هەزاران سەرئاژەڵ لە کازاخستان بەهۆی لافاوەوە مرداربوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە هەشت هەزار سەر ئاژەڵ بەهۆی لافاوەوە لە چەند ناوچەیەکی کازاخستان مرداربوونەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵی کازاخستان رایگەیاند، هەشت هەزار و 100 سەر ئاژەڵ، لە نێویاندا شەش هەزار مەڕ و بزن، هەزار و 500 مانگا و 514 ئەسپ لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکە خنکاون.
ناوچەی ئۆیلسکی یەکێکە لەوانەی کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، بە جۆرێک کە 340 خانوو بەر لافاو کەوتوون و ژمارەیەکی زۆری ئاژەڵیش تێیدا مرداربوونەتەوە.
حکومەتی کازاخستان بەڵێنی داوە ئاژەڵداران قەرەبوو بکاتەوە.
وەزارەتی فریاگوزاریی وڵاتەکە باس لەوە دەکات، زیاتر لە سێ هەزار و 500 خانووی کازاخستان هێشتا لە ژێر لافاودان و زیاتر لە حەوت هەزار کەس گوێزراونەتەوە بۆ پەناگەی کاتی.
چەند رۆژێکە توانەوەی بەفری زنجیرە چیاکانی ئورال لە هەرێمی سایبیریای رووسیا ئاستی ئاوی رووباری ئورالی بەرزکردووەتەوە و ئەوەش لافاوێکی گەورەی دروستکردووە.
ئاستی رووبارەکە 10 مەتر بەرزبووەتەوە و بەو هۆیەوە زیاتر لە 100 هەزار کەس لە رووسیا و کازاخستان ئاوارەبوون.
ئەوەی بووەتە هۆی توانەوەکەی بەفرەکە بریتییە لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بۆ نزیکەی 20 پلەی سیلیزی لە بەرزاییەکانی سایبیریا.
رووباری ئورال لە بەرزاییەکانی ئورالەوە لە رووسیا هەڵدەقوڵێت و بەنێو رووسیا و کازاخستاندا 2428 کیلۆمەتر دەبڕێت و دەرژێتە نێو دەریای خەزەرەوە.