ئاگری دارستانەکان چەند ناوچەیەکی نزیک لە ئەسینا بە خەڵک چۆڵ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی یۆنان داوایکرد چەند ناوچەیەکی دیکەی نزیک ئەسینای پایتەخت بەهۆی تەشەنەکردنی ئاگری دارستەکانەوە چۆڵبکرێن.
هەوڵەکان بەردەوامن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئاگرەکە نەکوژێنراوەتەوە.
رۆژی یەکشەممە، لانیکەم 8 گوند چۆڵکران، ئەمڕۆش بەرگریی شارستانیی یۆنان داوای چۆڵکردنی 5 گوندی دیکەی کرد.
ڤاسیلیز ڤاسراکۆگیانیس، گوتەبێژی فەرمانگەی ئاگرکوژاندنەوەی ئەسینا گوتی، "هێزەکانی بەرگریی شارستانی بە درێژایی شەو کۆڵنەدەرانە کاریانکرد، بەڵام وێڕای هەوڵە نائاساییەکان، ئاگرەکە بە خێرایی تەشەنەی سەند. لەم کاتەدا ئاگرەکە گەیشتووەتە چیای پێنتێلیکۆس و بە ئاراستەی پێنتێلی دەڕوات".
یۆنان کە دەکەوێتە سەر دەریای نێوەڕاست، زیاتر لە هەموو وڵاتێکی دیکە بە گەرمای سووتێنەری هاوین کاریگەرە. دوای تۆمارکردنی گەرمترین زستان لە مێژووی خۆیدا، یۆنان گەرمترین حوزەیران و تەممووزیشی تۆمارکرد.
لەم هاوینەدا هیچ رۆژێک بێ ئاگر بەسەر یۆناندا تێنەپەڕیوە.
پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ گەرمای یۆنان بگاتە 39 پلەی سیلیزی و خێرایی (با)ش بگاتە 50 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا.
ڤاسراکۆگیانیس گوتی، بەرەبەیان دوو نەخۆشخانە لە پێنتێلی، یەکێکیان تایبەت بە منداڵان و ئەوەی دیکە سەربازی، چۆڵکران.
فەرمانگەی ئاگرکوژاندنەوە 510 کارمەند، 152 ئۆتۆمبێل و 29 فڕۆکەی ئاگرکوژاندنەوەی خستووەتە ئەرکەوە.
خەڵکی ئەو ناوچانەی ئاگرەکەیان لێ نزیکبووەتەوە، لە رێگەی کورتەنامەوە ئاگادارکرانەوە کە چاودێریی رێنماییەکان بکەن و پابەندیان بن.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە کریاکۆس میتساتۆکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان کۆتایی بە پشووەکەی هێنا و گەڕایەوە ئەسینا بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری کێشەکە بێت.
تا ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، تیمەکان 33 لەو 44 ئاگرەی 24 کاژێر کەوتبوونەوە، کوژاندەوە.