لە 8 وڵاتی ئەورووپا سکاڵا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس تۆمار دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس کە ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین کەسی ئێستای جیهان خاوەنیەتی، لە 8 وڵاتی ئەورووپا رووبەڕووی سکاڵای یاسایی دەبێتەوە لەسەر ئەوەی بێ رەزامەندیی بەکارهێنەران، زانیارییە تایبەتەکانیانی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی راهێنان بە بەرنامەی ژیریی دەستکردی خۆی بکات، کە ناوی "گرۆک"ە.
 
سکاڵاکان لەلایەن ناوەندی ئەورووپی بۆ مافە دیجیتاڵییەکان، ناسراو بە "نۆیب"، تۆمار کراون.
 
هەنگاوەکە دوای ئەوە دێت کە لیژنەی پاراستنی داتاکانی ئایرلەند ئەم مانگە لەسەر هەمان بابەت، ئێکسی دایە دادگە.
 
بەگوێرەی نۆیب، ئێکس لە چەند مانگی رابردوودا زانیاریی زیاتر لە 60 ملیۆن بەکارهێنەری ئەورووپی خستووەتە نێو تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکردی گرۆکەوە "بێ ئەوەی ئاگاداریان بکاتەوە یان داوای رەزامەندییان بکات."
 
نۆیب رەخنەی تووند لە ئێکس دەگرێت لەسەر ئەوەی "هەرگیز" بەکارهێنەرەکانی خۆی ئاگادارنەکردوونەتەوە لەوەی داتاکانیان بۆ راهێنانی ژیریی دەستکرد بەکاردێنێت، بەڵکو زۆربەی ئەو کەسانە  بەهۆی پۆستێکەوە کە 26ی تەممووز هەر لە ئێکس بڵاوکرایەوە بە بابەتەکەیان زانیوە. 
 
هەفتەی رابردوو، لیژنەی پاراستنی داتاکانی ئایرلەند کە لەم دۆسیەیەدا نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپا دەکات، رایگەیاند، ئێکس رازی بووە بەکارهێنانی ئەو زانیاریانە لە بەهێزکردنی ژیرییە دەستکردەکەیدا بوەستێنێت. 
 
بەڵام ماکس شرێمز، دامەزرێنەری نۆیب لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لیژنە ئایرلەندییەکە لە یاساییبوون یان نایاساییبوونی پڕۆسەی بەکارهێنانەکەی نەکۆڵیوەتەوە و نەچووەتە چەقی کێشەکەوە. 
 
نۆیب هۆشداری دەدات و دەڵێت، نازانن چی لەو داتایانەی بەکارهێنەرانی ئەورووپی دێت کە پێشتر خراونەتە نێو ژیرییە دەستکردەکەی ئێکس، چونکە ئیدی ناتوانرێت دەربهێنرێنەوە.
 
نۆیب داوای "لێکۆڵینەوەی تەواو دەکات" و لە نەمسا، بەلجیکا، فەرەنسا، یۆنان، ئایرلاند، ئیتاڵیا، هۆڵەندا و ئیسپانیا سکاڵای تۆمارکردووە. 
 
ناوەندە ئەورووپییەکە داوا دەکات دەستبەجێ رێکار دژی ئێکس بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی زانیاریی بەکارهێنەرانی ئەورووپی بپارێزێت.