
د. حامد خەڵەف، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: ''شاندەکە بە زۆری سەرنجی لەسەر کەرتی وزەیە، کە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوت لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای نەوت و غاز کۆبووەوەتەوە، هانیان دەدات وەبەرهێنان لە عێراق بکەن.''
لە چەند رۆژی رابردوودا، شاندی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای شێڵ، برج، ئارک، هانیوێڵ، بەیکەر هیوز، کەی بی ئاڕ و بی پی بەریتانی و چەند کۆمپانیایەکی دیکەی وزە کۆبوونەوە، هاوکات سەردانی مەیدانی بارەگای چەند کۆمپانیایەکیان لە هیوستن کرد لە نێویاندا هانیوێڵ.
کۆمپانیا ئەمریکییەکان، بێجگە لە پرسی ئەمنی، هاوکات رێکارەکان و بیرۆکراتی وەزارەتی نەوت و مەرجەکانیان وەکبەربەستێک دەبینن لە وەبەرهێنان لە عێراق، بۆیەش لە ئەندامێکی شاندەکەمان پرسی بەچی گەیشتوون، توانیتان هیچ کۆمپانیایەکی ئەمریکی رازیبکەن لە عێراق وەبەرهێنان بکات.
لانی کۆپڵن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئارک ئەڵتێرنەیتڤ دەڵێت: ''ئێمە شەڕەفمەندبووین بە کۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێز وەزیری نەوت بۆ تاوتوێکردنی بیرۆکەی هێنانی ئەو پڕۆژانەی پەیوەستن بە پەرەپێدانی بەردەوام بۆ عێراق، شتێک کە ئێمە دەیزانین و زۆریش گرنگە کە حکومەتی عێراقیش دەیزانێت، پێویستی سیاسەتێکی گشتگیرە بۆ پەرەپێدانی ژێرخان، هەڵەیەک هەیە کە هەندێکجار دەیکەین ئەوەیش ئەوەیە پێمان وایە ژێرخانی وزەی بەردەوام جیاوازە لە ژێرخانەکانی دیکە، کە خۆی هەمان شتن، شتێکیش کە کۆمپانیاکەی ئێمە سەرنجی لەسەرە ئەوەیە، چۆن بتوانن زانست و خەڵک بەیەکەوە کۆبکەینەوە لە پڕۆژەکەدا بۆ سوود گەیاندن بە کۆمەڵگە.''.
بێجگە لەو کۆبوونەوانەی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان کرا، هاوکات کۆبوونەوەیەکی دیکەی تایبەت لە نێوان جۆفری پایت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ پرسی وزە و شاندی عێراق بە بەشداری نوێنەرانی هەرێمی کوردستان کرا، بەشێکی سەرکی ئەو کۆبوونەوەیەش پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو.
رووداو زانیویەتی دوو بۆچوونی جیاواز لەو کۆبوونەوەیە لەسەر پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بەپرسانی ئەمریکا گوتراوە، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش داوایکردووە، ئەم پرسە چارەسەربکەن و میکانیزمی گفوتوگۆکانیان بگۆڕن، ئاماژەی بەوەشداوە ئەوان بەدواداچوون لەسەر ئەم پرسە دەکەن.