مەترسی هەیە فەرەنسا کوردێکی دیکە رادەستی تورکیا بکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

پەنابەرێکی کورد لە فەرەنسا، کە لە تورکیا سزای 15 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، دەستبەسەرکراوە و فەرەنسا دەیەوێت رادەستی تورکیای بکاتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی دوو کوردی دیکەی رادەستی تورکیا کردەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 11ـی نیسانی 2024 چالاکڤانی کورد، سەرهەد گوڵتەکین کە لە تورکیا سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرابوو، لە فەرەنسا دەستبەسەرکرا و رەوانەی ناوەندی دیپۆرتکردنەوە کرا. لەسەر داوای تورکیا گوڵتەکین رادەستی ئەو وڵاتە دەکرێتەوە.
 
ئەنجوومەنی دیموکراتی کورد لە فەرەنسا رۆژی پێنجشەممە، 11ـی نیسان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "ئەمڕۆ چالاکڤانی کورد سەرهەد گوڵتەکین رەوانەی ناوەندی دەستبەسەرکردن کرا. مەترسی رادەستکردنەوەی تورکیای لەسەرە و لەوێ رووبەڕووی ئەشکەنجەدان و چەندین ساڵ زیندانیکردن دەبێتەوە. دوای رادەستکردنەوەی محەممەد کۆپاڵ، فەرەنسا دەیەوێت لە ماوەی سێ رۆژدا کەسێکی دیکە بکاتە قوربانی". 
 
فەرەنسا گوشارەکانی لەسەر ئەو کوردانە زیاتر کردووە، کە لە تورکیا هەڵاتوون. سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان، فەرەنسا لە مانگی شوباتدا فیراز کۆرکماز و لە 9 ـی نیسانی 2024ـدا محەممەد کۆپاڵی رادەستی تورکیا کرد. هەردووکیان بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانیانەوە سزادراون و وەک پەنابەری سیاسی چووبوونە فەرەنسا.
 
سەرهەد گوڵتەکین ـی تەمەن 27 ساڵ ساڵی رابردوو داوای مافی پەنابەری لە فەرەنسا کرد. سەرەتا داواکارییەکەی رەتکرایەوە، بەڵام دووبارە داواکاری پێشکەش کرد و لە 27ـی تشرینی دووەمی 2023 ـدا پارێزگای ڤال دی مارن مافی پەنابەری پێدا. لە 27ـی کانوونی یەکەمی 2023 پارێزگای ڤال دی مارن داوای لێکرد خاکی فەرەنسا بەجێبهێڵێت بە هۆکاری ئەوەی کە داوای مافی نیشتەجێبوونی نەکردووە.
 
ئەنجوومەنی دیموکراتی کورد لە فەرەنسا لە مانگی شوباتی 2024 بۆ پێشگرتن لە رادەستکردنەوەی سەرهەد گوڵتەکین، هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی واژۆی راگەیاند.
 
ئەنجوومەنی دیموکراتی کورد لە فەرەنسا ئاماژەی بەوەدا، ئەم بڕیارە دژی یاسای کۆچ و پەنابەرییە و پێشێلکردنی مافی پەنابەرییە. هەروەها دەڵێت، ئەگەر هەیە گوڵتەکین لە تورکیا رووبەڕووی ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی خراپ ببێتەوە، بەپێی ماددەی 3ی رێککەوتننامەی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی خراپ قەدەخە دەکات، نابێت رادەست بکرێتەوە.