لاهاینا لە هاوایی؛ لە شوێنێکی سەرنجڕاکێشی جیهانەوە بۆ تابلۆیەک لە خەڵووز و خۆڵەمێش
رووداو دیجیتاڵ
شاری لاهاینا لە دوورگەی ماویی ویلایەتی هاوایی ئەمریکا، پێش هەفتەیەکیش، بە دارستانە سەوز و کەنارە دڵڕفێنەکانی، یەکێک بوو لە شوێنە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی ئەمریکا، بەڵام ئێستا بووەتە تابلۆیەک لە خەڵووز و خۆڵەمێش.
ئاگری دارستان، گەیشتووەتە نێو شارەکە و ئەوەی بە ئاگر بسووتێت، سووتاندوویەتی.
ئەنتۆنی لاپوێنتێ، یەکێکە لە دانیشتووانی لاهاینا، بە بینینی ماڵە سووتاوەکەی، قوڕگی پڕ گریان دەبێت و دەڵێ "تاکە شت بتوانم بیڵێم ئەوەیە؛ ئەمە ئازاربەخشە. لە لایەنی دەروونی، هزری و جەستەییشەوە ئازارت دەدات."
خانووەکەی جۆردن چی، تەنیا ئاسن و کۆنکرێتی ماوە، بەڵام بەخت یاوەری بوو، چونکە دوو کوڕەکەی بە سەلامەتی دەرباز بوون.
جۆردن بە خەمەوە باس لە رووداوە کارەساتبارەکە دەکات و دەڵێ "ئەمە زۆر دڵتەزێنە. لاهاینا ڕۆیشت... چیدیکە نەماوە... شارەکە هەمووی فەوتا."
لاهاینا شوێنی ژیانی 12 هەزار کەس بوو و ساڵانە هەزاران گەشتیار روویان تێدەکرد.
لەگەڵ گەڕانەوەی دانیشتووانی، تەرمی خەڵکی زیاتر دۆزرانەوە و تائێستا گیانلەدەستدانی لانیکەم 80 کەس بەهۆی ئاگرەکە لە سێ دوورگەی ماوی، هاوایی و ئۆواها تۆمارکراوە.
بەهۆی ئاگرەکەوە، لانیکەم 11 هەزار کەس ئاوارە بوون. سێ هەزار و 560 دۆنم لە هەر سێ دوورگەکە سووتاوە. زۆرترین زیانیش بە دوورگەی ماوی کەوتووە.