تێڕوانینێکی نوێ بۆ گەردوون لە هاوێنەکانی جەیمس وێبەوە
رووداو دیجیتاڵ
کەنداڵە گەردوونییەکان، هێلانەی دروستبوونی ئەستێرەکان و سەمای پێنج گەلەئەستێرە، ئەو دیمەنانە بوون کە رۆژی سێشەممە لە چوار وێنەی دیکەی تێلیسکۆپی جەیمس وێب پێشاندران و وەکو دەستپێکی چەرخێکی نوێی گەردوونناسی لە لایەن کۆمەڵگەی زانستییەوە پێشوازییان لێکرا.
بیڵ نێڵسن، بەڕێوەبەری ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا - ناسا گوتی: "هەر وێنەیەک، دۆزینەوەیەکی نوێیە. هەریەکەیان تێڕوانینێک بۆ گەردوون بە مرۆڤایەتی دەبەخشێت کە پێشتر هەرگیز نەمانبینیوە."
ئەو وێنانە کە یەک لە دوای یەک پێشاندران، تەواوی هێزی تێلیسکۆپە 10 ملیار دۆلارییەکە پێشاندەدەن، ئەو ئامێرە زەبەلاحە ئاڵۆزەی کە کامێرای تیشکی خوارسوور بۆ سەیرکردنی قووڵایی گەردوون بە روونییەکی کە پێشتر شێوەی نەبووە، بەکاردەهێنێت. رۆژی دووشەممە، تێلیسکۆپی جەیمس وێب روونترین وێنەی سەرەتای گەردوونی پێشاندا کە شێوەی 13 ملیار ساڵ لەمەوبەری گەلەئەستێرەکان پێشاندەدات.
وێنەگرتنی 13 ملیار ساڵ لەمەوبەر
چۆن دەکرێت تێلیسکۆپێک ئێستا وێنەی 13 ملیار ساڵ لەمەوبەر بگرێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە وەڵامدانەوەی پێویستی بە تێگەییشتنێکی سەرەتایی بۆ فیزیا هەیە.
رووناکی بە خێرایی 300 هەزار کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا دەڕوات. ئەو رووناکیەی کە ئێستا تێلیسکۆپەکە وێنەی گرتووە 13 ملیار ساڵ لەمەوبەر لە ئەنجامی تەقینەوە گەورەکەوە لە قووڵایی گەردوونەوە دەرپەڕیوە و ئێستا گەیشتووەتە تێلسکۆپەکە.
بۆیە ئەو وێنانەی کە تێلیسکۆپەکە ئێستا لە رێگەی هاوێنە و کامێرا پێشکەوتووەکانییەوە دەیانگرێت، شێوەی 13 ملیار ساڵ لەمەوبەری گەردوون پێشاندەدەن.
وێنەکانی جەیمس وێب "چیا" و "دۆڵی" شوێنێکی دروستبوونی ئەستێرەکان پێشاندەدەن کە پێی دەگوترێت NGC 3324 کە دەکەوێتە تەمەئەستێرەی کارینا. (تەمەئەستێرەکان لە شێوەی هەوری گازیدان و شوێنی لەدایکبوون و مردنی ئەستێرەکانن)."
ناسا ئەو بەرزی و نزمییانە بە "کەنداڵە گەردوونیەکان" ناودەبات کە 7 هەزار و 600 ساڵی رووناکی لە زەوییەوە دوورن، (واتە هێندە دوورن کە دەبێت 7 هەزار و 600 ساڵ بە خێرایی رووناکی گەشت بکەی تا پێیان دەگەیت: هەر ساڵێکی رووناکی 9 ترلیۆن کیلۆمەترە).
ئەمبەر سترۆن، گەردوونناسی ناسا دەڵێت: "ئێمە بۆ یەکەمین جار هەندێ ئەستێرەی نوێ دەبینین کە پێشتر بە تەواوی لێمان شاراوە بوون."
تێگەییشتن لە چۆنیەتیی دروستبوونی گەلەئەستێرەکان
وێب هەروەها وردەکاریی نەبینراوی لە بارەی "پێنجینەی ستێفان"ـەوە ئاشکرا کرد، کە بریتییە لە کۆمەڵەیەکی پێنج گەلەئەستێرەیی کە چواریان بەردەوام لە یەکدی نزیک و دوور دەکەونەوە. ئەوەش تێگەیشتنێک لە بارەی چۆنیەتی دروستبوونی گەلەئەستێرەکان لە سەرەتای دروستبوونی گەردوونەوە بەدەستەوە دەدات.
تێلیسکۆپەکە هەروەها وێنەی ژمارەیەک شەپۆلی گرتووە لە کاتێکدا یەکێک لە گەلەئەستێرەکان لە نێوەڕاستەوە دەتەقێتەوە.
ئەستێرەیەکی تەم لە چەقی تەمەئەستێرەی "ئەڵقەی باشوور" بۆ یەکەمین جار ئاشکرا کرا کە وا دەردەکەوێت بە تەپ و تۆز دەورەدرابێت، لە کاتێکدا کە لە سەرەمەرگدایە و چەندین ئەڵقەی گاز و تۆزی لێدەردەپەڕێت.
تێگەییشتن لە سرووشتی ئەو شێوە ئەستێرانە لەو جۆرە گۆڕستانە گەردوونییەدا دەتوانێت هاوکاریی زانایان بکات بۆ ئەوەی زیاتر لە بارەی پڕۆسەی مردنی ئەستێرەکانەوە بزانن.
گەڕان بەنێو گەردووندا
تێلیسکۆپەکە هاوکات هەڵمی ئاوی لە بەرگەهەوای هەسارەیەکی گازاویی دووردا دۆزیوەتەوە. ئەوە لە ئەنجامی شەبەنگپێوانی ئەستێرەی WASP-96 b دەرکەوتووە کە لە ساڵی 2014 دۆزراوەتەوە. (شەبەنگپێوان بریتییە لە زانستی شیکارکردنی رووناکی بۆ دەستکەوتنی وردەکاری.)
ئەستێرەی WASP-96 b هەزار و 150 ساڵی رووناکی لە زەوییەوە دوورە، قەبارەکەی نیوەی قەبارەی هەسارەی موشتەرییە.
نیکۆل کۆلۆن، گەردوونناسی ناسا دەڵێت: "ئێمە کاریگەریی ئەوەمان بینیوە کە چی روودەدات کاتێک هەسارەیەک و بەرگەهەواکەی بە بەردەم ئەستێرەیەکدا تێپەڕدەبن، رووناکیی ئەستێرەکە بەنێو بەرگەهەواکەدا رەتدەبێت و گۆڕانکاری بەسەردا دێت، دەتوانی لەوەوە سەرنجی درێژی شەپۆلەکانی رووناکی بدەیت کە رووبەڕووی لەرینەوە و بەربەست دەبنەوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ هەبوونی هەڵمی ئاو لەنێو بەرگەهەوای هەسارەکەدا."
تایبەتمەندیی تێلیسکۆپی جەیمس وێب
کانوونی یەکەمی ساڵی 2021، تێلیسکۆپی جەیمس وێب لە رێگەی مووشەکی Ariane 5 لە گایانای فەرەنسییەوە هەڵدرایە ئاسمان.
تێلیسکۆپەکە لە دووری 1.6 ملیۆن کیلۆمەتر لە زەوییەوە بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە. تێلیسکۆپەکە پێویستی بە سووتەمەنییەکی کەمە بۆ راستکردنەوەی ئاراستەکەی ئەگەر بێتو لە رێڕەوەکەی لابدات.
ئەو ئامێرە ئاڵۆزە کە بە شاکارێکی ئەندازیاری دادەنرێت، 10 ملیار دۆلار تێچووی دروستکردنی بووە، واتە یەکێکە لە پڕۆژە هەرە گرانبەها زانستییەکانی تەواوی مێژوو.
ئاوێنەی سەرەتایی جەیمس وێب زیاتر لە 6.5 مەتر پانە و لە 18 پارچە ئاوێنەی بە زێڕ داپۆشراو پێکدێت. هەر وەک چۆن پێویستە کامێرا لە دەستی مرۆڤدا نەلەرزێت بۆ ئەوەی وێنەی روون بگرێت، تێلیسکۆپەکەش پێویستی بەوەیە جێگیر بێت بۆ ئەوەی باشترین وێنە بگرێت.
سوودی ئەم وێنانە چیین؟
دوای دەرکەوتنی ئەم وێنە سەرەتاییانە، گەردوونناس و ئاسمانەوانەکانی سەرانسەری جیهان دەرفەتیان پێدەدرێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو تێلیسکۆپەکە بۆ لێکۆڵینەوەکانیان بەکاربهێنن. هەڵبژاردنی پڕۆژەکانیان لە رێگەی پڕۆسەیەکەوە دەبێت کە نە پێشكێشکاری داواکان و نە لیژنەی هەڵبژاردنی پڕۆژەکان یەکدی ناناسن، ئەوەش بۆ ئەوەی دەرفەتەکان بێ جیاوازی و بە یەکسانی لەسەر بنەمای رکابەرایەتیی دادپەروەرانە هەڵبژێردرێن.
لەبەرئەوەی دەستپێکردنی کاری تێلیسکۆپەکە بێ خەوش بوو، ناسا مەزەندەی دەکات سووتەمەنییەکەی بەشی 20 ساڵ دەکات، کە لەو ماوەیەدا گەردوونناسان دەتوانن زیاتر لە چۆنیەتی دروستبوونی گەردوون، سرووشتی هەسارەکان، لەدایکبوون و مردنی ئەستێرەکان تێبگەن.