لایەنگرانی سەربەخۆیی کەتەلۆنیا پێش دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ مەدرید، خۆپێشاندان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لایەنگرانی سەربەخۆیی لە هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا هەوڵدەدەن هێزی خۆیان بە ئەنجامدانی خۆپێشاندان لە شەقامەکانی شاری بارسێلۆنا پێشانبدەن.
لە ژێر ناونیشانی "با لە پێناو سەربەخۆیی خەبات بکەین" خەڵکی کەتەلۆنیا بانگهێشتکراون بۆ ئەوەی بە بۆنەی رۆژی نیشتمانیی کەتەلۆنیا خۆپێشاندان بۆ داواکردنی سەربەخۆیی ئەنجامبدەن. وەکو هەموو ساڵێک، کاژێر 6:14ی ئێوارەی رۆژی شەممە 11-9-2021 رێوڕەسمی یادکردنەوەی کۆنترۆڵکردنی بارسێلۆنا لەلایەن هێزەکانی شا فلیپی پێنجەم لە 11ی سپتێمبەری ساڵی 1714 دەستی پێکرد.
ئەوە لە کاتێکدایە کە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە کەتەلۆنیا کەمبووەتەوە، لە کاتێکدا کە ئەو هەرێمە لە مانگی تەممووز مۆڵگەی شەپۆڵێکی نوێی پەتاکە بوو.
ئێستا قەدەخە لەسەر کۆبوونەوەی خەڵک هەڵگیراوە، بەڵام رێکخەرانی خۆپێشاندانەکان داوایان کردووە کە بەشداربووەکان دەمامک ببەستن.
لە ساڵی 2014 کاتێک بزووتنەوەی سەربەخۆیی کەتەلۆنیا لە لووتکەی چالاکیی خۆیدا بوو، نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار کەس بەبۆنەی رۆژی نیشتمانیی هەرێمەکە خۆپێشاندانیان کرد و داوای سەربەخۆییان کرد.
ئەمساڵ جۆردی کوشارت کە سەرۆکایەتیی دامەزراوەیەکی هەرە گەورەی لایەنگری سەربەخۆیی بە ناوی "ئۆمنیۆم کولتورال" دەکات، هیواخوازە کە ئەمساڵ "سەتان هەزار کەس بێنە سەر شەقام" بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە کە بزووتنەوەی سەربەخۆیی "لە هەرکاتێکی دیکە زیاتر چالاکە."
بەڵام لە دوای هەوڵی شکستخواردووی سەربەخۆیی ساڵی 2017، بێهیوایی و دابەشبوونی نێو بزووتنەوەکە بووە هۆی کەمبوونەوەی خۆپێشاندەران لە ساڵانی دواتردا.
ساڵی 2019 تەنیا 600 هەزار کەس بەشدارییان لە بۆنەکەدا کرد و ساڵی رابردووش بەهۆی کۆرۆنا تەنیا 60 هەزار کەس تێدا بەشداربوون.
هەروەها لێخۆشبوونی ئیسپانیا لە نۆ سەرکردەی سەربەخۆییخواز، لە نێویشیاندا کوشارت، کە بەهۆی رۆڵەکانیان لە گشتپرسیی سەربەخۆیی ساڵی 2017ـدا سزای بەندکردنیان بۆ دەرکرابوو، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەشداربووانی خۆپێشاندانەکان.
هەوڵی سەربەخۆیی کەتەلۆنیا یەکێکە لە کێشە سیاسییە هەرە ئاڵۆزەکان کە ئیسپانیا لە دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی فرانکۆ لە ساڵی 1975ـەوە تووشی بووبێت.
لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2017، حکومەتی هەرێمی کەتەلۆنیا بە سەرۆکایەتیی کارلس پۆچیمۆن، سەرۆکی ئەو کات، گشتپرسیی سەربەخۆییان ئەنجامدا وێڕای هۆشدارییەکانی حکومەتی ئیسپانیا و دادگەی دەستووریی ئەو وڵاتە. مەدرید بە دەستگیرکردنی سەرکردە سەربەخۆییخوازەکان وڵامی گشتپرسییەکەی دایەوە.
ساڵڕۆژی سەربەخۆیی کەتەلۆنیا لە کاتێکدایە کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا دانوستاندنی نێوان حکومەتە چەپڕەوەکەی پێدرۆ سانشێز و حکومەتی سەربەخۆییخوازی پێرێ ئەراگۆنێس دەستپێبکات.
پێرێ ئەراگۆنێس پارتەکەی خۆی کە ناوی "پارتی چەپی کۆماریی کەتەلۆنیا"یە، بە هاوپەیمانیی سەرەکیی حکومەتەکەی سانچێز دادەنێت.
ئەم جۆرە دانوستاندنانە تەنیا جارێک پێش هاتنی کۆرۆنا ئەنجامدراون بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ پرسی سەربەخۆیی کەتەلۆنیا بدۆزرێتەوە. بەڵام هەر یەکێک لەو دوو لایەنانە نەخشەرێگەیەکی داناوە کە بە تەواوی دژی نەخشەرێگەی لایەنەکەی دیکەیە.
مەدرید دوو داواکاریی سەرەکیی سەربەخۆییخوازانی رەتکردەوە کە ئەوانیش دەربڕینی رەزامەندی بوو لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسیێکی دیکەی سەربەخۆیی و راگەیاندنی لێبووردنی گشتی بۆ ئەو سەربەخۆییخوازانەی بەهۆی گشتپرسیەکەی ساڵی 2017 دەستگیرکرابوون.
ئەم هەفتەیە، ناکۆکییەکان زیاتریان کرد، ئەوەش دوای ئەوەی کە حکومەتی ناوەندیی ئیسپانیا رایگەیاند کە پڕۆژەی فراوانکردنی فڕۆکەخانەی بارسێلۆنا بەهۆی "نەمانی متمانە" بە حکومەتی هەرێمی کەتەلۆنیا وەستێنراوە. ئۆراگۆنیس ئەو بڕیارەی بە "هەراسانکاری" ناوبرد.