هەوڵ بۆ رێگری لە کارکردنی منداڵان لە کۆتدیڤوار دەدرێت


رووداو دیجیتاڵ

لە بری چوون بۆ قوتابخانە، بەشێک لە منداڵانی کۆتدیڤوار لە کێڵگەیێکدا کاکاو بژار دەکەن، ئەو بەرهەمە خۆراکییەی کە چوکلێتی لێ دروستدەکرێت و بەهای ئەو کەرتە لە ئاستی جیهاندا دەگاتە نزیکەی 50 ملیار دۆلار. هەوڵەکانیش بۆ کەمکردنەوەی کارپێکردنی منداڵان بەردەوامن.
 
کارپێکردنی منداڵ یەکێکە لەو کێشانەی کە بەرۆکی ئەو وڵاتەی رۆژئاوای ئەفریقای گرتووە. لە مانگی ئایاردا، پۆلیس ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی دەستپێکرد. لە ماوەی دوو رۆژدا، دەیان ئەفسەر نێردرانە هەرێمی سۆوبر بۆ ئەوەی کارپێکردنی منداڵ ریشەکێش بکەن، سەرەنجام 68 منداڵیان دۆزییەوە. 
 
12ـی حوزەیرانی هەموو ساڵێک رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی کارکردنی منداڵانە. لوک زاکا، ئەفسەری پۆلیسە و دەڵێت، "ماوەیەکی درێژە ئێمە هەوڵدەدەین هۆشیاری بڵاوبکەینەوە، بەڵام ئەگەر ئاماژەی بەهێز نەنێرین و ئەو کەسانەی کە منداڵ دەخەنە بەر کارکردن یەک بە یەک سزایان نەدەین ئەوا کێشەکە هەر دەمێنێتەوە. بۆیە دەبێت ئاماژەی بەهێز بنێرین."
 
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 22 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە منداڵەوە بە زیندانیکردن سزادران.
 
لەسەر ئاستی جیهان، کۆتدیڤوار گەورەترین بەرهەمهێنەری کاکاوە و 38٪ـی کاکاوی بازاڕەکانی جیهان لەو وڵاتەوە هاوردەدەکرێت. 
بە گوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کاکاو، لە کۆی پێنج ملیۆن و 24 هەزار تۆن کاکاو کە پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی 2020 - 2021 بەرهەم بهێنرێت، چاوەڕێدەکرێت 2.15 ملیۆن تۆنی لەکۆتدیڤوارەوە بێت.
 
پێش دەرکەوتنی کۆرۆنا، ساڵی 2019 کۆتدیڤوار 3.58 ملیار دۆلاری لە هەناردەکردنی کاکاوەوە دەستدەکەوت، بەڵام بەم دواییانە، ئەو وڵاتە کەوتووەتە ژێر گوشاری وڵاتانی رۆژئاوا کە داوای لێدەکەن رێگەنەدات منداڵ بۆ کارکردن بەکاربهێندرێن. 
 
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو، نزیکەی دوو هەزار منداڵ لە کێڵگەکان دوورخراونەتەوە. بەشێکی زۆریشیان لە سەنتەرێکی هەرێمی سۆوبر پەنادراون.  
 
فابریس، منداڵێکی دانیشتووی کۆتدیڤوارە و باس لەوە دەکات، "تەمەنی 10 ساڵ بوو کە وازم لە قوتابخانە هێنا کە دایک و باوکم پارەیان نەبا، لەگەڵیان دەچوومە کێڵگەکە و یارمەتیمدەدان." 
 
داهاتی کەرتی چۆکلێتی جیهانی کە لە کاکاو دروست دەکرێت لە ساڵی 2019ـدا گەیشتە نزیکەی 14 ملیار دۆلار، بەڵام بە گوێرەی بانکی جیهانی، نزیکەی 2.5 ملیۆن لەو کەسانەی کە لە پیشەسازی کاکاودا کاردەکەن، لەژێر هێڵی هەژاریدان، بۆیە منداڵەکانیشیان بە ناچاری دەخەنە بەر کارکردن.
 
ئالیان دیدەیر، بەڕێوەبەری بەشی منداڵپارێزی لە وەزارەتی کاروباری ژن، خێزان و منداڵی کۆتدیڤوار ئاماژە بەوە دەکات "کاتێک کە پێشوازی لە منداڵان دەکەین، زۆر زەردەخەنە دەکەین بۆ ئەوەی متمانەیان بەدەستبێنین. ئێمە گویێان بۆ دەگرین. ئەوەش وا دەکات بزانین منداڵەکە بازرگانیی پێوە کراوە یان نا، یاخود ئایا کاردەکەن یان نا."
 
دایک و باوکی منداڵەکان بانگدەکرێنە سەنتەرەکە و لەبارەی منداڵەکانیانەوە قسەیان لەگەڵ دەکرێت. ئەوەش ژمارەیەکی زیاتری خێزانەکانی هانداوە منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە.  
 
ئەگەر سەنتەرەکە بڕوای وابێت خێزانەکانیان ئەشکەنجەیان دەدەن یان کاریان پێدەکەنەوە، ئەوا لای خۆیان دەیانهێڵنەوە و هەر لەوێشەوە دەیانخەنە بەر خوێندن.