پاپا فرانسیس: خەریکە سەگ و پشیلە جێگەی منداڵ لە خێزانی ئیتاڵیدا دەگرنەوە


رووداو دیجیتاڵ

پاپا فرانسیس دەڵێت، دروستکردنی خێزان لای ئیتاڵییەکان وەک ئەرکێکی زۆر سەختی لێهاتووە و پشیلە و سەگ خەریکە جێگەی منداڵ لە نێو ماڵەکاندا دەگرنەوە.
 
رۆژی هەینی، 12-5-2023، پاپا فرانسیس، رێبەری کەنیسەی کاسۆلیکی ئەم قسانەی لە کۆنفرانسێکدا کرد کە لەبارەی مەترسییەکانی سەر دیمۆگرافیای ئیتاڵیا رێکخرابوو. جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیاش لە کۆنفرانسەکەدا ئامادەبوو.
 
پاپا فرانسیس گوتی، خەڵکی ئیتاڵیا دەبێت هەوڵبدەن منداڵی زیاتریان ببێت تاوەکو ژمارەی هاووڵاتیی بە رەچەڵەک ئیتاڵی زیادبکات. ئاماژەی بەوەشکرد، کەمبوونەوەی ژمارەی لەدایکبوون ئاماژەیە بۆ ئەوەی نەوەی گەنج لە ئیتاڵیا هیوایان بە داهاتوو نەماوە و هۆکارەکەشی بۆ "سەختی لە دۆزینەوەی کار، بەرزبوونەوەی نرخی بەکرێگرتنی خانوو و کەمی مووچە" گەڕاندەوە.
 
پاپا فرانسیس گوتی، جارێک ژنێک جانتاکەی لەبەردەمیدا کردووەتەوە و گوتوویەتی "نزا بۆ منداڵەکەم بکە"؛ بەڵام کاتێک سەیری نێو جانتاکەی کردووە بۆی روون بووەتەوە کە سەگێکی بچووکی تێدایە.
 
رێبەری کەنیسەی کاسۆلیکی جیهان لە درێژەی گێڕانەوەکەیدا دەڵێت، "تووڕە بووم و داوام لێکرد لەبەرچاوم نەمێنێت؛ گوتم چەندین منداڵی برسی هەن، کەچی تۆ سەگێکت بۆ من هێناوە؟"
 
گەشەی دانیشتووان لە ئیتاڵیا
 
گەشەی دانیشتووان بۆ ساڵی 2020 لە یەکێتیی ئەوروپا 1.5 بووە، بەڵام لە ئیتاڵیا 1.24 بووە.
 
کۆریای باشوور، ژاپۆن و پۆرتوگال لەو وڵاتانەن ژمارەی لەدایکبوون تێیاندا روو لە کەمییە، بەڵام لە ئیتاڵیا ژمارەکان هەستیارن. 
لە 20 ساڵی رابردوودا رێژەی تەمەنی مامناوەند لە ئیتاڵیا سێ هێندە بووە و گەنج و منداڵ روویان لە کەمی بووە؛ پێشبینیش دەکرێت تاوەکو ساڵی 2050 ئیتاڵیا یەک لەسەر پێنجی ژمارەی دانیشتووانە بە رەچەڵەک ئیتاڵییەکەی لەدەستبدات. 
 
ئیتاڵیا لە جیهاندا بە "وڵاتە بێ منداڵەکە ناسراوە"، تەنانەت، ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس، تویتەر و تێسلا سەرەتای مانگی نیسان لە تویتێکدا نووسی، "ئیتاڵیا دیار نامێنێت".
 
جانکارلۆ جۆنگێتی، وەزیری دارایی ئیتاڵیا هۆشداری داوە کە ئەگەر کەمبوونەوەی ژمارەی لەدایکبوون لە ئیتاڵیا بەم رێژەیەی ئێستا بەردەوام بێت، پێشبینی دەکرێت تاوەکو 2042 ببێتە هۆکاری کەمبوونەوەی داهاتی نێوخۆی ئەو وڵاتە بە رێژەی 18٪.
 
"بۆچی ژمارەی لەدایکبوون دادەبەزێت؟"
 
چەندین هۆکار هەن کە ژنان لە ئیتاڵیا منداڵی کەمیان دەبێت. بۆ نموونە، خەڵکی گەنج بە سەخت دەتوانن کاری باش و سەقامگیر بدۆزنەوە؛ هەروەها دەستگەیشتن بە سیستمی منداڵپارێزی لەو وڵاتە ئەستەمە، بۆیە ئەمە ژنانی لەو وڵاتە ناچارکردووە ژیانی خێزانی یان ژیانی کار هەڵبژێرن.
 
بە گوێرەی ئاژانسی منداڵپارێزیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، 6 لە هەر 10 ژن لە ئیتاڵیا دەستیان بە خزمەتگوزاریی تەندروستی ناگات.
 
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان ئەوەیە، ئەو ژنانەی دووگیان دەبن یان لە کارەکەیان دووردەخرێنەوە یان داوایان لێدەکرێت خۆیان نامەی دەستلەکارکێشانەوە پێشکێش بکەن.
 
جۆرجیا میلۆنی لەبارەی کەمبوونەوەی رێژەی منداڵبوونەوە بە پاپا فرانسیسی گوت، "ئەمە بارێکی لەناکاوی نیشتمانییە". دەشڵێت، چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە کارێکی تا بڵێی لەپێشینەیە و دەبێت ئیتاڵیا بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە داهاتووی گەش دیار بوو.