نەرویج ئامادەیی خۆی بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نیشاندەدات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی نەرویج دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی ئامادەیە لەگەڵ وڵاتانی دیکە دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێت.
لە کاتی میوانداریکردنی پێدرۆ سانچێزی هاوتا ئیسپانییەکەی، یۆناس گار ستۆر، سەرۆکوەزیرانی نەرویج بە رۆژنامەڤانانی گوت، داننان بە دەوڵەتی فەلەستین پێویستی بەوەیە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ "وڵاتانی هاوبیردا" بکرێت.
ستۆر گوتی، "نەرویج ئامادەیە دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێت، بەڵام کاتێکمان دیاری نەکردووە."
تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، پەرلەمانی نەرویج پێشنیازێکی حکومەتی پەسندکرد بۆ ئەوەی حکومەتی وڵاتەکە خۆی بۆ داننان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا ئامادە بکات.
نەرویج لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، میوانداریی گفتوگۆی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینی کرد کە ئەنجامەکەی رێککەوتنی ئۆسلۆی لێکەوتەوە.
بە گوێرەی گوتەبێژی حکومەتی ئیسپانیا، بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین، سانچێز ئێستا لە گەشتێکدایە بۆ پۆڵاند، نەرویج و ئایرلاند.
سانچێز لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییە هاوبەشەکەدا قسەی کرد و باسی لەوە کرد کە ئیسپانیا "پابەندە بەوەی بە زووترین کات، هەر کە هەلومەرج گونجاو بوو، وەک وڵاتێک دان بە فەلەستیندا بنێت، بە جۆرێک کە زۆرترین کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر پڕۆسەی ئاشتی هەبێت".
22ی ئادار، ئیسپانیا لەگەڵ ئایرلاند، ماڵتا و سلۆڤینیا لە پەراوێزی لووتکەی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپادا راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوە کرد، "کاتێک هەلومەرج رەخسا،" ئامادەن دان بە فەلەستیندا بنێن.
هەفتەی رابردوو، سانچێز رایگەیاند، هیوایان وایە تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ، دان بە فەلەستیندا بنێن.
رۆژی هەینی ستۆر گوتی، دەستخۆشی لە دەستپێشخەرییەکەی سانچێز دەکات بۆ راوێژکردن بە وڵاتان لەپێناو "بەهێزکردنی هاوئاهەنگیدا."
ستۆر گوتی، "لە هەفتەکانی داهاتوودا ئەو هاوئاهەنگییە چڕتردەکەینەوە".
لەوەتەی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا چەندین جار بەهۆی قسەکانییەوە ئیسرائیلی تووڕە کردووە.